دوو پیرێژن هەبوون، بە کچێنی زۆر ناشرین...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  814 مشاهده

دوو پیرێژن هەبوون، بە کچێنی زۆر ناشرین بوون، کەس نەیخواستن، هەروا مانەوە تا پیر بوون ددانیان کەوت. یەکێکیان تەنیا دانێکی مابوو ئەوی تریان دوو دان، ئەو سەردەمەش دانساز نەبوو. ڕۆژێ وتیان خۆ ئێمە لە دنیادا لەزەتمان لە خۆمان نەدی کە واتە با پێکەوە خانووێک بگرین هەردووکمان دەست ڕەنگین، دروومان ئەکەین و تا ماوین بۆ خۆمان بەم جۆرە ڕائەبوێرین.

هاتن خانووێکیان گرت، دوو - ددانە لە ماڵەوە دروومانی ئەکرد بە جلی ئاڵوواڵەوە، یەک - ددانەش ئیش و کاری بازاڕی ئەکرد. خانووەکەیان لەسەر ڕێی قەراخ شار بوو. کوڕی پاشا ئەچوو بۆ ڕاو، لەسەر سوارییەوە چاوی بە دوو - ددانە کەوت، بە ئاڵوواڵا و قەد و باڵایەکی بەرز و بە لار و لەنجە، بە هەیوانەکەدا ئەهات و ئەچوو، بە کچێکی جوانی نازداری هاتە پێشچاو! یەک ددانەی بانگ کرد و وتی: ئەو کچە کێیە؟ وتی: قوربان ئەوە تەنها کچمە، بۆیە هێناومەتە ئەم قەراخ شارە کەس نەیبینێ و ئاژاوەیەکم بۆ نەنێتەوە، ئاخری لێرەش ڕزگارم نەبوو جەنابتان دیتان، قوڕ بە ماڵمەوە درا، ئەترسم کچەکەم لە کیس بچێ! کوڕە میر ئەوەندەی تر شێتگیر بوو وتی: پیرێژن من ئەم کچەم هەر ئەوێ.

کوڕە سەودایەکی وای کەوتە کەلەوە نەیتوانی بچێ بۆ ڕاو، گەڕایەوە خشڵ و تەدارەک و پارەیەکی زۆری نارد، وتی: ئەمشەو ئەو کچەم ئەوێ. دوو - ددانەیش ئاڕایشی یەک ددانەی دا و دوو هەنجیرە وشەکەی نایە ناو دوو لاگوپییەوە کە چاڵی گوپی، پێ پڕبکاتەوە! یەک ددانە مڵچە مڵچ هەنجیری ئەمژی زۆری پێ خۆش بوو!

شەو بردیان بە بووکی، کوڕە میر چووە پەردە ڕوانی وا دەڵە دێوێک دانیشتووە! وتی: ئای پیرێژن چ پەنێکی پێدام!؟ شەقێکی لە بووک هەڵدا لە پەنجەرەوە فڕێی دایە باخەکەوە، هەنجیری لە دەم دەرپەڕی، چڵم و لیک و لە سووراو و سپیاو و فرمێسک دەم و چاوی گرتبوو، بە هەنسکەوە ئەگریا و ئەیوت: هەنجیری ماڵی دایکم ئەوێتەوە!

ڕێکەوت وابوو، کچی شای پەرییان قوڕگی خڕ ببوو دەر نەدەبوو. لە تاو ژانی قوڕگی ئارامی نەبوو، تەختە - ڕەوانیان لەسەر شانی پەرییان بۆ دانابوو ئەیانگێڕا، کە چاوی بەمە کەوت بێئیختیاری پێکەنی و قوڕگی دەربوو! دوعای کرد پیرێژن بوو بە کچێکی چواردە ساڵی لە پەری جوانتر!

کوڕە کە پیرێژنی فڕێدایە خوارەوە مەرنقی کرد ئاخۆ ماوە، یا مردووە؟ کە چوو تەماشی کرد ئەوا باخەکە لە تیشکی ڕووناکیی یەک - ددانە شەوق ئەداتەوە! ئەویش هەر ئەڵێ: هەنجیری ماڵی دایکم ئەوێتەوە! چوو ماچی کرد و هێنایەوە ئۆدەی بووکێنییەکەی!

دوو - ددانەش چاوەڕێ بوو کەی دەیبەن بۆ کوشتن! کەچی بە خۆشی خۆشییەوە هاتن بە شوێنیا، کە چوو یەک - ددانەی نەناسییەوە، بە ناو نیشانەی گفتوگۆی پێشوویان، ناسییەوە. ئینجا دوو - ددانە هەر ئەیماڵی بە سەر خۆیا و ئەیوت: چیم کرد بە خۆم!