کابرایەکی کورد هەبوو زۆر دەوڵەمەند بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  770 مشاهده

کابرایەکی کورد هەبوو زۆر دەوڵەمەند بوو، هەر تاقە کوڕێکی هەبوو، کابرا مرد و کەلەپوور و میراتەکەی هەموو مایەوە بۆ کوڕەکەی. پیاوێکی تریش بوو زەڕەنگەر بوو، بەڵام زۆر قومار باز و بێ حقووق بوو، بە هەر جۆرێک بوو خۆی کوتایە بن دەستی کوڕە دەوڵەمەندەوە، هەموو ڕۆژ ئەچوو لەگەڵی سواری وڵاغ ئەبوو، جێگای خۆش خۆش ئەگەڕان، لە لۆقەنتە نایابەکاندا نانیان ئەخوارد، ئێوارانیش دیسان لە ماڵی کوڕە دەوڵەمەند نانی ئەخوارد، بەم ناوەوە «کیسە دار» بوو. هەموو ڕۆژێ بەلانی کەمەوە یەک دوو لیرەشی لێ ئەدزی!

زۆری پێ نەچوو کوڕە پارە و پووڵی نەما، ناچار دەستی کرد بە فرۆشتنی مڵکەکانی. زەڕەنگەر هەر ڕۆژە دووکانێک، یا باغێک، یا کۆشکێکی بە هەرزان لێ ئەکڕی و کە چی ئەو پارەیەی کە ئەیدایە نیوەی زیاتری بە ناوی ڕەفاقەتەوە لێ ئەدزییەوە. هەتا وای لێ هات، تەنانەت لە شتوومەکی ناو ماڵیش هیچی بە دەستەوە نەما لەگەڵ ئەم هەموو تێکەڵاوییەش ئەم ماوەیە جارێک چییە ئەم کوڕەی نەبردە ماڵی خۆی و بانگهێشتنێکی بۆ نەکرد!

ڕۆژێک کوڕە دەوڵەمەند هیچی نەمابوو چووە موغازەی زەڕەنگەر و وتی: ئیمڕۆ هیچم نییە هەندێک پارەم بدەرێ بە قەرز با بچین بۆ سەیران. زەڕەنگەر هەرچەند بە هۆی ئەم کوڕەشەوە ببوو بە لۆرد. وتی: فڵانی ئێستا هیچم لە لا نییە، و ئەگەر بشمبێ نات دەمێ چونکە هیچت نەماوە بە چی ئەمدەیتەوە؟! کوڕە هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی: کەوایە فڵانی هەر ئەم ئەنگوستیلەیەم ماوە لێم بکڕە، منیش هۆقەیەک نان ئەکڕم و ئەڕۆم بۆ وڵاتێ، کە کەس نەمناسێ کرێکاری ئەکەم!

زەڕەنگەر بە پارەیەک ئەنگوستیلەکەی لێ کڕی و ڕۆیشت. کە چوو، گەیشتە بەرماڵێکی گەورە، تەماشای کرد ژنێکی جوان لە باڵەخانەوە تەماشای کۆڵان ئەکا. کوڕەش لە چاو بڕکێ کردن دا وەستا بوو، چونکە دەمێ بوو ئیشی بوو، تەماشای ژنی کرد! ژنەکەش کوڕەی زۆر جوان هاتە بەرچاو و دڵی لێی چوو، بە ئیشارە بانگی کرد. کوڕە چووە ژوورەوە، ژنەکە بردیە باڵەخانە، دای نا لێی پرسی: تۆ چی و چ کارەی؟ وتی: بە خوا فڵانی من زۆر دەوڵەمەند بووم، قەزا و قەدەر هیچم نەماوە، ئێستاکە هاتوومە سەر ئەوەی بڕۆم بۆ وڵاتێکی دوور ئیشێ بۆ خۆم بکەم پێوە بژیم. وتی: نابێ بڕۆی. من دڵم چووە لە تۆ هەموو ڕۆژێ وەرە لام شەرت بێ ڕۆژێ سەد قڕانت بدەمێ. وتی: چاکە.

ئەو ڕۆژە هەتا عەسر ئاهەنگی خۆیان گێڕا، لە پاش عەسر ژنەکە سەد قڕانی دایە، کوڕ هاتەوە وتی: پیاو پارەی نەبێ کەس نایناسێ، وا چاکە بچم کاسبی بکەم. دەست بە جێ چوو کوتاڵی کڕی و دووکانێکی بازرگانی دانا، هەموو ڕۆژ ئەچووە ماڵەکە، لە پاش کەیف کردن سەد قڕانیشی وەر ئەگرت و ئەهاتەوە، بەم جۆرە بووە خاوەن دووکانێ وەکوو حاجی عەزیزی شەرعی!

