کابرایەک دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان سەرە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  579 مشاهده

کابرایەک دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان سەرە و یەکێکیان جەهێل. پیرێژنەکە هەر ڕۆژێ بوختانێکی بۆ ژنە جەهێڵە هەڵئەبەست، کابڕا هیچ گوێ نەئەدایە - ڕۆژێک پیرێژن بە مێردەکەی وت: نازانم تۆ! چ شیرینییەکت بەو کچەتیوەدا چووە؟ هەموو شەوێ گوو ئەکاتە ژێر خۆی! کابرا وتی: ئەمە چەند وەختە لە لامە بۆ چی جارێک نەمدی گووی کرد بێتە سەر جێگە؟ پیرێژن وتی: هەتا لە خەو هەڵئەستی، ئەچێ ئەیشوا! کابرا وتی: من بە چاوی خۆم نەیبینم بڕوا ناکەم. پیرێژن وتی: شەرت بێ نیشانت بدەم.

سێ چوار ڕۆژێکی پێ چوو بەیانییەک کە کابرا و ژنەکە لە هەیوان نوستبوون، پیرێژن بەبێ دەرپێ لە ژوور هاتە دەرەوە تەماشای کرد نوستبوون، هات بە پەلە، تەپێ گووی کردە ناو ژنەکەی تر و هەڕای کردەوە ژوورەوە کە دەرپێکەی لەپێ بکاتەوە! کابرا بەخەبەر بوو ئاگای لێبوو کە پیرێژن چی کرد. دەستی کرد بە باخەڵیا لیرەیەکی ئاڵتونی دەرهێنا و خستییە ناو گووەکەوە و خۆی بە نوستوویی خستەوە!

پیرێژن هات و وتی: هەتیو هەڵسە من ئەم وت کچە هەتیوەکە گوو ئەکاتە ژێر خۆی تۆ باوەڕت نەئەکرد؟ دە تەماشاکە. کابرا تەماشایەکی گووەکەی کرد و وتی: ئۆخەی ئەوە لیرەیەکە لە ناویا، خۆزگە هەموو شەوێ بیکردایە!

پیرێژنەکە وتی: کوڕە بێنە لیرەکەم بدەرەوە بەو قورعانەی ئەو مەلایە لێی خوێندووە گووی خۆمە هی ئەو نییە!