فارساغا هەبوو خەڵکی سولەیمانی بوو بۆی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  541 مشاهده

فارس ئاغا هەبوو خەڵکی سولەیمانی بوو، بۆی گێڕامەوە وتی:

لە پێش شەهید کردنی شێخ سەعید لە ١٩٠٩ لە مووسڵ، هەر لەگەڵ شێخ مەحموودی مەلک بووم .هەموو جۆرە چەوسانەوەیەکی شەڕم چاو پێکەوت، چ لە پیران و نژمار، چ لە تەلان و جاسەنە. وتی: لە ١٩١٨ لە سنە بووم، یەکەم فڕۆکەیەک کە هاتە ئەو شارە یەکەم جار بوو من و ئەوانیش چاومان پێ بکەوێ، هەموو خەڵکی سنە بە هۆی دەنگە دەنگ و گرمەگرمەکەیەوە کردیانە سەر بانەکانا و سەیری ئاسمانیان ئەکرد، چونکە گرمەگرمەکە لەوێوە ئەهات، هیچیشیان بەرچاو نەئەکەوت، هەر ئەوەندە بوو ئەیانوت ئەوە تەیارە و باڵۆنە هاتووە، لە ئەنجاما چاوتیژەکان شتێکیان بەسەر «ئاویەر» ەوە، چاو پێ کەوت، کە دەنگەکە لەوەوە ئەهات، ئەوەندە بەرز بوو بە عاستەم بەدی ئەکرا. ئەوانەی کە چاویان پێ کەوتبوو پیشانی ئەوانی تریان ئەدا، ئەیانوت: ها ئەوەسە وەکوو داڵ تێت و ئەچێ، تواشاکە تواشاکە چۆن باڵەکانی لار ئەکاتەوە، هەر ئەیژی داڵە. خەڵکەکەی تریش ئەیانوت کوا خۆ دیار نییە، ئەوانیش ئەیانوت: ئەوە نییە دووکەڵ لە جووچکەکەیەوە دەرئەچێ، ئەیژی مارێکی ڕەشە و بە ئاسمانا کێشیاگە. وتی: منیش لە ئاخرا چاوم پێ کەوت، لە ڕاستیدا ئەوەندە بەرز بوو هەر بە ئەندازەی قەلەڕەشێک ئەهاتە بەرچاو.

وتی: لە ١٩٢٢یش بەدواوە، کە لە ئەشکەوتی حاسەنە بووین کاتێ کە تەیارە ئەهات بەسەر ئاواییەکانا هەر سەگ بوو ئەیقرووقان و خۆی ئەشاردەوە، پشیلە باریک ئەبووەوە ئەچووە ناو کادان و شتەوە، مریشک و کەڵەشێر هەڕایان ئەکردەوە و بۆ کولانەکەی خۆیان، باڵندە و چوولەکە لەسەر دارەکان بە یەکا ئەهاتن، نەیان ئەزانی لە ترسا ڕوو بکەنە کوێ. خۆ گاوگۆتەڵ و مەڕوماڵات خوا ئەیزانی چۆن ئەڕەوینەوە، ئێستر و وڵاغی بەرزە هەر یەکە بە لایێکدا هەڵئەهاتن.