لە سەردمی خۆیا لە سولەیمانی جۆرە ڕابوارد...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  812 مشاهده

لە سەردمی خۆیا لە سولەیمانی جۆرە ڕابواردنێک هەبووە، یەکێک لەوانە بووە کە دەستە دەستە و بەرە بەرە سەیرانیان ڕێکخستووە و چوون بۆ سەیران. یەکێک لەوانە سەیرانی «شەوکێڵ» بووە کە ئەچوون هەموو تفاقێکیان ئەبرد و شەو لەوێ ئەمانەوە.

شێخ محەمەدی شێخ جەلال گێڕایەوە وتی:

جارێک توجارەکانی سولەیمانی لە بەهارا کۆ ئەبنەوە، بنەوبارگە ڕێ ئەخەن و ئەچن بۆ پیری شەوکێڵ. مەلا حەمەمینە شێتە هەبوو، ئەویش لەگەڵ خۆیان ئەبەن، «پیری شەوکێڵ» یش دوورە بە شارەوە. ماکەرێک دێنن مەلا حەمەمین سوار ماکەرەکە ئەکەن، پێی ئەڵێن تۆ بە پێیان ناگەیتە سەر پیری شەوکێڵ، سواری ئەم گوێدرێژە بە، مەنجەڵێ ماستیش دێنن ئەڵێن ئەم مەنجەڵە ماستەش لە بەردەمی خۆتا دانێ، دەستی پێوە بگرە، وریا بە نەڕژێ؟ جارجار لە دواوە سووکە نەقیزەیەک بە کەرەکەوە ئەژەنن، کەر هەڵئەتیزێنێ لەوانەیە مەلا حەمەمین داکەوێ. پێی ئەڵین مەلا حەمەمین بەم جۆرە تۆ ناگەیتە پیری شەوکێڵ، ئەترسین داکەوی و مەنجەڵە ماستەکەش بڕژێ، چاک وایە داتبەستین بەسەر کەرەکەوە، مەلا حەمەمینیش ئەڵێ باشە. ئەمجا گوریسێک دێنن شەتەکی ئەدەن بە سەر کەرەکەوە، بە جۆرێک ئەگەر کەر خۆیشی بگەوزێنێتەوە مەلا حەمەمین هەر دانەکەوێ.

ماوەیەکی باش ئەڕۆن و نزیکە و هەوراز ئەبنەوە، مەلا حەمەمینش بە سواری کەرەکەیەوە لە پێشەوەیە، ئەمجا دێنن نێرەکەرێکی ڕووتی تۆڕی بەهار ئەخەنە دوای ماکەرەکەی، لەمەڕ مەلا حەمەمین. نێرەکەر کە چاوی بە کەفەڵ و بن کلکی ماکەر ئەکەوێ، بۆنێکی پێوە ئەکا، حەیتەکەی یەرەق ئەبێ و بە بێ پەردە ئەپەڕێتە سەر ماکەر و لمۆزی توند ئەکا لەناو شانی مەلا حەمەمین. مەلا حەمەمینیش بەسراوەتەوە ناتوانێ جووڵە بکا، دەست ئەکا بە جنێودان و ئەڵێ ئەم نێرەکەرە سەگبابە دوور خەنەوە، لەبەر زەڕەزەڕی نێرەکەر کەس گوێ بە قسەی مەلا حەمەمین نادا، نێرەکەریش لەبەر ئەوق و زەوق ڕێگای لێ تێک ئەچێ و وەکوو تێڵا هەموو جار ئەیدا لە بن ڕان و پشتی مەلا حەمەمین. مەلا حەمەمینش ناوێرێ دەست لە مەنجەڵە ماستەکە بەردا، لای وایە ئەگەر دەستی لێ بەردا و ماست بڕژێ، خوا غەزەبی لێ ئەگرێ.

ئەمجا بە هەموو دەنگیەوە بانگ ئەکا: سەگبابینە بێن کێری ئەم نێرەکەرە بگرن با لە نوێژم نەبات.