لەو شارەزوورە لە ئاوایی بەکراوا پیاوێک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 10 دقیقه  668 مشاهده

لەو شارەزوورە لە ئاوایی «بەکراوا» پیاوێکی زۆر بە سامان و بە مەڕوماڵاتی لێ بوو، ناوبانگی مەڕوماڵاتەکەی ئەو ناوەی پڕ کردبوو. ئەم پیاوە وەکوو وەجاخی کوێر بوو. چرووکییەکەشی لە زۆری سامانەکەی زیاتر ناوبانگی دەرکردبوو. خوا مەرگی پشیلەی کوێری بەکراوایی ئەدا بیتوانیایە پرزۆڵەنانێکی «دۆسکە» بەکراوایی لە خەوا ببینیایە.

کاکە دۆسکە گەلێ شەو و ڕۆژ و وەرزی بەسەرا هات، هیچ نەبوو، کتوپڕ ڕۆژێک ژنە گیرخواردووەکەی بە دەستییەوە، مرخی پەڕایە سەر جەرگ و دڵ. مرخێکی وا کە دڵی بۆی ئەتوایەوە وە یا ڕاستەوڕاست بڵێین بێزووی ئەکرد بە سی و جگەرەوە. بە دۆسکەی مێردی وت پیاوەکە ئەوەی ڕاستی

بێزوو ئەکەم بە سی وجەرەوە، با گیسکێک سەربڕین تۆزێ لە سی وجگەرەکەی بخۆم، بەڵکوو خوا منداڵێکیشمان بداتێ. دۆسکە وتی ئافرەت گیسک بۆ چ سەربڕین؟ ئەم گیسکە سبەینێ ئەبێ بە «چتیر» و ئەیفرۆشین، بە پارەکەی هەزار کونی پێ ئەگرین، خوا ڕێکی بخا سبەی یا دوو سبەی ئەچم بۆ شار جەرگ و دڵێک لەوێ ئەکڕم و ئەیهێنمەوە، ئەوەندە بخۆ تا لە لووتت دێتەوە.

دۆسکە بەم جۆرە ژنەکەی خافڵان و لە دەمە دەمی پاییزا بەرەو شاری سولەیمانی بە ڕێکەوت بۆ سی و جگەر کڕین. چووە بەر دوکانی قەساب سی وجگەرێکی کۆنی چاو پێ کەوت، وتی ئەمە بە چەند؟ کابرای قەساب وتی بە دوو قڕان، ئەم وتی بە قڕانێک. کابرای قەساب بە گاڵتەوە پێی وت برا بچۆ لە کەرکووک بیکڕە بە قەرانێک.

لەم قسەیە کابرا گوێی زرنگایەوە، لەدڵی خۆیا وتی بۆ چ نەچم لە کەرکووک بیکڕم بە قەرانێک و قەرانەکەی تری هەزار کونی پێ ئەگرم. پێی لێ کرد بە پشتا بۆ کەرکووک. لە پاش چەند ڕۆژ گەیشتە کەرکووک، چووە بەر دوکانی قەساب بۆ کڕینی سی وجگەر، دانەیەکی بە قەنارەکەوە دی وتی بە چەند؟ کابرا وتی بە سێ قەران، وتی ئەوە چی ئەڵێی تۆ؟ لە سولەیمانی ئەیانوت دوو قەران. کابرای قەساب وتی جا کە واتە بچۆ بۆ مووسڵ لەوێ بە دوو مەتالیکە. کابرا لە دڵی خۆیا لێکی دایەوە ئەگەر بچێ بۆ موسڵ ئەم سی و جگەرە بە دوو مەتالیکە بکڕێ، بە دوو مەتالێک لە قەرانەکە، دوو مەتالیکەی تری بۆ ئەمێنێتەوە، هەزار کونی پێ ئەگرێ، وای بە باش زانی ڕوەو مووسڵ بە ڕێکەوێ. بە ڕێکەوت و لە پاش چەند ڕۆژی تر گەیشتە مووسڵ. چووە بەر دوکانی قەساب و مامەڵەی سی و جگەری کرد، کابرای قەساب وتی بە چوار قەران. وتی ئەوە تۆ ئەڵێی چی؟ لە کەرکووک ئەگەر کەیفم لێ بوایە بە دوو مەتالیک ئەمکڕی. کابرای قەساب وتی بچۆ بۆ حەلەب بە مەتالیکێکە بیکڕە و بچۆرەوە! کابرا قسەکەی بە دڵ بوو، وتی ئەچم لە حەڵەب ئەیکڕم و مەتالیکەکەی تری هەزار کونی پێ ئەگرم. ئەمجا حەڵەب بگرە و هاتم.

