ڕامز یەعقوبی بە قائیمقامیی ئەچێتە کۆی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  529 مشاهده

ڕامز یەعقووبی بە قائمقامی ئەچێتە کۆیە. پێش ئەو جەمیل ئاغا چەند ساڵێک هەر لە کۆیە قائمقام بوو. ڕامز بەگ پیاوێک بوو سەودای لەگەڵ خواردنەوەدا هەبوو، جەمیل ئاغاش لە نوێژ بەو لاوە هیچی تری نەئەزانی. ڕۆژێک ڕامز بەگ ئەچێ بۆ دیدەنی جەمیل ئاغا، لەو ماوەیەدا کە دائەنیشێ شتێکی وا دەست ناکەوێ کە بە دڵی بێ و بیخواتەوە، هەروا هەڵئەستێ.

پاش چەند ڕۆژێک ئەمجا شەوێک جەمیل ئاغا ئەچێ بۆ دیدەنی ڕامز بەگ، گەلێک دائەنیشێ و شەو درەنگ ئەبێ، ئەیەوێ نوێژەکەی عیشای بکا، هەر چەند چاو ئەگێڕێ هیچی وای بەرچاو ناکەوێ نوێژی لەسەر بکا، ناچار هەڵئەستێ و عەباکەی خۆی ڕائەخا و نوێژەکەی لەسەر ئەکا و پاشان ئەچێتەوە بۆ ماڵێ خۆیان.

بەیانی بەرماڵێکی پوختەی نایاب ئەخاتە ناو بووخچەیەکی تازەوە و ئەیدا بە پیاوەکەی خۆی بیبا بۆ ڕامز بەگ، پێی ئەڵێ بە ڕامز بەگ بڵێت جەمیل ئاغا ئەم دوگوردەی بە دیاری بۆ ناردوویت بۆ ئەوە ئەگەر جارێک یەکێکی وەکوو من بوو بە میوانت با نوێژی لەسەر بکا.

پیاوەش ئەچێ و دیارییەکە و ڕاسپێریەکە ئەگەیەنێ بە ڕامز بەگ، ڕامزبەگیش وەری ئەگرێ و بە پیاوەکە ئەڵێ تۆزێ دانیشە، خۆی ئەچێتە ژوورەوە سندووقێک پڕ ئەکا لە شەمپانیا و ویسکی و بیرە و عەرەقی زەحلاوی، ئەیهێنێ و ئەیدا بە پیاوەکە و پێی ئەڵێ: «بە جەمیل ئاغا بڵێ ڕامز ئەم سندووقە خواردنەوەیەی بە دیاری بۆ ناردوویت بۆ ئەوەی ئەگەر جارێک یەکێک وەکوو من بوو بە میوانت بۆی دانێ با بیخواتەوە».