ساڵی ١٩٥٩ چەبیرەی مامۆستا کوردەکان بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  714 مشاهده

ساڵی ١٩٥٩ «چەبیرە»ی مامۆستا کوردەکان بوو لە شەقڵاوە. هەر چی مامۆستای کورد هەبوو لەوێ کۆببوونەوە، قسەیان لە کاروباری خوێندنی زمانی کوردییەوە ئەکرد لە قوتابخانەکانا.

شەقڵاوە هاوینەهەوارە، زۆر کەس ڕووی تێئەکرد، حەمەرەشید بەگی کۆکز لەگەڵ شێخ «عومەری دەکە» بە ناوی ڕابواردن لە هاوینەهەوارداو ئەوانیش چووبوون بۆ ئەوێ، جێگا دەست نەئەکەوت. مام ڕەسوو کاکۆ هەبوو، چاخانەیەکی هەبوو لە دۆڵەکەداو هەم چاخانە بوو، هەم نوێنیشی هەبوو، خەڵک لێی ئەنووستن، حەمەرڕەشید بەگ و ئەوان ئەچنە ئەوێ، مام ڕەسوویش پیاوێک بوو، وەزیرێک و گزیرێکی بە لاوە وەکوو یەک وابوو. کێ پارەی چای بە پوختی بدابوایە، ئەوەی بە لاوە لە هەموو کەس پیاوتر بوو، لەهەمان کاتا وەکوو ساویلکە بوو تووڕەش بوو. حەمەرەشید بەگ سەری خستە سەری، بەڵام پارەی چایشی ئەدایە. پێی وت: مام ڕەسوو من بەگزادەی جافم، گوندەکانم هەموو لەم سەردەمەدا بە چەپڵە داگیریان کردووە و لە دەستیان سەندم. مام ڕەسوویش ئەڵێ: جا ئێستا ئەتەوێ چ بکەی؟ ئەویش ئەڵێ: وەڵڵا هەر لە هاتۆچۆدام بۆ ئەوەی وەریان بگرمەوە. ئەویش ئەڵێ: کو وەریان دەگریتەوە؟ ئەمە سەردەمی جمهوورییە. ئەویش ئەڵێ: دەسا هەزار جمهووریش بێ، هەر ئەبێ وەریان بگرمەوە، وەریان ئەگرمەوە لەداخی جمهووری و بە کوێرایی چاوی تۆ. مام ڕەسوو ئیتر تووڕە ئەبێ و ئەڵێ: «هەڕۆ، دە هەڕۆ هەر لۆ خۆت غارغارێنێ کە، بزانم چت پێدەکرێ؟»