پیاوێکی کورد لەو سەرە منداڵە کوردێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  647 مشاهده

پیاوێکی کورد لەو سەرە منداڵە کوردێکی ڕاگرت لۆ ئەوەی لە ماڵا ئیش و فرمانیان بۆ بکا. شەوێک پیاوەکە چوو بۆ ماڵ ئاشنایەکی، بە کوڕەکەی وت فانۆزەکەم بۆ هەڵگرە، ئەویش فانۆزەکەی هەڵگرت، بەڵام لەد وای ئاغایەوە ئەڕۆیشت. ئاغا پێی وت: پێشکەوە. کوڕەکە وتی: قوربان ڕایەم ناکەوێ پێشکەوم. ئاغا وتی: ئەگەر پێش نەکەوی ڕووناک نابێ. خزمەتکارەکە وتی: ئاخر بۆ من بێ عەدەبییە پێش ئاغای خۆم کەوم. ئەویش وتی: ڕۆڵە مادام چرات بە دەستەوەیە ئەبێ پێشکەوی، خزمەتکاری خەڵکیش کە چرا ئەگرن بە دەستەوە لە پێش ئاغایانەوە ئەڕۆن. ئەمجا خزمەتکار ئیتر پێشکەوت.

بەیانی ئاغا وتی: ڕۆڵە ئەو سەبەتەیە هەڵگرە بچین بۆ بازاڕ هەندێ گۆشت و شت بکڕین. کوڕەکە سەبەتەکەی هەڵگرت و کەوتە پێش ئاغایەوە. ئاغا نەوی لە قۆڵی و وتی: هەتیو پێش مەکەوە، ئەبێ لە دواوە بڕۆی. هەتیو وتی: ئەی شەوێ بۆ چ وتت لە پێشەوە بڕۆ؟ وتی: ئاخر شەوێ وابوو ئێستە وایە. کوڕە هەر سەبەتەکەی دانا و وتی: «ئاغا بە دوعا، پاشکەوە و پێشکەوە بە من ناکرێ» و لێی دا ڕۆیشت.