کابرایەکی کورد مێگەلە مەڕێکی هەبوو، خۆی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 7 دقیقه  894 مشاهده

کابرایەکی کورد مێگەلە مەڕێکی هەبوو، خۆی شوانییەکەی ئەکرد، ژنێکیشی هەبوو «حەبێ»ی ناو بوو، ڕۆژێ کوڵابوو بە دەستیەوە، ئێواران ڕانەکەی درەنگ ئەهێنایەوە، ژنە دارێکی لێ هەڵئەگرت و ئەهاتە وێزەی، ئەیوت بۆچ درەنگ ڕانت هێناوەتەوە؟ زوو ئەیهێنایەوە دیسان تێی بەر ئەبوو، ئەیوت: بۆچ زوو هێناوتەتەوە؟! کابرا سەری لێ تێک چووبوو نەیئەزانی چی بکا. ساڵێک دوو ساڵ بەم جۆرە، بە تێهەڵدان ڕایبوارد، هاوڕێیەکی هەبوو ڕۆژێک پێی وت: ئەرێ برا دوانزە مانگەی ساڵ خوا تۆ ئەبینم پەژارە دایگرتووتی، چیت لێ قەوماوە؟ ئەویش وتی: برا چیت پێ بڵێم، حاڵم بەدەس ژنەکەمەوە پەرێشانە و بە جارێ دنیای ڕووناکی لێ کردوومەتە شەوی تارێک و بە هیچ جۆر ڕزگارم نابێ. هەموو کارەساتی بەینی خۆی و ژنەکەی بۆ گێڕایەوە. ئەویش وتی: چاری ئاسانە. من تەگبیرێکت بۆ ئەکەم، ئەگەر وا بکەی ڕزگارت ئەبێ لە دەستی. وتی: بە قوربانت بم کوا چارێکم بکەی؟ ئادەی پێم بڵێ. پێی وت:

سبەینێ لە وەختا ڕانەکە بەرەوە، ژنەکەت لێ تووڕە ئەبێ ئەڵێ بۆچ زوو ڕانەکەت هێناوەتەوە؟ تۆش بڵێ ژنەکە دەنگ مەکە ئیمڕۆ لە دەمەدەمی ئێوارەدا لە فڵانە ئەشکەوت خەزنەیەکی ئاڵتوونم بەرچاو کەوت، زوو ڕانەکەم هێنایەوە بۆ ئەوەی لەوەختا بنووم وە بیانی پێش مەلا بانگ دان تارک و لێڵ هەستم کەس پێی نەزانێ بچم دری بێنم. ئینجا ئەو کە گوێی لە ئاڵتوون ئەبێ پێت ئەڵێ ئەبێ پێکەوە بچین، تۆش بێنە لەگەڵ خۆتی بەرە، لەوێ بیخەرە ئەشکەوتەکەوە و خۆت بگەڕێوە، بەم جۆرە لە دەستی ڕزگارت ئەبێ!

کابرا وەکو هاوڕێکەی پێی وت، بەو جۆرە ئێوارەی زوو ڕانەکەی هێنایەوە، ژنە قیژانی بەسەریا ئەوە بۆچ زوو هاتوویتەوە؟ کابرا قسەکەی بۆ گێڕایەوە. ژنە وتی: بێفەڕی واوا لێکراو، چۆن هەر خۆت ئەچی؟ ئەبێ منیش بێم، ئەتەوێ بچی خەزنەکە دەربێنی و لە منی بشاریەوە! وەڵڵا ڕۆحیشت دەربچێ ئەبێ پێکەوە بچین! کابرا وتی باشە ئافرەت ئێستا من چیم وتووە؟!

ئەو شەوە هەر پەت و گوریسێکیان هەبوو هەموویان کۆکردەوە و بەیانی لە پێش مەلا بانگدانا لێیان دا ڕۆیشتن تا گەیشتنە سەر ئەشکەوتەکە. ژنەکە وتی: کە ئەچمە خوارەوە بە ئارەزووی خۆم ئاڵتوون دێنمەوە دەرەوە، تۆ لێی نازانی!