دەمەو ڕۆژاوا بوو گەیشتە ناو شاری حەڵەب و هیچ شوێنێک شک نابا ئەو شەوەی تیا ڕۆژ بکاتەوە. بە لای کۆشکێکا ڕۆیشت، پەناگەیەکی تیابوو، وتی ئیمشەو لە پەناگای ئەم کۆشکەدا ڕۆژ ئەکەمەوە و بەیانی ئەچم سی و جگەرەکە ئەکڕم و بەرەو وڵات ئەبمەوە. چوو لە بن دیوارەکەدا کزۆڵەی کرد. زۆری پێ نەچوو کوڕێکی لاوی شۆخ و شەنگ هات ڕووبەڕووی دەروازەی کۆشکەکە، لەو کاتەدا کە ویستی بچێتە ژوورەوە. چاوی بە تارماییەک کەوت لە بن دیواری کۆشکەکەدا. هات بە لای تارماییەکەوە سەیری کرد زەلامێکە کزۆڵەی کردووە، وتی: کابرا تۆ کێیت؟ وتی قوربان غەریبم تازە ڕێم کەوتۆتە ئەم شارە، شەوم بەسەرا هات، هیچ شوێنێ شک نابەم، ئەمەوێ ئیمشەو لەم بن ئەم دیوارە ستار بگرم و بەیانی بچم بە شوێن ئیشی خۆمەوە. کوڕە گەنجەکە وتی برام ئەم کۆشکە ماڵی منە، هەستە ژوورەوە، ئیمشەو مێوانی من بە و بەیانی خوات لەگەڵ. کابرا لەگەڵی چووە ژوورەوە سەیری کرد بە ڕاستی کۆشکێکی زۆر بە تفاقە. ژنێکی نازدا هات بە پیریانەوە بە دەمێکی بە پێکەنین و ڕوویەکی خۆشەوە لە کوڕەکەی پرسی، ئەو پیاوە کێیە لەگەڵتا؟ کوڕە وتی ئەمە ئیمشەو میوانمانە، ژنە ئەوەندەی تر ڕووی گەشایەوە و وتی یاخوا بەخێر بێت! کوڕەش بە پیاوەکەی وت ئەمە ژنمە. ژنە نانێکی باشی دروست کرد و هەر سێکیان نانیان خوارد. کابرا سەیری کرد هەر لەو ژوورەدا گۆڕێکیشی لێیە. ئەمە سەرنجی ڕاکێشا، ئیجگار کە سەیری ئەکرد ئەم ژن و پیاوە لە کاتی نان خواردنەکەدا سەیری گۆڕەکە ئەکەن و بزەیان لێوە دێت.

پاش نان خواردن و هەموو شتێک، ژوورێک لە تەنیشت ئەو ژوورەوە بوو، ژنەکە نوێنی بۆ کابرای میوان لە وێدا ڕاخست و کوڕەکە پێی وت کاکی خۆم ڕەنگبێ هیلاک بیت، بچۆ ئەوە لەو ژوورە نوێن ڕاخراوە، بحەسێرەوە بنوو. کابرا چوو لەسەر نوێنی خۆی ڕاکشا و هەر سێ و دووی ئەو گۆڕ و بزەیەی ئەکرد. دەلاقەیەک لە ژوورەکە دابوو هەر دوو ژوورەکەی ئەنووسان پێکەوە، دەلاقەکە ڕووی لەم بوو. زۆری پێ چوو یا نەچوو، ژن و پیاوە لایان وابوو کە ئەم خەوی لێ کەوتووە، ئەمیش لەبەر پەژارە و ماندوێتی دڵ، خەو لێی تۆرابوو، هەستی کرد ئەوا کوڕەکە دوو تێڵای هێنا و بە ژنەکەی وت: «بکوتین و بیکەین، یا بیکەین و بکوتین؟»و ژنە وتی ئارەزووی خۆتە. لەم لاوە کابرا کە چاوی بەو تێڵایانە کەوت و گوێی لەو قسەیە بوو، بە جارێ ناوکی کەوت و وتی جارێکی کە دیارە من گیان دەرنابەم، ئەمانە بە ناوی میوانییەوە، بۆیە ئیمشەو منیان هێنا و خزمەتیان کردم بمکوژن. لەبەر ئەمە لە شوێنەکەی خۆی قوت بۆوە و نەیزانی چی بکا، دەرگا و شتەش هەموو داخراوە.

