لە چیرۆکی گوێ ئاگردانی کوردییە ئەڵێ جار...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1408 مشاهده

لە چیرۆکی گوێ ئاگردانی کوردییە، ئەڵێ:

جارێک کیژە بچکۆلەیەک لەو دەشتە لە لای بەرغەل بوو، سەیری کرد وا شێرێکی زۆر زل کەوتۆتە ناو قەفەزێکی پۆڵایین ئەنرکێنێ و ئەزرکێنێ و ناتوانێ لە ناو قەفەزەکەدا دەرچێت. کچۆڵەکە زۆر بەزەیی پیاهاتەوە کە شێری شای گیانلەبەرانی کێوی بەو جۆرە بە زەلیلی، لە ناو ئەو قەفەزەدا کەوتووە. چوو بە لایەوە پێی وت شای گیانلەبەران! ئەگەر لەم بەندە ڕزگارت کەم چێم دەربارە ئەکەیت؟ وتی کیژە بچکۆلەکە ئەگەر ڕزگارم بکەی تا ماوم هەڵقە لەگوێی تۆ ئەبم. کچە بە هێواشی دەستی برد و دەرگای قەفەزەکەی لێ کردەوە و شێرە هاتە دەرەوە، تۆزێ خۆی کێشایەوە و ئەمجا هات بە لای کیژەکەوە و چەمۆڵەیەکی بۆ درێژ کرد، کیژە وتی ئەوە چی ئەکەی؟ شێرە وتی ئەتخۆم. کیژە وتی جا ئەمە ڕەوای هەقە من تۆم لەو بەندی دیلیەتییە ڕزگار کرد و کەچی ئێستە تۆ ئاوام تۆڵە ئەدەیتەوە؟ شێرە وتی هەق نییە، هێز لە سەروو هەقەوەیە. کیژە وتی ئەوە بە ڕاستتە؟ وتی بەڵێ بە ڕاستمە خۆ گاڵتە ناکەم. چەند ڕۆژە من بەسراومەتەوە لێرە، ئێستا برسیمە و ئەتخۆم. کچە وتی ئەی هەقەکە چی لێ هات؟ شێرە وتی پێم وتی هەق دروست نەبووە. کیژە وتی ئێستە کە هەر ئەمخۆی وەرە شتێکی تر بکەین. وتی چی بکەین؟ وتی وەرە پێکەوە بەم ڕێگەیەدا ئەڕۆین تا تووشی سێ جۆر گیانلەبەر ئەبین، لێیان ئەپرسین، ئەگەر ئەوانیش وتیان هەق نییە، ئەوا بمخۆ، ئیتر لۆمەیەکت نایەتە سەر. شێر وتی باشە.

ڕۆیشتن، لە ناکاو تووشێ کەروێشکێک بوون. شێرە بە توورەییەوە بانگی کرد کەروێشک هەق هەیە؟ کەروێشک کە سەیری دیمەن و چەمۆڵە و دانە ڕیچەکانی شێری کرد، هێزی تیا نەما و وتی: «قوربان هەق نییە». شێرە وتی بڕۆ بە ڕێی خۆتەوە. ئەو ڕۆیشت و ئەمان ماوەیەکی تر ڕۆیشتن، تووشی ئاسکێک بوون، شێرە بانگی کرد لە ئاسکەکە وتی ئەی ئاسک هەق هەیە؟ ئاسک کە سەیری گوێچکەی ڕاستەوەبوو و تووکی گرژی سەر و کەللەی شێری کرد ورەی پێ نەما وتی قوربان هەق نییە و هەر دروست نەبووە. شێرە وتی برۆ بەڕێی خۆتەوە، ئاسکەکە لێیدا ڕۆیشت و ئەمانیش کەوتنە ڕێ، زۆر نەڕۆیشتن، تووشی ڕێوییەک بوون، شێرە بانگی کرد ڕێوی هەق هەیە؟ ڕێوی وتی قوربان تێناگەم کارەسات چییە و نازانم چی بڵێم. شێرەکە وتی من لە قەفەزێکی پۆڵایین دابووم، ئەم کیژۆڵەیە بەرەڵای کردم، ئێستا ئەڵێم ئەتخۆم. ئەڵی هەق نییە بمخۆی، منیش ئەڵێم هەق هەر دروست نەبووە. وا ئەم پرسیارە ئێستا لە تۆ ئەکەم بۆ ئەوەی شەرع بکەیت.

ڕێوی وتی شای گیانلەبەرانی دارستان، فەرمایشتەکەت زۆر بەجێیە، بەڵام شەرع کردن ئەبێ هەر دوو کەسەکە چۆن بوون بەو جۆرە لەبەر دەمی قازیدا ڕاوەستن، بۆ ئەوەی قازی سەیری سەر و باڵای هەر دووکیان بکا لە کاتی تاوانا، ئەو وەختە حوکمی عادڵانەی خۆی بدا. ئێستا من نازانم قەفەزەکە چۆن بووە و ئەم کیژە چی کردووە و تۆ چیت پێ وتووە و چۆن دەستی بۆ ئەو قەفەزە درێژ کردووە؟ شێرە وتی نەچووە بچێت وەرە لەگەڵمان با بگەڕێینەوە بۆ سەر قەفەزەکە و بە چاوی خۆت دیمەنەکە ببینە. ڕێوی وتی فەرموو، باشە. هەموو بەرەو دوا گەڕانەوە، تا چوونەوە سەر قەفەزەکە، شێرەکە وتی لەم شوێنە دابووە و ئەمەش قەفەزەکەیە. ڕێوی وتی فەرموو بچۆرەوە ناو قەفەزەکە با بە چاوی خۆم کارەساتەکە ببینم، شێرەکە چۆوە ناو قەفەزەکە، ڕێوی وتی: قەفەزەکە هەروا بەرەڵا بوو؟ شێرەکە وتی نە، دەرگاکەی داخرا بوو. بە کچەکەی وت دەرگاکەی وەکوو خۆی لێ بکەوە، کچە دەستی برد دەرگاکەی دادایەوە. ئەمجا ڕێوی ڕووی کردە شێرەکە و وتی: فەرموو ئێستا چی ئەڵێی بڵێ. «هەق هەیە یان نە؟» ڕێوی وتی: «بەڵێ هەیە و دروست بووە». شێر وتی هەق نییە. ڕێوی وتی هەق هەیە و دروست بووە، هەق ئەوە بوو کە تۆ تۆڵەی ئەم کچە بە چاکە بدەیتەوە، کە چی تۆ هاتی هێزت خستە سەر هەقەوە، بەڵام هەق هەر شوێنی خۆی ئەگرێ و هەر سەر ئەکەوێ، ئەگەر بڕوا ناکەی تۆ بۆ خۆت لەوێدا هەر لە ورگی خۆت بدە.