بێوەژنە کوردێک هەبوو زۆر فێڵباز بوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  876 مشاهده

بێوەژنە کوردێک هەبوو زۆر فێڵباز بوو، چوار پێنج شوی کردبوو، بەڵام ماوەیەکی زۆر بوو بە بێوەژنی مابوەوە. ڕۆژێک کابرایەکی زەبەلاح هاتە لای وتی: بیستوومە تۆ مێردت نییە، منیش بێ کەیبانووم ئەگەر شووم پێ ئەکەی ئەتخوازم! ژنە لێی پرسی: تۆ ئیش و کارت چییە؟ کابرا وتی: ئەوەی ڕاستی بێ دزم. وتی: چ جۆرە دزێکی؟ وتی: من عادەتم وایە ئێواران کە نوێژی شێوانم کرد ئەچم بۆ دزی، بەیانی بۆ نوێژی سبحەینێ دێمەوە، نایەڵەم نوێژەکەم بڕوا! سا خوا چی بە نسیب کردبوو ئەیهێنم پێوە ڕائەبوێرم، بەڵام بە ڕۆژ هیچ لە ماڵ ناچمە دەرەوە. ژنکە چوو لەگەڵی بۆ لای مەلایەک خۆی لا مارە کرد.

لە پاش چوار ڕۆژ شەوێک نوێژی خەوتنان، کابرایەک هات وتی: بیستوومە تۆ بێوەژنی، ئەگەر شووم پێ ئەکەی ئەتخوازم! پرسی تۆ چ کارەی؟ وتی: ئیش و فەرمانم هەر دزییە! وتی: چلۆن دزێکی؟ وتی: دزی ڕۆژم، بەیانی کە نوێژم کرد ئەڕۆمە دەرەوە، ماڵێ دەرگای دانەخستبێ شتێکی لێ ئەدزم. یا خود گیرفانێک ئەبڕم، وە یا بە فێڵ و تەڵەکە شتێ دەس خۆم ئەخەم، ئێوارە دوای نوێژی شێوان دێمەوە نوێژی خۆم ئەکەم و ئیتر بە شەو ناچمە دەرەوە! ژنەکە وتی ئەمە خوا داویە بە ڕۆژ و بە شەو من لە ئاهنگا بم چوو خۆی لەویش مارە کرد!

نزیکەی چوار پێنج مانگ بە ڕۆژ دزی شەو، لەلای بوو بە شەویش دزی ڕۆژی لەلا بوو! ڕۆژێک وتی: بە خوا وا چاکە من ئەم دوو مێردم لە یەک ئاشکرا بکەم بزانم چی ئەکەن.

شەو بە دزی ڕۆژی وت: فڵانی سبەینێ مەچۆ بۆ دزی، بیست قڕانم لە لای کوێخاکەی «باوەمەردە» یە، بچۆ بۆم بسێنەوە. وتی: چاکە. بەیانی کولێرە بە ڕۆنێکی هێنا لەبەر چاوی کابرا کردی بە دوو کەرتەوە، دەسەسڕێکی سووریشی هێنا، کردی بە دوو لەتەوە، کەرتە کولێرەی خستە ناو لەتە دەسەسڕەوە دای بە دزی ڕۆژ وتی: بڕۆ، بەڵام لەسەر پەردەکەی قلیاسان دانیشە نانەکەت بخۆ هەتا هاوڕێیەکت لێ هەڵبکەوێ ئەوسا بڕۆ، نەوەکوو ڕۆتت بکەنەوە. کابرا وتی: چاکە. لەتەکولێرە و دەسەسڕی نایە باخەڵی و لێیدا ڕۆیی.

لە پاش ڕۆیشتنی ئەو، دزی شەو - کە مێردی ڕۆژ بوو - هاتەوە، ژنەکە وتی: فڵانی دامەنیشە بیست قڕانم لەلای کوێخاکەی باوەمەردەیە، بچۆ لێی وەر بگرەوە، ئەمەش بۆ تێشووی ڕێگات، بەڵام لەسەر پردەکەی قلیاسان دانیشە بیخۆ بەڵکوو هاوڕێیەکیش پەیداکەی بە تەنها مەڕۆ با تووشی جەردە نەبی!