ئەم لەم پەژارەیەدا بوو سەیری کرد کوڕە ڕاست بووەوە دەستێکی کردە گەردنی ژنەکە و ئاڵان بەیەکا، ئەوی کە پێویست بوو، ئارەزووی دڵیان لەیەک وەرگرت، پاش ئەوە هەستان هەر یەکە یەکێ لە تێڵاکانیان هەڵگرت و چوونە ئەم لا و ئەو لای گۆڕەکەوە و بە دار هاتن بە وێزەی گۆڕەکەدا تا شل بوون. پاش ئەوە هاتن لەم لای گۆڕەکەوە دەستیان کردە ملی یەک و نووستن.

کوڕەی مێوانی خەو بە چاو نەچوو، لەم کارەسات و بەسەرهاتە ئەوەندە واقی وڕما و ئەوەندەی تر کەوتە گێژاوی سەرسامیەوە. ئەو شەوە بە هەر جۆر بوو ڕۆژی کردەوە، بەیانی کوڕەی خانەخۆی ئەوی پێویستی خزمەت بوو، دیسان لەگەڵیان بە جێ هێنا و هاتە سەروبەری ڕۆیشتن. کابرای میوان وتی: ئەی ئەو کەسانەی کە بە خزمەتکردنەکەتان شەرمەزارتان کردم! من ئیمشەو ئێوە ئاگادار بووبن یا نەبووبن کارەساتێکی وام لە ئێوەوە چاو پێ کەوت، ئێستاش بەو نمەکەی کە لەم ماڵەدا کردوومە لەم ماڵە ناچمە دەرەوە تا بوخچەی ئەم نهێنیەم بۆ نەکەنەوە. کوڕەی خانەخۆی زەردەخەنەیەکی کرد و وتی بۆ چ تۆ ئاگات لە کارەساتی ئێمە هەبوو؟ وتی بەڵێ. وتی برام واز لەوە بێنە، تۆ ئێستە ئەم ماڵە ماڵی خۆتە، ساڵێ لە باتی سەد ساڵ دائەنیشی کەس ڕایەی ئەوەی ناکەوێ پێت بڵێ بڕۆ. کابرای میوان وتی دەرمان ڕێگا، ڕۆیشتنە، من پیاوێکی غەریبم بە ئیش هاتووم بۆ ئەم وڵاتە، هەر ئەبێ بڕۆم، بەڵام ئەبێ پێم بڵێن. کوڕەی خانەخۆی وتی کە واتە گوێ بگرە تا بۆت بگێرمەوە. وتی ئاو ئەو گۆڕە کە چاوت لێیە پیاوێکی قەسابی زۆر زۆر دەوڵەمەند و وەستای من بوو، گەلێ شوانکارە و ڕانەبێرەی هەبوو. قەسابەکانی ئەم شارە بۆ قەنارەکانیان هەموو کەلەشیان لەو وەرئەگرت، لە پارەش هەتا بڵێیت زۆری هەبوو، ئەو ژنە نازدارە کە ئێستە لەبەر چاوتە و شەوێ لەگەڵ منا بوو، ژنی ئەو بوو، لە ژن و مناڵا لەوە زیاتری نەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو سامانەدا کە هەیبوو نە خۆی تێری لە نان ئەخوارد و نە ئەو ژنە ئاهی سکی لە پێخۆر ئەشکا. کێ یارای ئەوەی هەبوو بتوانێ پێی بڵێ پوولێکی ناڕەواج بدە بە یەکێ. هەموو ئارەزوو و کۆششێکی کەوتبووە سەر ئەوە هەر ماڵ و سامان کۆ کاتەوە، ژنی بەسەزمانیش کە ئەتوت مانگە لەبەر برسێتی و بێ شتی وەکوو دەمەداسی بە لیمۆی زەرد ئاودراوی لێ هاتبوو. کە ئیشی هەر دووکیان گەیشتە ئەم شوێنە، کتوپڕ کابرا مرد، هیچ میراتگری تری نەبوو، من ژنەکەیم مارە کرد و لەسەر ماڵەکەیەوە دانیشتم، بەم جۆرە کە تۆ بینیت دەستمان کرد بە کامەرانی.