پیاوە هێنای چەند گوریسێکی پێکەوە بەست و سەرەکەی لە ناو قەدی ژنەکە قایم کرد و دای هێشتە خوارەوە، دوو سێ گوریس ڕۆیشت ئینجا خەنجەری دەرهێنا گوریسەکەی بڕی و ئافرەت کەوتە خوارەوە! ژنە لە خوارەوە بانگی کرد: پیاوەکە من کردبێتم تۆ نەتکردبێ. پیاوە وتی: بڕۆ سەگباب! خۆ تۆ ئەمە چەند ساڵە منت کوشت. ئیتر لێیدا گەڕایەوە.

ئەم ئەشکەوتە هی دێوێک بوو. ئێوارە کە دێوە هاتەوە حەبێ چوو بەلایەوە و تەفرەی دێوەکەی دا کە نەی خوا، دێوە هەرچەند بۆڵە بۆڵی کرد حەبێ گوێی نەدایەو سازی کرد. ئیتر دێوە بە هەر جۆر بوو ڕا هات و گوزرانی سەگ مەرگی لەگەڵ حەبێدا ئەکرد. حەبێ تەنگی بەویش هەڵچنی! زۆری پێ نەچوو، دەنگ بڵاو بوەوە کە کچی پادشا شێت بووە پادشایش هەر ئەو کچەی هەیە هەرچەند لەگەڵی خەریک بوو چاک نەبوەوە جاڕیان دا بە وڵاتا هەرکەس ئەم کچە چاک ئەکاتەوە پادشا کچەکەی لێ مارە ئەکا، بەڵام ئەگەر یەکێک وتی: چاکی ئەکەمەوە وە لە پاشا نەیکردەوە، لە سەری ئەدەن. ڕۆژێک دێوە هات بەلای شوانەی مێردی حەبێوە. وتی: فڵانی تۆ چەند ساڵێک جەزرەبەت کێشا بە دەست حەبێ گیانەوە، لە پاشا کردت بە تووشی منەوە وە خۆتت ڕزگار کرد. ئێستا منیش وەڕەز بووم وە دەبێ دەشت بگرمە بەر سەری خۆم هەڵگرم بە دەست حەبێوە. کچی ئەم پادشایە من خۆمم پێشان داوە بۆیە شێت بووە، ئێستا من ناچارم لەبەر حەبێ گیان ئەم وڵاتە بەجێ بێڵم، کە بە جێم هێشت لەبەر چاوی کچە لا ئەچم و کچە چاک ئەبێتەوە، جا تۆ هەستە بچۆرە لای پادشا بڵێ من چاکی ئەکەمەوە، با لێت مارە کات و تۆزێ بحەسێیتەوە، چونکە من ئەزانم بە دەست حەبێوە چیت چێشتووە! بەڵام هەر ئەم جارە ئەم ئیشەت لەگەڵ ئەکەم، ئەوا پێت ئەڵێم ئگەر جارێکی کە یەکێکی کە شێت بوو هاتنە لات و تۆیش چوویتە سەری ئەوا ئەت کوژم.

کابرا وتی: دێوە پیاوی چاک بە من لە پزیشکییم چی؟ وازم لێ بێنە با بە شوانی خۆمەوە ڕابوێرم، من هەر لە دەست حەبێ ڕزگارم بووە بەسمە، هیچم ناوێ، بۆ چی سەرم بە فەتارەتا ئەدەی ئەگەر مەبەستت لە ناو بردنمە هەر خۆت بمکوژە و مەمدەرە دەست پادشاوە! دێوە وتی: ئەمەوێ چاکەت لەگەڵ بکەم، هەڵسە بچۆ، بەڵام ئەگەر جارێکی کە بچیتە سەر یەکێکی تر بێگومان بە کە ئەتکوژم.