کابرا نانەکەی وەرگرت و کەوتە ڕێ. کە هات لەسەر پردەکەی قلیاسان تەماشای کرد زەلامێک دانیشتووە کولێرە ئەخوا. سەلامی کر و لە لایەوە دانیشت. تێشوەکەی دەرهێنا لەتێ کولێرە لە ناو لەتێ دەسەسڕی سووردا، دەستی کرد بە خواردن. کابرای هەوەڵ پرسی: ئەوە تۆش لەتێ کولێرەت پێیە لە ناو لەتێ دەسەسڕدا؟! وتی: بەڵێ. وتی: سبحانەڵڵا منیش هەر شتێکی وام پێیە! کە لەتە کولێرەیان بە یەکەوە نا، تەماشایان کرد کولێرەیەکە و کراوە بە دوو لەتەوە! دەسەسڕەکەیان بە یک گرت، ئەویش یەک دەسەسڕ بوو دوو پارچە کرابوو!

یەکێکیان پرسی: تۆ بۆ کوێ ئەچی و ئیشت چییە؟ وتی: ژنەکەم بیست قڕانی لەلای کوێخاکەی باوەمەردەیە ئەچم بۆی ئەسێنمەوە. وتی: ژنکەم بیست قڕانی لە لای کوێخاکەی باوەمەردەیە ئەچم بۆی ئەسێنمەوە. وتی ژنەکەت ناوی چییە؟ وتی: خەندان. وتی: کوڕە خۆ ئەوە ژنی منە! و من ئەچم پارەکەی بۆ ئەسێنمەوە!

لەسەر ئەمە نزیک بوو بچن بە گژ یەکا. ناچار هەردووکیان گەڕانەوە، چوونە لای ژنەکە و وتیان: تۆ ژنی کێی؟ وتی: هەر کامێکتان ئازا بن ژنی ئەوەم و لە ئیشی خۆیا وەستابێ ئەو ئەبێ بە مێردم! هەردووکیان بەم قسەیە ڕازی بوون. دزی ڕۆژ وتی: ئێستا ڕۆژە با بڕۆین من وەستایەتی خۆمت پیشان دەم. دزی شەو دوای کەوت، هاتن بۆ بازاڕ، جوولەکەیەکی دەوڵەمەند کە کوتاڵی فرۆشتبوو بە بازرگانەکان، لە حوجرەی خۆی هاتە خوارەوە بۆ حەفتانە سەندن. دزی ڕۆژ قەڵەمێک و پارچەیە کاغەزی بە دەستەوە گرت. جوولەکە لە دوکانێک چوار لیرە، لە یەکێکی تر پێنج لیرە، لە یەکێکی تر پانزە مەجیدی، لە یەکێکی تر چوار کاغەزی پێنج مەجیدی. بەم جۆرە شەشسەد حەوسەد مەجیدی وەرگرت.

لە پڕ دزی ڕۆژ دەستی کرد بە باخەڵیا کیسە پارەکەی دەرهێنا. خواجە یەخەی گرت وتی: کیسەکەم. دزە وتی: کیسەی چی؟ - بێ دین؟ تەشقەڵەم پێ ئەکەی! خواجە هاواری کرد و جاندرمە هاتن وتیان چییە؟ جوو وتی: ئەم کابرایە دەستی کرد بە باخەڵما کیسە پارەکەمی دزی. کابرا وتی: قوربان درۆ ئەکا کیسە پارەی خۆمە ئەگەر شاهدی هەیە باشە. جووە وتی: شاهیدم لە کوێ بوو، تۆ بە دزییەوە دەرتهێنا! وتی: قوربان لێی بپرسە لە خواجە کە ئایا من پارەکەم ژمارد؟ خواجە وتی: نەخێر، وا لە باخەڵیا. دزە وتی: قوربان ئەگەر پارەی ئەوە، کیسەکە چەندی تیایە؟

کە کیسەکەمان ژمارد بە تەواوی قسەی کابرا بوو! مەعمور ئەمری کرد: ئا دوو شەق لەم جوولەکەیە هەڵدەن تەشقەڵە بەم مسڵمانە هەژارە ئەکات. یەک دوو هەرمێیان دا بە خواجە و دەریان کرد. کابرا بە دزی شەوی وت: چلۆنم؟ وتی: باشە، بەڵام ئیمشەو نۆرەی منە. وتی: چاکە.

