سەردەمێک لەو وڵاتی گەرمیانە کورد و کارە...
سەردەمێک لەو وڵاتی گەرمیانە کورد و کارە ئەچوون بۆ دزی. خاوەن ماڵ دزەکانی ئەناسی و ئەچوو شکاتی لێ ئەکردن، یا لە لای شەرع یا لە لای حاکم شەرع. دزی ڕائەکێشایە مەیدان و سوێندی ئەدان، ئەوانیش سوێندیان نەئەخوارد و ماڵەکەیان ئەدایە دواوە، ئەو عەزیەتەیان بە هیچ دەرئەچوو! مەلا تەقی هەبوو لەو دەشتی گەرمیانە، پەنایان ئەبردە ئەو چارێکیان بکا بۆ ئەوەی ئەگەر جارێکی تر کە دزییان کرد بتوانن بیخۆن.
ئەمجا مەلا تەقی هینای کابرای دزی لە پاش دزیکردنەکە خستە بێشکەیەکەوە و بە دەسترازە شەتەکی ئەدا و تۆزێ ڕایئەژەند و پاشان کردیەوە و ئەیوت: لە بێشکەکە وەرە دەرەوە. فێری ئەکرد ئەیوت، کە بردتیان بۆ لای قازی سوێند بخۆ بڵێ: لەو ڕۆژەوە پێم لە بێشکە کەوتۆتە خوارەوە، ئیتر نەخراومەتەوە بێشکە، من دزیم نەکردووە. ئەویش کە ئەیانبرد بۆ لای شەرع بەو جۆرە سوێندی ئەخوارد و شەرعیش بەرەڵای ئەکرد، لای وابوو بێشکەی منداڵییەتی و ئەمیش سوێندەکەی نەئەکەوت.
هەروەها فێری ئەکرد لە کاتێکا کە ئەیبەن بۆ لای حاکم و سوێندی ئەوەی ئەدەن کە ئەو ماڵەی نەدزیوە، بۆقی، چۆلەکەیێ، گیاندارێکی وا بخاتە باخەڵیەوە لەژێر کەوا و کراسەکەیەوە بە جۆرێک کە دیار نەبێ، لە کاتی سوێند خواردنا دەست بدا بە سەر سینگیا -ئەو بۆقەکەش لەژێر دەستیایە- بڵێ: بەم قورعانە ئەم نەفسە بێت و ئاگای لەو دزییە نییە. ئەویش وای ئەکرد و بۆ خۆی بەرەڵایان ئەکرد، نەفسەکەش چی بوو، بۆقەکە بوو، دیارە ئەو بۆقە ئاگای لەو دزییە نییە.