کابرایەکی هەبوو خەڵکی ئەو شارەزوورەی دەش...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  653 مشاهده

کابرایەکی هەبوو خەڵکی ئەو شارەزوورەی دەشتی «موان»ە بوو، لەگەڵ مەلا و فەقێدا زۆر دانیشتبوو، هەموو جارێ گوێی لێ بوو کە مەلا سوڕەتی «والتین و الزیتون»ی ئەخوێند و پێی خۆش بوو، ڕۆژێک ئەپرسێ لە مەلا و ئەڵێ: مامۆستا ئەوە والتین و الزیتون یانێ جی؟ ئەویش ئەڵێ: برا ئەوە خوا سوێنی بەو دووانە خواردووە «تین» یانی هەنجیر و «زیتون»یش زەیتوونە.

ئەم کابرایە ئەمە ئەگرێتە دڵ و جارێک ڕێی ئەکەوێتە ڕێژاو هەنجیری بۆ دێنن، ئەیخوا، سەیر ئەکا زۆر خۆشە، ئەڵێ: «بیم وە ساقەت بینایی چاوان، خاست لێ زانیگە وا سوێندت پی خواردگە». ماویەکی تری پێئەچێ لەو خوارە تووشی دارێک ئەبێ بەرێکی سەوزی خڕی پێوەیە، ئەپرسێ ئەمە چییە؟ پێی ئەڵێن زەیتوونە. زۆر بە ئارەزووەوە پەلاماری ئەدا چەند دەنکێک لە دارەکە ئەکاتەوە و ئەیخاتە دەمی. ئەو زەیتوونە دیارە هێشتا کاڵ و کرچ و نەگەیشتووە، سەیر ئەکا تاڵ و تفت و تیژە، لەوانەیە دەمی هەلا هەلا ببێ. ئەیتفێنێتەوە و ئەڵێ: ئەرێ بینایی چاوان!.. ئەوە لێت نەخواردگە وا سوێندت پی خواردگە؟(ئەم ڕستەی دوایی، نووسەری پێشوو پێی زیاد کردووە و لە یەک دوو جێگای تریش بابەتی لەو شێوە ڕوویداوە، بەڵام بە هۆی ئەوەی لەوە دەچێت کە نووسەر باش ئاگادر بووبێ و مانای بابەتەکەی تێک نەداوە و تەنانەت تەواوی کردووە، هەر بۆیە، من وەکوو یەکەم کەس کە پێی داچوومەوە، ڕەشم نەکردۆتەوە.)