ئەحمەدی برا حەمە بۆی گێڕاومەوە وتی ئەوا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٥)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  866 مشاهده

ئەحمەدی برا حەمە بۆی گێڕامەوە وتی:

ئەوا لەو ناوچەی خۆمانەدا دنیا پەل پەل بووەتەوە و هەر کەسە لە ئاوازێک لێ ئەدا، خەڵکی بەرە بەرە بووەتەوە، هەر بەرەیەک و بیروباوەڕێکی هەیە. زەمان حزب و حزب کاریە. وتی لە کۆڕێکا بووین، کۆڕەکە هەریەکە وەکوو تەڵی کەمان لە ئاوازێکی لێ ئەدا. ئێمە لەو دەمە قڕە و مشتومڕەدا بووین سەیرمان کرد کابرایەکی کوردی گالۆک بەدەست قەفی گالۆکەکەی خستبووە مەچەکیەوە، هات و لە تەنیشتمانەوە دانیشت، ئێمە هەر لە دەمەقڕەی بەر و بەرایەتی خۆمانا بووین، ئەویش وا بە سۆز سەری شۆڕ کردۆتەوە بە خۆیا و گوێ لە قسەکانمان ئەگرێ. پاشان ڕوویان تێکرد و وتیان برا: تۆ لەم ڕووەوە بۆ چ قسەیەک ناکەی؟ وتی: برا قسەی چی بکەم؟ قسەی من لەسەر ئەم دەمەقڕە و مشتومڕەی ئێوە وەکوو قسەی ژنەکەیە لەگەڵ کوڕەکەیا. وتیان: ئەو قسەیە چۆن بووە و چییە؟ وتی:

لەو وڵاتی ئێمەیە ژنێک هەبوو، دوو مێردی کردبوو، هەر دووکیان مردبوون. مێردی سێیەمی کرد، لەم مێردەی کوڕێکی بوو، ئەم مێردەشی مرد. ئیتر مێردی نەکردەوە، دانیشت بە لای کوڕەکەیەوە گەورەی کرد و کوڕە بوو بە پیاو، کوڕەکەی ئەیزانی دایکی پێش باوکە جوانەمەرگەکەی ئەم، دوو مێردی تری کردووە، ڕۆژێک هەروا دانیشتبوون دووبەدوو، کوڕەکە لێی پرسی: تۆخوا دایە لەو سێ مێردە کامیانت زیاتر بە دڵ بوو؟ دایکی هیچ دەنگی نەکرد. کوڕەکە لێی پرسییەوە. وتی ڕۆڵە واز بێنە، لەسەر شتی وا مەڕۆ، کوڕەکە هەر وازی نەهینا. دایکەکە کە زانی هەر واز ناهێنێ، وتی: «ڕۆڵە گوو بە گۆڕی هەر سێکیان». کوڕە واقی وڕما و وتی دایە بۆ چی؟ وتی: «ڕۆڵە هەر کامیان ئەهاتن ئەوەندە ڵنگیان ئەگرتم بە شانەوە و بەرزیان ئەکردەوە لەوانە بوو هەر دوو گونیشیان تێخەن، لە هیچیان من خێرم نەدی».

ئەمەیە قسەی من، دەمە قڕەی لەسەر ئەم دەمەقڕەی ئێوە.