مەلایەک هەبوو شار بە شار ئەگەڕا، مەکری...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  920 مشاهده

مەلایەک هەبوو شار بە شار ئەگەڕا، مەکری ژنانی ئەنووسییەوە کە بیکا بە کتێبێک. ڕۆژێ ڕێی کەوتە شارێ، ژنە بازرگانێ بیستی کە ئەم مەلایە هاتووە و ئیشی ئەوەیە. دۆزییەوە و ناردی بە شوێنیا، بۆ پاش نیوەڕۆ هێنایە ماڵەوە. لێی پرسی: هەتا ئێستا چیت نووسیوە لە مەکری ژنان؟ مەلاش وتی: خانم هیچ نەماوە نەینووسم و دوو سێ سەرگوزەشتی بۆ هەڵدا! لە پاشا ژنە وتی: سبەینێ بەڵکوو بۆ نیوەڕۆ بێیت بۆ ئێرە برایەکم لە وڵاتێکی دوورەوە، کاغەزێکم بۆ بنووسی بۆی، قاوەڵتییەکەشت لێرە بکە. مەلا وتی: باشە و لێی دا ڕۆیشت.

ژنە ئێوارە لەگەڵ مێردەکەیا چڵە مشکێنیان کرد لەسەر دەستێ جلی گروونی. بەیانی مێردەکەی چوو بۆ دووکان،. ژنەکە دەست و برد مردشکێکی سەر بڕی و مەنجەڵێ قوبووڵیشی لێنا. مەلا هات وتی: مەلا ئەوا قاوەڵتییەکی نایابم بۆ دروست کردووی کاغەزەکەم بەم جۆرە و واوا بۆ بنووسە هەتا نانەکە پێ ئەگا. لەولاشەوە چوو مناڵێکی دراوسێی نارد وتی: بە ڕاکردن بچۆ بە مێردەکەم بڵێ شتێکی خراپ قەوماوە هەر ئێستا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە!

ئینجا دەرگای داخست و لە تەنیشت مەلاوە دانیشت. کاتێکیان زانی یەکێ زۆر بە پەلەپەل لە دەرگای دا، ژنە بانگی کرد کێیە؟ وتی: وەرە دەرگا بکەرەوە، دەی! ژنە مستەکۆڵەیەکی لە سنگی خۆی دا وتی: ئەیە ڕۆ ئەوا مێردەکەم هاتەوە، خوا ئەزانێ ئەوەندە دڵی پیسە هەر نەبێتەوە! چاوی بە توولەیەک بکەوێ هار ئەبێ ئێستا هەر چاوی بە ئێمە بکەوێ بە خەنجەر هەردووکمان شەق و پەق ئەکا!

مەلا وتی: بۆ خاتری خوا خۆت چارێ بدۆزەرەوە. وتی: مەلا چار هەر ئەوەیە بچیتە ناو ئەو سەندووقە گەورەیەوە و نەفەس لە خۆت ببڕی! مەلا وتی: باشە و گورج چووە سەندووقەکەوە. ژنەکە قوفڵێکی لە سەندووقەکەدا، کلیلەکەی نایە گیرفانی و ڕای کرد بۆ قاپی، قاپی کردەوە و مێردەکەی هاتە ژوورەوە و وتی: ئەوە چی قەوماوە؟

ژنە وتی: لەمە خراپتر چی بقەومێ؟ هەی ڕۆ، هەی ڕۆ ئینجا ئەم حسمەتە لە کوێ بێنمەوە؟! مێردەکەی وتی: چی بووە زوو پێم بڵێ دڵم تەقی. وتی: پیاوەکە! دوێنێ مەلایەک هاتبوو، مەکری ژنانی ئەنووسی، هات لە ڕێی خوادا دوێنێ ئێوارە، مەنیش چەند پوولێکم دایە، کەچی ئیمڕۆش هاتەوە، زەلامێکی مل هوڕ پەلاماری دام و خستمی. دەرپێیەکەمی لەتوپەت کرد! لە هاوار هاواری من ئەو منداڵی دراوسێیە هات بە دوای تۆدا!

وتی: ئینجا مەلاکە چی لێ هات؟ وتی: کە تۆ لە قاپییکەت دا ئیتر وازی لە من هێنا و چووە ناو ئەو سەندووقە گەورەیەوە، منیش قوفڵم لێدا، ئێستا ئەوەتە لە سەندووقەکە دایە!

کابرا خەنجەرەکەی هەڵکێشا و وتی: ئا بدە کلیلەکە. ژنە کلیلی دایە دەستی، کابرا کلیلی نا بە قوفڵەکەوە! ژنە وتی: های، های نەمانبردەوە؟ و دەستی کرد بە پێکەنین بە خوا دەستێ جلی گوروونی باتمانیم ئەوێ؟! مێردی وتی: بۆ چی ئەمە مەبەستت لەم بەند و باوە ئەوە بوو کە چەڵە مشکێنییەکە لێ بەریتەوە ژنەکە پێکەنی و وتی: ئەرێ وەڵڵا. کابرا کلیلەکەی فڕێ دا و خۆی تووڕە کرد و وتی: ئاخر ئەمە ئیش بوو تۆ کردت؟ من ناوکم کەوت! ژنەکە وتی: قاوەڵتی بکە! مێردەکەی وتی: قوزەڵقورت ئەخۆم و بە مۆنییەکەوە لێی دا ڕۆیشت!

لە پاش ڕۆیشتنی مێردەکە، ژنەکە سەندووقەکەی هەڵگرت، کە تەماشای کرد مەلای قوڕبەسەر ڕەنگی پێ نەماوە، هەر چاوی زەرد ئەچێتەوە! ئینجا پێی وت: مەلا هەڵسە قاوەڵتی بکە! مەلا وتی: بۆ خاتری خوا! تۆ دەرگاکەم لێ بکەوە بڕۆم بە خوا قاوەڵتی تۆم ناوێ! وتی: مەلا دەسا مەلا! تکات لێ ئەکەم ئەم سەرگوزەشتەیەش بخە کتێبەکەتەوە! مەلا وتی: تۆبە، شەرت بێ بە شەرتی پیاوان ئیتر جارێکی تر باسی ژن نەکەم، خۆیان و مەکریان بە گەرووی ئاشا بچن!