کوڕێک هەبوو لەو بەر کێوە گەورە ببوو دەرو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  662 مشاهده

کوڕێک هەبوو لەو بەر کێوە گەورە بووبوو. دەرودراوسێ بە دایک و باوکەکەیان ئەوت: بەسە ژنێکی بۆ بێنن و بۆی دانێن با ئیتر ئەوەندە قوتەقوت نەکا. کوڕیش گوێی لەو قسانە ئەبوو. لە ئەنجاما کچێکیان بۆ دیەوە و بۆیان هێنا، شایی کرا و بۆیان کردە پەردەوە و کوڕیان کردە ژوورەوە. خەڵک بەتەمان کوڕ ببێ بە زاوا و بێتە دەرەوە، کوڕ دیار نەبوو تا بەیانی، بەیانی هاتە دەرەوە هیچ قسەیەکی نەکرد، کەسوکارەکەش هیچ دەنگیان لەگەڵ نەکرد. هەتا شەوی دواییش هەر وەکوو شەوی پێشوو وابوو، هیچ دەنگ نەبوو، لە پاشا دایکەکەی چوو بە لایەوە، وتی: کوڕم ئەوە بۆ چ هیچ دەنگت نییە؟ کوڕە وتی: دەنگی چیم بێ؟ ئەوە نییە دەنگم لێوە دێت و قسەی ئەکەم. وتی: کوڕم ئەوە ناڵێم، ئەڵێم بۆ چ نابیت بە زاوا؟ ئەڵێ بۆ چ نەبووم؟ ئەڵێ کوا؟ ئەڵێ: ئەوە نییە ژنەکەتان هێناوە و داتانناوە. دایکیشی ئەڵێ ئەی دامانناوە، ئاخر ئەبێ بچی بە لایەوە. کوڕەش ئەڵێ ئەی هەموو جار ئێوە نەتانئەوت ژنێکی بۆ بێنن و بۆی دانێن. ئەوا داتانناوە، ئیتر چی؟ هەموو دەم سەیری ئەکەم دانیشتووە.

دایکەکە سەیری کرد ئەمانە هیچی کەڵک ناگرێ، کە شەو داهات پەلی کوڕەکەی گرت، بردیە لای بووکەکەوە. دەعبای کوڕەکەی گرت و خستیە سەر دوابڕاوی کچەکە، وتی ئەوە بکە بەوەدا و خۆی هاتە دەرەوە. کوڕە لە پاشا ئەوەی کرد بەوەدا، سەیری کرد خوێن پەیدا بوو، هەر هەستا دەرپێیەکەی دا بە شانیا، گاڕامێک دانرابوو پەلاماری گاڕامی دا و بە هەڵەداوان هات بۆ لای دایکی و دەستیکرد بە جنێودان و گاڕمی بۆ بەرزکردەوە و وتی: «دەوێت باوک هەر ئێستە ئەتکوژم کچی خەڵکی بۆ خۆی دانیشتبوو، تۆ هاتی وتت ئەوە بکە بەوەدا، منیش وام کرد، ئێستە کچ خەڵتانی خوێن بووگە، تۆ بوویت وە سەوەوی ئەو قەتڵە، هەر ئێستە تێن ئەمکوژن، تا نەیانکوشتگم با من تۆ بکوژم وا ئەم خوێنە ناهەقەت کرد وە ڕیشمەوە». دایکی زانی کوڕەکەی بوو بە زاوا، هەڕای کرد بۆ لای بووکێ و خەڵکیش کوڕەکەیان گرت، لە پاشان تێیان گەیاند کە ئەوە هیچ نییە و شێوەی کوڕ بە زاوابوون و ژن هێنان ئاوایە.