پیاوێکی جوانعومر، ژنێکی پیری لە سک...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1062 مشاهده

پیاوێکی جوانعومر، ژنێکی پیری لە سک - وەستاوەی هەبوو، هەموو جار ژنەکە پێی وت: بچۆ ژنێکی جوان عەمر بۆ خۆت بێنە، من کەڵکی ژن و مێردیم پێوە نەماوە، بەڵکە خوا منداڵێکیشت بداتێ، با ئەم ماڵ و موڵکەت نەکەوێتە دەست خەڵکی. ئیتر ئەوەندە سەری کردە سەری، کابرا ناچار چوو کچێکی هێنا.

لە پاش چەند ڕۆژێک پیرێژن ئاگر چووە گیانی، ژنگ و ژاری هەڵگرت، هەر ئەیوەت: هەتیو! ئەم ژنە قوومی خراپە ئەوەتەی هێناوتە بەرەکەتی ماڵمان نەماوە، کۆپەڵەی ڕۆن خاڵییە! کابرا هیچ گوێی لێ نەئەگرت. ئاخری ڕۆژێک کابرا هاتەوە بۆ ماڵەوە دوو مریشکیان هەبوو، هەر یەکێ دە دوانزە جوچکی لە بەر بوو، سەیری کرد لە سەرانگوێلکی بەر دەرگاکەیان هەمووی بە مردارەوەبوویی فڕێ دراوە. پرسی: ئەم مریشک و جووچکانە بۆ چی مردارەوە بوون؟ پیرێژن وتی: لە قودم شەڕ بپرسە!

ڕۆژی دوایی دوو گوێرەکەیان هەبوو، پیرێژن گوێرە و ساری لە ملیان پێچا هەردووکی خنکاند و ئەوانیشی فڕێدایە سەر سەرانگوێلکێک! کابرا کە هاتەوە چاوی پێکەوت پرسی: ئەمانە بۆچ وایان لێ هاتووە؟ پیرێژن وتی: مردووت مرێ بەخوا داری سواڵی ئەگریتە دەست. کابرا وتی: ئینجا چارەم چییە؟ وتی: ئەم کچە هەتیوە تەڵاق بدە. وتی: خوا بتگرێ هەموو چەند ڕۆژێکە هێناومە و پارەیەکی زۆرم تیا خەرج کردووە چلۆنی تەڵاق بدەم؟! خۆ ئەگەر تەڵاقیشی بدەم مارەیی و نەفەقەم لێ ئەستێنن. پیرێژن وتی «بیکوژە، بیکوژە». کابرا وتی: «الحکم للهعربی» ئەیکوژم.

دوو ڕۆژی پێچوو پیرێژن وتی: درۆزن خۆ تۆ وتت ئەیکوژم کوا، هیچ دیار نەبوو؟ وتی: نازانم چەقۆی تیژم پێ نییە کە سەری ببڕم. پیرێژن وتی: من چەقۆی تیژت بۆ ئەهێنم! ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارە چەقۆیێکی بە هەسان سوو، شەو وەختی نوستن هێنای خستییە کۆشی مێردەکەیەوە. بەیانی زوو هەڵسا تەماشای کرد ژنەکەی پشتیر ئەماڵێ! چوو کابرای خەبەر کردەوە، وتی: بۆ چی سەرت نەبڕی؟ وتی: بە خوا ژنەکە لەسەر جێگا، لێکم دایەوە ئەگەر سەرم ببڕیایە حوکمەت حەپسی ئەکردم ئەیانوت تۆ لەسەر چی ئەم ژنەت سەر بڕیوە؟ لەوانە بوو هەڵم واسن. ئەگەر حوکمەتیش نەیزانیایە برای هەیە ئەیانکوشتم. پیرێژن وتی: کەوایە بیخنکێنە! وتی: چاکە!

سبەینێ کە پیرێژن تەماشای کرد ئەوا هەوێکە مەشکە ئەژەنێ! دیسان مێردەکەی خەبەر کردەوە وتی: ئەوە بۆ چی نەتخنکاند؟ کابرا وتی: لێکم دایەوە ئەگەر دەستم بخستایە بینی هاواری ئەکرد، خەڵکی ئەهاتن و تووشی کێشە ئەبووم و بەڵکوو دەرەقەتیشی نەئەهاتم. پیرێژن وتی: دە ئەمشەو من دێم هەردوو دەستی ئەگرم نایەڵم جم بدا، تۆش دەست بنێرە و بیخنکێنە! کابرا وتی: زۆر باشە.

شەو وەختی نوستن هات ژنەکە چووە سەر جێگای خۆی ڕاکشا پیرێژن بە کابرای وت: دە هەڵسە ئەوا من دەستی ئەگرم تۆش بیخنکێنە. کابرا وتی: ژنەکە وا نابێ بە خوا ئەگەر بیخنکێنم خەڵکی ئەڵێن ئەم ژنە ئێوارە ساغ و سەلیم بوو شەو بۆ چی مرد؟ دیارە حەکیم دێت و تەماشای ئەکا و ڕاپۆر ئەدا کە خنکاوە، ئەو وەختە منیش و تۆش تووشی گۆبەند ئەبین.

پیرێژن وتی: ئەی چاری چییە؟ وتی: تەگبیرێکی چاکم کردووە. وتی: تەگبیرەکەت چییە؟ کابرا وتی: دەست ئەکەم بە گاینی! شەو ئەیگێم، ڕۆژ ئەیگێم. ئەوەندەی ئەگێم هەتا ئەمرێ، ئەو وەختە کەس ناڵێ کوشتیان، یا خنکاندیان! پیرێژن وتی: ناوەڵڵا کە واتە ئەو جوان و جەهێلە وازی لێ بێنە، من بە قەد خۆم عومرم ڕابواردووە، من بەو دەردە بکوژە، با ڕزگارم ببێ و ئێوەش بۆ خۆتان ڕەحەت ببن!