هەر شێخ محەمەد گێڕایەوە وتی جارێک مەلا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  950 مشاهده

هەر شێخ محەمەد گێڕایەوە وتی:

جارێک مەلا شەریفی سەعاتچی بۆ نانخواردنی ئێوارە بانگی مەلا حەمەمینە شێتە ئاکا و پێکەوە نوێژی شێوان ئەبەنە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵ. جەماعەت هەموو لەو نوێژ و ورد و شتە ئەبنەوە، مەلا حەمەمین هەر لێ نابێتەوە. حاجی مەلا شەریف ئەڵێ: مەلا حەمەمین خێرا کە با بچینەوە. ئەڵێ مەلا حەمەمین هەستە با برۆین، ئەڵێ: سەبرکە جارێ پەلە مەکە. لە پاش بەینیکی تر حاجی مەلا شەریف دیسان ئەڵێ: مەلا حەمەمین چیت کرد؟ هەستە با برۆین درەنگە. مەلا حەمەمین ئەڵێ: «قوربان سەگبابەکە جارێ».

لە ئەنجاما بەهەر جۆرێ بێ مەلا حەمەمین لە نوێژ و ئەوراد ئەبێتەوە و هەڵئەستێ و لەگەڵی ئەچنەوە بۆ مالەوە.

کە ئەچنەوە بۆ ماڵەوە، حاجی مەلا شەریف لێ ئەپرسێ: مەلا حەمەمین! قوربانەکە یانێ چی و سەگبابەکە یانێ چی؟ ئەڵێ: «قوربان! سەگبابەکە بۆ ئەوە کە وا وازم لێ بێنیت و کەم هەڵسە هەڵسەم لێ بکەیت. قوربانەکەش بۆ ئاشتیی دوایی، بۆ ئەوەی لە ڕووم هەڵبێت لەگەڵت بێمەوە».