پەرێشانە هەناوم

از کتاب:
دیوانی کانی
اثر:
عبدالجبار آقای دوغرمه‌چی (1897-1957)
 2 دقیقه  1088 مشاهده
دایم بەغەم و دەرد و پەرێشانە هەناوم
شەو تا بە سەحەر مەیلی لە گریانە هەناوم
وەک بولبولی شەیدا لە چ ئەفغانە هەناوم
پەروانە سیفەت شەوقی لە سووتانە هەناوم
ئەمڕۆ لە مەکانم بزرم بێسەر و شوونم
ئێشم هەیە نابینی چ مەحزوون و زەبوونم
دەس لێمەدە دەکولێتەوە پڕ خوێنە دەروونم
ئەی خوایە چ ئاشفتە و حەیرانە هەناوم
ڕەحمت نییە گوێ نادەیە خۆ گریە و شینم
مرووەت بکە زاڵم وەکوو بردت دڵ و دینم
ئیتر چییە ئەم هەندە ئەدەی دەس لە برینم
فیکرت نەبێ هیچ قابیلی دەرمانە هەناوم
تەردم مەکە لەم قاپییە مسکین و غەریبم
بەڵکوو هەبێ لەم باخ و چەمەنزارە نەسیبم
شادم بکە ئەم جارە لەبەر ڕەغمی ڕەقیبم
تاکوو نەفەسم ماوە دوعاخوانە هەناوم
دوو قوببەیی سینەت خڕ و بۆنی وەکوو بێنە
نەمدیوە لەمێژە بە خودا دڵ لە خورێنە
ڕووت بێنە بەڵام زولفی دەرازت مەهەژێنە
بۆ لەعلی لەبت تالیبی ئیحسانە هەناوم
ئەو یارە کە مەفتوونی ئەوم شۆخی زەمانە
غارەتگەری ماڵ و دڵ و جان، دین و ئیمانە
هەر حوکمێ بکا لایەقە چون شاهی جیهانە
بۆ ئەمر و نەهی تابیعی فەرمانە هەناوم