لە ماردین کڵێسەیەکی گاورەکان هەبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  538 مشاهده

لە «ماردین» کڵێسەیەکی گاورەکان هەبوو منارە بەرزە جوانەکەی سەری بردبوو بە ئاسمانا. لە ناو منارەکە «بۆڵ» ێکی گەورە هەبوو حاجی لەقلەقێک فێرببوو ئەچوو بە سەریەوە ئەنیشتەوە و ئەو ناوەی پڕ ئەکرد لە ڕیقنە، مجەوری کڵێسەکە هەموو جارێ ئەچوو زەنگەکەی ئەشت و دەوروبەرەکەی پاک ئەکردەوە، زۆری پێ نەئەچوو دیسان حاجی لەقلەکە پیسی ئەکردەوە. مجەورەکە زۆر وەڕز بوو، لە وزەیا نەما، ئیتر پاکی کاتەوە و حاجی لەقلەقەکەشی بۆ نەئەگیرا تا چاری بکا.

ڕۆژێک چوو هەندێ گۆشتی حوشتری پەیدا کرد لەگەڵ کاسەیەک عەرقدا بردی لەسەر منارەکەوە لە تەنیشتی زەنگەکەوە داینا. حاجی لەقلەق کاتێ کە هاتەوە سەیری کرد ئاوێکی جوان و گۆشتێکی جوانی بۆ دانراوە، لە گۆشتەکەی ئەخوارد و دەنووکی ئەدا لە عەرەقەکە لەویشی ئەخواردەوە، بۆ چ لە ئەنجاما مەست نەبێ و نەکەوێتە خوارەوە. مجەورەکەیش خۆی لێ داگرتووە، هەر کەوتە خوارەوە بە دارێکەوە گەیشتە سەری و دەستی کرد بە محاکمەکردنی. پێی وت:

«من نازانم تۆ چیت و چ ئاینێکت هەیە؟ ئەگەر موسڵمانیت عەرەق ناخۆیتەوە، ئەگەر جوولەکەیت گۆشت ناخۆی، ئەگەر گاوریت و بڕوات بە ئایینی عیسا هەیە هەڵنافیڕێنی بە زەنگی کڵێسەدا، دەرکەوت کە تۆ دین سزیت و هیچ دینێکت نییە». بەدارەکەی دای لە مێشکی، مێشکی پژان و کوشتی.