شەوکەت ئەفەندی هەبوو لە سولەیمانی دەرسی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  509 مشاهده

شەوکەت ئەفەندی هەبوو، لە سولەیمانی دەرسی ڕیازیاتی قوتابی ئەوت.

ڕۆژێک باسی مەیموونێکی بۆ کردن کە کەوتۆتە بیرێکەوە، بیرەکە ئاوی تیایە بە چنگەکڕێ ئەیەوێ بێتە سەر، بیرەکەش قووڵ بوو، دەقیقەیەک بە ئەندازەی گەزێک سەر ئەکەوی، بەڵام لەبەر خلیسکەی بیرەکە چارەکە گەزێک ئەچێتە دواوە. شەرحی ئەمەی بۆ ئەکردن کە لە ئەنجاما بە بیست دەقیقە ئەم مەیموونە لە بیرەکە هاتە دەرەوە، ئایا ئەم بیرە ئەبێ چەندە قووڵ بووبێ؟

لە ساڵی دواییدا هەر چەشنی دەرسی مەیموون و بیرەکە بۆ قوتابییەکانی باس ئەکرد، بەڵام ئەمجارە لە باتی ئەوە بڵێت بە بیست دەقیقە سەر ئەکەوێ، وتی: بە بیست و پێنج دەقیقە سەر ئەکەوێ. یەکێ لە قوتابییەکانی پار کە هەر لەو پۆڵەدا مابووەوە وتی: مامۆستا خۆ جەنابت پار فەرمووت بە بیست دەقیقە ئەو مەیموونە سەر ئەکەوێ و لە بیرەکە دێتە دەرەوە، چۆن ئێستا فەرمووت بە بیست پێنج و دەقیقە؟ شەوکەت ئەفەندیش بە بێ وەستان وتی: «کوڕم ئاخر مەیموونەکە ئیمساڵ پیر بووە».