ڕۆژێک بە ڕێکەوت زەڕەنگەر باشی بە بازاڕا هاتە خوارەوە تەماشای کر د، ئەو ئاشناکەی دووکانێکی پاک و تەمیز پڕ لە کوتاڵی داناوە. لای دا وتی: پیرۆز بێ، ئەمە کەی دووکانت دانا، دەستمایەت لە کوێ بوو؟ وتی: بە خوا فڵانی کە تۆ ڕووت لێ وەرگێڕام و دەرت کردم هاتم بڕۆم ڕێم کەوتە ماڵە گەورەیەک ژنێکی وا و وا بانگی کردم چوومە ژوورەوە، بووین بە ئاشنا و نەیهێشت بڕۆم، ئێستا هەموو ڕۆژێک ئەچم کەیف و ئاهەنگ ئەکەم و ڕۆژێ سەدقڕانم ئەداتێ، ئەوا منیش دووکانم داناوە و ئێستا کە دەستمایەیەکی باشم هەیە.

وتی: ئەو ماڵە لە کوێیە، ژنەکە چۆن ژنێکە و ناوی چییە؟ کوڕە زۆر چاک ناو نیشانی دایە، مەگەر ماڵەکە ماڵی زەڕەنگەرەکەیە و ژنەکە ژنی زەڕەنگەر باشی بوو! زەڕەنگەر هەڵسا و چووەوە دووکانی خۆی، لە خەفەتا وەخت بوو شەق بەرێ. وەختی نیوەڕۆ کە وەختی چوونی کوڕەکە بوو زەڕەنگەر هەڵسا چووە ماڵەوە، تومەز کوڕەکە لەوێ بوو! ژنە دەست بە جێ وتی: بچۆرە ئەو پەنجەرەیەوە و درگای پەنجەرەکەی داخست. مێردەکەی هەموو ماڵەکەی دنگ و سووژن دا هیچی نەدی، هاتەوە بۆ دووکانی خۆی.

سەر لە ئێوارە دووکانی بازرگان لێی پرسی ئیمڕۆ چووی بۆ ماڵە ئاشناکەت؟ وتی: بەڵێ چووم، تەنانەت مێردەکەی هاتەوە ژنەکە منی لە پەنجەرەیەکدا شاردەوە چاک بوو نەیدیمەوە! کابرای زەڕەنگەر بە تەواوی بۆی دەرکەوت کە ماڵ ماڵی ئەوە و ژن ژنی ئەوە! کەوتەوە بەیانی کوڕە چووەوە بۆ ماڵەکە لە ناکاو خاوەن ماڵ لە دەرگای دا ژنە کوڕەکەی خستە سەبەتەکەوە کە نانی تێدا هەڵواسرابوو کابرا هات پەنجەرەکە گەڕا هۆدەکان گەڕا هیچی نەدۆزییەوە ڕۆییەوە. کوڕە لە دوای ئاهەنگی خۆی، سەد قڕانی وەرگرت و هاتەوە دووکان، زەڕەنگەر هات و پرسی: ئەمڕۆ چی بوو؟ وتی: بەڵێ چووم، تەنانەت مێردی ژنەکە هاتەوە پەنجەرەکەش گەڕا، هەموو جێگایەکی پشکنی، بەڵام لە سەبەتەی نانەکەدا بووم، نەیدۆزییمەوە! کابرا دەستی کرد بە جینگڵەدان!

بۆ سبەینێ کوڕە لە ماڵەکە بوو خاوەن لە دەرگای دا، ژنەکە سەندووقێکی گەورەیان هەبوو دۆستەکەی خستە ناویەوە و قوفڵی لێ دا. کابرا پەنجەرەی کردەوە، سەبەتەی نانی تاقی کردەوە هەرچەند گەڕا، هیچی نەدی، ڕۆیشت، کوڕە هاتە دەرەوە سەد قڕانی وەرگرت و چووەوە دووکان. عەسر دیسان زەڕەنگەر چوو پرسی: ئەمڕۆ چووی؟ وتی: بەڵێ چووم، ئیمڕۆیش مێردەکەی هاتەوە پەنجەرە گەڕا، سەبەتەی نان گەڕا، بەڵام من لە سەندووقە گەورەکەدا بووم نەیدۆزیمەوە بۆ سبەینێ دیسان کوڕە چووە ماڵەکە، ژنەکە سندووقێکی قیرتاو کراویان هەبوو زوو حازری کردبوو، کابرا لە دەرگاکەی دا، کوڕەی خستە ناو سندووقە قیرتاوەوە، سەرەکەی قایم کرد خستیە حەوزەکەوە بن ئاو کەوت. کابراکە هات، ئەم جارە تەنانەت ئابخانە و کولانەمریشکیشی نەهێشت، هەمووی پشکنی. ژنەکە وتی: ئەمە چییە تۆ چەن ڕۆژێکە دێیتەوە ئەم ماڵە ئەپشکنی چیت لێ ون بووە؟ پیاوە وتی: هیچ ژنەکە. وتی: بۆ چی گرەوێکم لەگەڵ ناکەی؟ وتی: چلۆن؟ وتی: تۆ لەوبەر حەوزەکەوە منیش لەم بەرەوە خورما بخۆین، دەنکی خورماکە بەدەم بهاوێژین، هەر کەس دای لەو سەندووقە قیرتاوە ئەوی تر سەد قڕانی بداتێ! وتی: باشە.

