لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییەوە ئەڵێ مام...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  616 مشاهده

لە قسەی گوێ ئاگردانی کوردییەوە، ئەڵێ:

مام ڕێوی دەرماڵی شێر، بوو بە خزمەتکار لە ماڵیانا و جارجاریش ئەگەر لە پاشماوەی شێر شێکی دەستکەوێ بیخوا، هەر لەبەر ئەم چڵکاو خواردنە بوو وا چووە ژێر ئەرکی ئەو خزمەتکارییەوە. ڕۆژێک شێر -شای دڕندەکان- پێی وت بزانم کەس دیار نییە بێت بۆ خزمەتی ئەم بارەگایە؟ مام ڕێوی وتی فەرمانی پادشا لەسەر سەرە، هەر ئێستا ئەچم ئەم بارەگایە پڕ ئەکەم لە غوڵام و نۆکەری کەمەربەستە.

چوو لە ڕێگادا لەو دەشتی زەنگاباتە تووشی ورچ بوو، پێی وت دارۆغەی وڵات دوێنێ مردووە، کوێخای زەنگابات، شای گیانلەبەران، فەرمانی داوە ئێوە شوێنی بگرنەوە. فەرموو با بچین بۆ خزمەتی. ورچە بە فیزێکەوە شوێنی کەوت و چوون بۆ خزمەتی شێر. شێر ماوەیەکە برسییە و زۆر تووڕەیە لەوە کە ماوەیەکە کەس نەهاتووە بۆ خزمەتی. هەر کە چاوی بە ورچ کەوت چەمۆڵەیەکی بۆ درێژ کرد و هەموو پێستی سەرشانی بە جارێ هێنایە خوارەوە، تا سەر کلکی دایماڵی. ئەمجا ڕێوی ڕووی تێ کرد و پێی وت:

کوێخا زەنگابات
هەڵکێشە عەبات
چەفتەی سەر شانت ئاوەڵدامەنە
ئەو لارولەنجەی هەتە دایمەنە
کوێخای زەنگابات ئەرکی گرانە
شان هەڵتەکێنە ڕێگات بزانە
تۆ لە کوێ و کوێخای زەنگابات لە کوێ؟
خۆ نەناس ئەبێ بەم جۆرەی بوێ