دیسان هەر لە قسەی گوێ ئاگردانەوە ئەڵێ...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  561 مشاهده

دیسان هەر لە قسەی گوێ ئاگردانەوە، ئەڵێ:

ڕێوییەک کەوتبووە حاڵی خۆیەوە، لە برسانا لات کەوتبوو. بە سەرەتەقێ و لۆکەلۆک کەوتە ئەو دەشتی گەرمیانەوە بۆ ئەوەی بەڵکوو شتێکی دستکەوێ، لەو ڕۆژە ڕەشە ڕزگاری ببێ. لە ناکاو تووشی گورکێک بوو، سەیری کرد گورگ لەم پەرێشانترە. گورگە دانێکی لێ ڕیچ کردەوە و پەلاماری دا، مام ڕێوی تۆزی بۆی کشایەوە و پێی وت بێ قەزا بی، چی ئەکەی؟ لە خواردنی گەڕێکی لەڕی وەکوو من چ ئاهێک ئەکەوێتە سکتەوە؟ ئەوا بە قەپاڵێک منت خوارد دواجار چی ئەکەی؟ وەرە با بچین لەو شیوە ئێسترێک کەوتووە، جەنابت لە پێشا تێری لێ بخۆ، منیش لە پاشماوەکەت ئەخۆم، تا ئەو تەواو ئەبێ، من بە پوختی قەڵەو ئەبمەوە، ئەو وەختە عافیەتم کە.

گورگە وتی باشە وا لە کوێ با بچێن. ڕێوی پێش کەوت و ڕوویان کردە چەمەکە، سەیریان کرد وا جوانوە ئێسترێکی قەڵەو لەسەر لا لێی ڕاکشاوە، هەر ئێستا عەمری داوە بە تۆ یا ساڵێ لەمەو پێشتر. مام ڕێوی بە گورگەکەی وت من لەبەر پیری و لەبەر برسێتی هێزی چاوەکانم نەماوە، بزماری ناڵی سمی ئێسترەکە ئەگەر بە لای ڕاستدا چەوت بووبێتەوە، ئەوە ئەو ئێسترە تۆپیوە، ئەگەر بەلای چەپا بێ، هێشتا تۆزێکی ماوە. جەنابت سەیرێکی بکە، بزانە بە کام لایەوە. بۆ ئەوەی ئەگەر نەتۆپیبێ با بتۆپێ و لە خواردنەکەی تا جەنابت تووش ئەزیەتی لنگەفرتیەکەی نەبی.

گورگە وتی باشە و چوو بە لای سمی ئێسترەکەوە، لەو وەختەدا کە سەیری ئەکرد لمۆزی کەوت لە سمی ئێستر و ئێستر خەبەری بۆوە، لەقەیەکی کێشا بە مێشکی گورگا، مێشکی کەوتە دەمی و گورگ لەوێ کەوت. ئێسترە ڕاپەڕی لێی دا ڕۆیشت، مام ڕێوی چووە سەر کەلاکی گورگە و پێی وت: «مردووت مرێ، تۆ کە ڕەقەم و تاریخت بۆ ناخوێنرێتەوە بۆ چ لە خۆتەوە خۆتی تێ هەڵئەقورتێنی؟». ئەمجا سەری کردە کەلاکەکەی و دەستی کرد بە خواردنی.