بە ڕۆژ من ئەچم بۆ بەسەرکردنەوەی ماڵ و موڵک، ئێوارە کە دێمەوە ئەم ژنە بەو جۆرە دێت بە پیرمەوە و یەکترمان لە گیانی خۆمان خۆشتر ئەوێ، پاش ئەوە کە نان ئەخۆین ئەو قسەیە کە ئەیکەین و ئەڵێین «بکوتین و بیکەین، یا بیکەین و بکوتین»، مەبەست ئەوەیە لە پێشا دڵ لە یەک وەربگرین و ئەمجا بکەوینە کوتانی ئەو گۆڕە کە هی قەسابی وەستای من و کۆنە مێردی ئەوە وە یا لە پێشا ئەو بکوتینەوە و پاشان ئێمە بە دڵی یەک بگەین. قەبرەکە ئەکوتین ئەڵێین ئەوە دەردت بێ، ماڵی خۆنەخۆر بۆ چەکمەبۆرە، تۆ ماڵی خۆتت نەخوارد یەکێکی تر ئەیخوا، هەر لەبەر چاوی ئەوەوە لەگەڵ ژنەکەیا ئەئاڵێین بەیەکا، ئەڵێین بە کوێرایی چاوت، بۆ خۆت سەیری ئەم ئاهەنگەی ئێمە بکە. ئێستا ئێمە لەسەر ئەو سامانەی ئەو کە لە کاتی خۆیا هیچی لێ نەخوارد، ئەوی شایانی ژیانێکی شاهانی بێ، ڕایئەبوێرین و چۆن دڵمان بیەوێ وا ئەکەین. ئەمە بوو بە سەرگوزەشتی ئێمە.

کابرای میوان لە پاش بیستنی ئەم قسە و بەسەرهاتە تاسێک بردیەوە و کەوتە عالەمێکی ترەوە. هەر هەستا ماڵاوایی کرد و وتی زۆر سوپاستان ئەکەم. هاتە بازاڕ ماینێکی کەحیلەی کڕی، سواری بوو بە چوارناڵەوە بەرەو بەکراوا بووەوە. بە چەند ڕۆژێکی زۆر کەم گەیشتەوە ماڵەوە، هەر لە دوورەوە بانگی کرد ئافرەت ئا ئەو مەڕە پەرەکە بدەن بە زەویدا و سەریبڕن. ژنەکەی لە بیستنی ئەم قسەیە هەروا حەپەسا، چونکە ئەمە دۆسکە نییە قسەی وا بکا. دۆسکە وتی ئافرەت بۆ ڕاماوی نان و خوانێکی باش دروست کە تا دێمەوە.

دانەبەزی چوو بۆ ناو ڕان، بڕە مەڕێکی لادا و دای بە یەکێ لە شوانەکان، وتی هەر بە خێرا بیانبە بۆ شار بیانفرۆشە، پارەکەی بدە بە جلوبەرگ و نوقڵ و نەبات، هەر زۆر زوو وەرەوە. شوانەش دیسان هەر حەپەسا. ئەمجا هاتەوە بۆ ماڵەوە و دابەزی وتی ئافرەت دەوارێک هەڵدەن ئەم دەوارە ئەبێ ببێ بە دیواخان، نابێ هیچ ژەمێک تا من ماوم بێ میوان بێت، تۆش تا ماویت دڵت چی ئەوێ، بێ دڵی خۆت مەکە، ماڵ و سامان زۆرە. ژنە وتی: پیاوە چی قەوماوە من بۆ سی وجگەرە گەنیوێک ئەچووم بە ئاسمانا، ئێستە چییە؟ وتی ژنە دەنگ مەکە «تۆ گێ و من کوت پەیدا بووە» نە تۆ ئەدەم بە قسپا و نە خۆم ئەدەم بە لێ دان، قەمتەری شەیتان لە دەمما بوو، ئەوا ئێستە دەرهات و خوا دەرووی لە هەر دووکمان کردەوە. چی بەسەرهات لە ئەم شار و ئەو شاری بە شوێن سی وجگەرەوە و لە چاوپێکەوتنی کارەساتی تازە مێردی کۆنەژنی قەسابەوە و لە دارکاریکردنی قەبری ڕەق و تەقی کابرای ماڵ خۆنەخۆرەوە، هەمووی بۆ گێڕایەوە و وتی: با ئێمە وامان بەسەرنەی، تا ماوین خۆمان بیخۆین.