ژن و مێرد دەستیان کرد بە خورما خواردن و دەنک هاویشتن. کوت و پڕ ژنەکە لێی دا، سەد قڕانی لە مێردەکەی وەرگرت، کابرا ڕۆییەوە بۆ دووکان. ژنە کوڕەی هێنایە دەرەوە، سەد قڕان و سەد قڕانە گرەوەکەشی دایە!

کوڕە هاتەوە دووکان. زەڕەنگەر هات وتی: ئیمڕۆ چووی؟ وتی: ئای ئەمڕۆ چووم و کابرا هاتەوە، هیچ جێگا نەما نەی پشکنێ، بەڵام بەرەکەت بدا لە ژنەکە، منی خستبووە سەندووقێکی قیرتاو و خستبوومیە حەوزەکەوە، تەنانەت گرەویشیان کرد ژنەکە سەد قڕانی لە مێردەکەی بردەوە ئەویشی دا بە من!

کابرا ئینجا وتی: چارم نییە بۆم ناگیرێ و هەموو ڕۆژێ سەد قڕانیشم لە کیس ئەچێ، واچاکە بچم بە ژن براکانم بڵێم بەڵکە بیکوژن. سێ چوار ژن برای بێ حەیا و شەڕانی هەبوو، چوو بۆی گێڕانەوە کە خوشکەکەیان وایە و ماڵی بە قوڕ گرتووە. وتیان: فڵانی ئێمە چلۆن بۆمان دەرکەوێت کەوایە؟ وتی: ئەگەر من کوڕەکە بهێنم هەموو قسەکانی گێڕایەوە، ئیتر قسەتان ئەمێنێ؟ وتیان: نە.

گورج زەڕەنگەر هات وتی: برا ئەم ئێوارەیە نانم بۆ دروست کردووی بچینە ماڵی ئێمە. لەوێ دانیشتن، ئێوارە نانیان خوارد. ژنەکە بیستی کە مێردەکەی لە ماڵی براکانیەتی، ئەویش هات. شەو زەڕەنگەر باشی وتی: خزمینە ئەم کوڕە زۆر دەوڵەمەند بوو، هەژار کەوت، لە پاشا خوا دەروویەکی چاکی لێ کردەوە. ئا توخوا میرزا، کە هاتی من ئەنگوستیلەکەم لێ کڕی و ڕۆیشتی ژنە جوانەکە بانگی کردی، بۆمان بگێڕەوە هەتا ئیمڕۆ چیت دیوە؟ کوڕە قوتی: فڵانی کە هاتم بڕۆم گەیشتمە بەر ماڵێک ژنێکی جوان ناوی فڵان بوو، بانگی کردم، منیش چوومە ژوورەوە کەیف و ئاهەنگێکی زۆرمان کرد و ڕۆژێ سەد قڕانی بۆم بڕیمەوە.

ئیتر هەموو حکایەتەکەی گێڕایەوە، هەتا گەیشتە سەر سەندووقە قیرتاوەکە! کە ژنەکە لە هۆدەیەکی تردا گوێی ڕاگرتووە ئەوا کابرای دۆستی، حەکایەتی ئەوان ئەکا! کوڕێکی چوار ساڵی هەبوو ناردییە لای پیاوەکان. کوڕە چووە بەردەمی زەڕەنگەر و وتی: بابە، دراو! میرزا، کە تەماشای کرد کوڕی ژنەکەیە و بە زەڕەنگەر ئەڵێ بابە ئەمجا تێگەیشت کە مەسەلە چییە؟! ئەویش لە باسی خورما هاویشتنی سەندووقەکەدا بوو وتی: کە ژنەکە دەنکە خورمای هاویشت دای لە سەندووقەکە ئیتر من خەبەرم بۆوە! ئینجا ئەگەر ئێوە تەعبیری ئەم خەوە ئەزانن بفەرموون!

زەڕەنگەر وتی: چی؟ خەوی چی؟ میرزا وتی: ئەی ئەمڕۆ بۆ خۆتم نەگێڕایەوە کە خەوێکی وام دیوە، تۆش بە منت فەرموو سێ چوار ڕەفیقم هەیە تەعبیر ئەزاننن بۆ ئەوانی بگێڕەوە؟ ئەوا بۆم گێڕانەوە! ژن براکانی وتیان: سەگبابی تازە پێ گەیشتوو، تەماتە بوختان بۆ خوشکەکەمان بکەی؟! کابرای زەڕەنگەر ئیتر دەمی بوو بە تەڵەی تەقیوەوە و هیچی بۆ نەمایەوە.