وەکوو وترا شاری سولەیمانی ڕابواردنی سەیر...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  956 مشاهده

وەکوو وترا شاری سولەیمانی ڕابواردنی سەیر سەیری تێدا بووە. خانەقای مەحوی بە حەوز و باخەکەیەوە، بە شۆخ و شەنگیی لە مەلا ئەسعەد بەو لاوە، بەو تەبیعەتی ڕابواردن و دڵتەڕیە کە لەو خانەقایەدا بووە، سەردەمی ڕۆژێک لە ڕۆژانی ڕابواردوو دێنێتەوە بیر.

هەر شێخ محەمەدی شێخ جەلال گێڕایەوە وتی:

لە زەمانی مەلا خالدا لە خانەقا، لە لێواری حەوزەکەوە بەڕ و شتە ڕائەخرێ و دائەنیشن. لەو بەری حەوزەکەشەوە سەماوەر تێخراوە و چا سازکراوە، ئێستکانە چا ئەخەنە سەر سینی پاڵی پێوە ئەنێ بەسەر ئاوەکەدا دیت بۆ ئەم بەر بۆ لای مەلاکان. کتوپڕ لەو کاتەدا کە سینییەکە بەسەر ئاوەکەیەوە مارێک لەناو حەوزەکە سەر دێنێتە دەرەوە. شێخ بابە عەلی ئەڵی: ئای بریا لەم وەختەدا مشکێک هەبووایە بمانخستایەتە ناو ئەم حەوزە بمانزانیایە لەگەڵ ئەم مارەدا چی ئەکەن؟

مەلا زوبەیری باوکی مەلا ساڵحیش لەوێ ئەبێ -کە ئەم مەلا زوبەیرە باپیری ئەم مەلا قادری بانگبێژی ئێستەی خانەقای حاجی مەلا عەلی بووە و منی لێ بووبوو بە خدری زیندە- دەست ئەبا قوتووە جگەرەکەی دەردێنێ و ئەڵێ: دەسا قوربان من هەموو وەختێ مشکێکی ئیحتیاتم پێیە. قوتوو ئەکاتەوە مشک فرتە ئەکا و ئەکەوێتە سەر ئاوەکە. ئەمجا مار و مشک لەو ناو ئاوەدا ئەیکەن بە شڵپ و هوڕ و سینی و ئیستکان و چا بەو ناوەدا بڵاوەی لێ ئەکەن و ئەبێ بە سەیر.