دیسان جارێکی کە هەر ئەم شێخ بابەعەلیە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  811 مشاهده

دیسان جارێکی کە هەر ئەم شێخ بابەعەلیە ئەچێ بۆ دیدەنی سەید ئەحمەد لە کەرکووک. کە ئەچێتە خانەقا ئیشی ئاودەستی ئەبێ، ئاودەستەکان بە تەنیشت یەکەوە بوون، دیواری بەینەکانیان ڕووخابوو، زەلام کە دابنیشتایە وەکوو لە دەشتا دابنیشتایە وابوو.

بابە عەلی ئەچێتە سەر ئاودەستێک، زۆری پێناچێ زەلامێک دێتە ئاودەستەکەی تەنیشتیەوە، بەڵام بەتەواوی لە یەک دیارن، شێخ بابەعەلی دەست ئەبا قوتوی جگەرەکەیەک دەردێنێ و جگەرەیەک ئەدا بە کابرای تەنیشتی و پێی ئەڵێ: «بەخێر بێی!». ئەمان لەمەدا ئەبن یەکێکی تریش دێ لەو لایوە دائەنیشێ، جگەرەیەکیش ئەدا بەو و بەخێر هاتنی ئەویش ئەکا. کابراکان واقیان وڕ ئەمێنێ، ئەڵێ: «برا بۆ چ واقتان وڕ ئەمێنێ؟ یەکێ لە دیوەخان سەید ئەحمەدا دابنیشێ، ئەبێ جگەرەش بکێشێ و قسەش بکا، خۆ لەسەر قەبران دانەنیشتووین». ئیتر لەو ناوەدا ئەبێ بە هیلکە هیلک و فڕت و هۆڕ، خەبەر ئەگا بە سەید، سەید ئەحمەد، ئەڵێ: «ئەم بەزمە ئەبێ بەزمی بابە عەلی بێ، ئەڵێ گورج عابخانەکان چاک بکەنەوە تا بابە عەلی دیوەخانێکی تری بۆ ڕانەکێشاوین و دێرەکێکی تری نەداوەتە ژێر».