شێخ مەحموودی شێخ سەعید مەلیک بوو لە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  679 مشاهده

شێخ مەحموودی شێخ سەعید، مەلیک بوو لە سولەیمانی، شێخ عەڵیەک هەبوو پێیان ئەوت «شێخەلیە پەڕۆ» لە مزگەوتی مەلا ئەمینی مام ڕۆستەم بوو، ئەویش بەناوی شێخایەتیەوە جار جار ئەکەوتە قسە. شەوێک شێخ مەحموو چەند کەسێکی لەگەڵا ئەبێ ئەچێتە مزگەوتەکە، زەلامەکان لەگەڵ ئەهلی جەماعەتەکە لەسەر سەکۆی مزگەوتەکە ئەبن، شێخ خۆی ئەچێتە ژوورەکەی شێخەلی، کام لات ئێشێ شڵپ و کوت دایئەگرێ، ئەوەندەی لێ ئەدا نیوەمەرگی ئەکا و سەریشی ئەشکێنێ. لە پاشا کە ئەو ئەڕوا شێخەلی دێتە دەرەوە، خوێنەکە ئەشواتەوە. ئەهلی جەماعەتەکە پێئ ئەڵێن: یا شێخ ئەوە مەلیک لە ژوورەوە بوو ئەو شڵپ و کوتە چی بوو؟ ئەویش ئەڵێ: «شێخ بێ قەزا بێ لێم ناگەڕێ خەریکی گاڵتە و چنگە پرچێ بووین، ئەوەتە ئاخری سەریشم شکا، پێم وت ئیتر جارێکی تر من بێت و گاڵتە لەگەڵ تۆ ناکەم، ئیتر مەیەرەوە».