کابرا چار ناچار هەندێ شووشە و تەپوتۆزی خستە ناو خورجێکەوە وە بە ترس و لەرزەوە ڕووی کردە کۆشکی پادشا و من پزیشکم و هاتم کچی پادشا چاک ئەکەمەوە! پادشا بانگی کردە لای خۆی و پێی وت: کوڕە ئەگەر چاکی نەکەیتەوە لەسەرت ئەدەم! وتی: باشە! و قاقەزیان بۆ یەک نووسی ئەگەر ئەم کچەکەی چاک کردەوە پادشا لێی مارە بکا، ئەگەر چاکیشی نەکردەوە لە سەری بدەن!

لە پاشا کچە کەیان کردە ژوورێکەوە کابرا بە لایەوە. سەیری کرد دێوەکە لەوێیە هەروا بەدرۆ تۆزێ خۆڵ و مۆڵی لە شووشەکە دەرهێنا و کردیە ناو ئاو وە هەڵی سووڕاند لە لەشی کچە کە وە هەندێ دەموو پلیشی پێک دادا، گۆیا دۆعای بەسەرا دەخوێنی! لەو کاتەدا دێوەکە بە کابرای گوت: «بە دۆعا» و ڕۆیشت و خۆی لەبەر چاوی کچە ون کرد. کچە چاک بوەوە و بوو بە شاییلۆغان و زەماوەند. لە پاش بەینێک پادشا کچەی لە کابرا مارە کرد و ئیتر کابرا کەوت بە سەر خەزنە و خێر و بێردا.

یەک دوو ساڵێکی پێ چوو پادشایەکی دراوسێی ئەم پادشایە هەبوو - کە لە وڵاتێکی تر بوو - ئەویش تاقە کچێکی هەبوو شێت بوو، تومەز دێوەکە، لە دەست حەبێ هەڵاتووە و چۆتە ئەو وڵاتە خۆی بەو کچە نیشان داوە و ئەویش شێت بووە! هاتن لەم پادشایە پاڕانەوە کە ئەبێ زاواکەت ئەم کچەی ئێمەش چاک کاتەوە، پادشا ڕووی نا لە کابرای شوانەی زاوای و وتی: ئەمانە دراوسێمانن ئەبێ بچی و کچەکەیان چاک بکەیتەوە. کابرا وتی: بۆ خاتری خوا وازم لێ بێنە من هیچ نیم و ئەم ئیشانە ئیشی من نین. ئەم زۆری وت و ئەوان کەمیان بیست لە ئاخر هەستا چووە ماڵەوە، وەسیەتی خۆی کرد و خورجەکەی هەڵگرت و لێیدا ڕۆیشت بۆ ماڵی پادشاکەی کە. چووە ژووری کچەکە، تەماشی کرد وا دێوە لەوێیە دێوەکە وتی: ها، واوا لێ کراو پێم نەوتی من هەر تەنها یەکجار ئەوەت لە گەڵ ئەکەم؟ ئەگەر جارێکی کە بچیتە سەر یەکێکی تر ئەتکوژم، ئێستا ئیتر چۆن هاتویت بۆ ئێرە؟!

ئەویش وتی:

قوربان خۆ بۆ ئەوە نەهاتووم کە ئەم کچە چاک بکەمەوە. وتی: ئەی بۆ چی هاتویت؟ وتی: هاتووم بۆ ئەوە عەرزت بکەم کەوا حەبێ لەبەر قاپی ڕاوەستاوە! دێوە کە گوێی لە ناوی حەبێ بوو وتی: کوا بۆ خاتری خوا! ئەمەی وت و لە ترسانا بۆی دەر چوو! کە ئەو نەما کچەکەش بۆ خۆی چاک بۆوە.

ئەمە کەتنی حەبێ گیان کە تەنانەت دێوەیشی بەزاند!