شەو بەڕێ کەوت پیاوێکی گەورەی وەکوو مەحموو پاشا هاتبوو لە ماڵی پیاوێکی گەورە میوان بوو. دزی شەو، دزی ڕۆژی برد و چوو بە کەمەند چووە سەربان، ڕەفیقەکەی هڵکێشایە سەربان، چوونە خوارەوە، قازێک لە حەوشەکەدا بوو دزی شەو سەری بڕی و دای بە دزی ڕۆژ وتی: لەم مەتبەخە دانیشە، ئەوە ئاگرە بیکە بە کەباب برسیمانە. خۆیشی هاتە سەرەوە، تەماشای کرد ئاوا پاشا لەسەر چوار پایەیێک نوستووە خزمەتکارێک لەبەر کورسییەکە دانیشتووە حەکایەتی بۆ ئەکا، «سوڵتان مەحموو» لەگەڵ «هەیاسی خاس» وا ڕۆیشتن و وا هاتن، بەڵام خزمەتکارەکە زۆر خەوی دێ، لەگەڵ پاشا خەوی لێ ئەکەوێ کابراش بەلادا دێت، لە پاش چەند دەقەیەک پاشا خەبەری ئەبێتەوە ئەڵێ: حەمەی خەسرەو حەکایەت بکە. حەمە هەڵئەستێ دیسان چەند قسەیەکی تر لە حەکایەتەکە ئەکا.

دزەکە سەبەتەیەکی گەورەی بە گوریسێک بەست. گوریسەکەی لە دارێکی بنمیچی هۆدەکە هەڵکێشا، سەبەتەی هێنا بە هێواشی پاڵێکی بە حەمەی خوسرەوەوە نا، خستییە سەبەتەکەوە سەری گوریسەکەی ڕاکێشا، هێواش هێواش هەتا سەبەتە لە بنمیچ قایم بوو، حەمەی خەسرەو بە سەقفەکەوە هەڵواسرا! دزە دەستی کرد بە شتوومەک کۆکردنەوە، پاشا خەبەری بۆوە وتی: حەمەی خەسرەو حەکایەت بکە. دزە دانیشت ئەیزانی حەمەی خەسرەو لە کوێ دا حەکایەتی بڕیوە. وتی: پاشا سوڵتان مەحموود وای وت، هەیاسی خاس وای کرد! دزی ڕۆژ هاتبوو بزانێ چی ئەکا، کە چاوی بەم کارە کەوت سەرسام بوو!

لەم وەختەدا بۆنی گۆشتی قازەکە هات. دزە بە ڕەفیقەکەی وت: بگەڕە قازەکە سووتا. پاشا هیچ لێفەکەی لانەدا وتی: حەمە قازی چی؟ وتی: قوربان لەو وەختەدا کەبابی قازیان بۆ سوڵتان مەحموود ئەکرد! پاشا خەوی لێ کەوتەوە. دزە هەرچی بەنرخ بوو کردی بە کۆڵێک و هاتە دەرەوە، لەگەڵ ڕەفیقەکەی قازیشیان هێنا و هاتنەوە بۆ ماڵەوە!

پاشا وەختی بەیان خەبەری بۆوە بانگی کرد: حەمەی خەسرەو، حەمەی خەسرەو. حەمە خەبەری بوەوە هیچ چاوی نەکردەوە کە لە کوێیە، دەستی کرد بە حەکایەت بەدەم خەوەوە! پاشا تەماشای کرد حەمە لە دوور دەنگی حەکایەتی دێ، دەری هەڵبڕی ڕوانی حەمە دەنگی دێ، بەڵام خۆی دیار نییە. هەموو هۆدەکەی ڕوانی. دوایی تەماشای کرد لە بنمیچی خانووەکە لە سەبەتەیەکدا هەڵواسراوە کە چی حەمە هەر حەکایەتیش ئەکا! وتی: ئەرێ حەمە ئەوە چی ئەکەی لەو سەبەتەیەدا؟ دویت باوک؟! کە حەمە سەری هەڵبڕی وتی: پاشا بۆخاتری خوا ئەمە کێ خستوومیە ئێرەوە؟!

ئینجا پاشا دەنگی کرد، دوو سێ کەس هاتن سەبەتەکەیان کردەوە و حەمەیان هێنایە خوارەوە، کە ورد بوونەوە هەرچی شتوومەکی پاشا هەبوو، دزراوە و قازێکیش سەربڕاوە و کراوە بە کەباب! ئەو وەختە زانی ئەوەی وتی: قازەکە ئەسووتێ دزەکە بووە پاشا لە کردەوەی ئەم دزە زۆر سەری سووڕما، جاڕچییەکی نارد، جاڕی دا: ئەو کەسەی دزی لە پاشا کردووە بێت عەفوە! کابرای دزە هات، پاشا وتی: چلۆنت ئەم دزییە کرد؟ کابرا سەرتاپا باسی ژنەکە و باسی دزی ڕۆژی گێڕایەوە. پاشا ئیتر دڵی لێیان چوو وتی: کە واتە هەر دووکتان ئەو ژنە تەڵاق بدەن، من ژنتان بۆ دێنم و ببن بە خزمەتکارم!