ڕۆژێک پیرێژنێک هات بۆ قەراخ شار، تەماشای...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  1004 مشاهده

ڕۆژێک پیرێژنێک هات بۆ قەراخ شار، تەماشای کرد ئەوا لە ناو قسنەکەی «ویسی نازدار» شەیتان دەستە ئەژنۆ دانیشتووە و ئەگری و خوڕ خوڕ ئاو بە چاویا دێتە خوارەوە. لێی پرسی: ئەوە بۆ چی ئەگری؟ وتی: پورێ! «کۆستە» و «باوەمەردە» شاییانە ژنبەژنیان کردووە، ئەمڕۆ چوار ڕۆژە دەهۆڵ و زووڕنا لێ ئەدەن، هەرچەندم کرد بیانکەم بە گژ یەکا، بۆم نەکرا، لە داخی ئەوە ئەگریم، گریان بۆ من باشە! وتی: ئەی عەمرت نەمێنێ هەڵسە وەرە لەگەڵم، من ئەڵێم برامە تۆیش بڵێ وایە، ئینجا بزانە چی ئەکەم! شەیتان وتی: پورێ ئەگەر تۆ شتێکت پێ کرا شەرت بێ تا ماوم ببم بە شاگردت.

ئینجا هەردووکیان هاتنە «کوستە» و لەڕێوە چوونە ماڵی ئەو کوڕە کە خوشکی داوە و ژن ئەهێنێ. پیرێژن هەر لەگەڵ گەیشتەجێ وتی: ڕۆڵە خۆ تۆ خزمی، کە ژنت ئەهێنا بۆ چی پرسێکت بە من نەکرد؟ من و باوکت خاڵۆزا و پورزاین، ئەگەر بە هەژارم ئەزانی هەر خۆڵی ناو ماڵەکەم بێژمەوە چوار ئەوەندەی دەوڵەتەکەی تۆی تیایە! کوڕە گەلێ لە خۆی بوردەوە وتی: پوورێ لێم ببوورە بە خوا نەمزانیوە کە خزمایەتییەکی وەهامان هەیە، هەتا ئەمڕۆش بە خزمەتت نەگەیشتووم.

ئێتر پیرێژن داوێنی لێ کرد بە لادا دەستی کرد بە چێشت دروست کردن، ئەو ژنانەی کە نان و چێشتیان ئەکرد هیچیان پێ نەمابوو هەموو ببوون بە سەیرکەر. سێ ڕۆژ شایی مابوو، پیرێژن هەناسەیەکی نەدا و قنگی نەنایە زەوی، ئەوە وەکوو ئاشی چوار چوار پالۆ هەر هەڵئەسوڕا! ڕۆژی بووک سوار کردن، بووکی بە جۆرێ ڕازاندەوە کە هەموو خەڵکی دێیەکە سەرسام مان. لێرەوە بووکیان برد بۆ «باوەمەردە» و لەولاشەوە بووکی باومەردە هات. بووکەکانیان گۆڕییەوە.

پیرێژن چووە ژوورەوە تەماشای کچە باوەمەردەیی کرد - کە بۆ خاڵۆزای هاتووە! - نەختێ سەرکەفی «خوم»ی لە گیرفانا بوو دەستی تێوە دا و دەستی کرد بە باخەڵی بووکێدا هەردوو مەمکی گووشی! ئیتر هاتە دەرەوە، زاوای بانگ کرد و سێ چەپۆکی بە سەری خۆیا دا و نەختێ پۆپە سپییەکانی ڕاکێشا و وتی: هەتیو! خوا بتگرێ تۆ کە ژنت ئەهێنا نەدەبوو بگەڕێی ژنێکی بە نامووس و بە شەرم بێنی؟ چووی ئەم خوشکە نازک و نازدارەت دا بە قەحبەیەک!

کوڕە جارێ لە تاسەوە چوو، ئەمجا پرسی: تو خوا پورێ ئەم ژنە چییە؟ پیرێژن دیسان یەک دوو چەمۆڵەی لە خۆی نا وتی: ئەم گێسو بریدەیە دۆستی هەتیوێکی خومخانە چی بوو، هەموو ڕۆژێک کە بۆ ماست و دۆ فرۆشتن ئەهات، هەتیو ئەیبردە ژووری خومخانەکەیەوە هەرچی لە گەڵ ئەکرد ئەیکرد! تەنانەت ڕەنگە ئێستاش سنگ و مەمکی نیشانەی خومی پێوە بێ!

هەتیویش کەر و سەرشێت بوو ئەم قسەیەی بیست هەڵیکوتایە ژوورەوە و کراسی بووکی هەڵدایەوە، کە ڕوانی ئەوا هەردوو مەمکی جێگای پێنج پەنجە و دەستەکەی لێوە دیارە و هەمووی خومە! ئیتر بەبێ هێڵ و گفت بووکی دایە بەر خەنجەر! شڕ و وڕی کرد بەسەر یەکا!

پێخەسوو، کە بووکی بە کوژراوی دی، ئەویش دای بە سەری خۆیا بە باوکەڕۆ خۆی گەیاندەوە «باوەمەردە» و لە دوورەوە بانگی کرد: ئەوە بۆ چی ڕاوەستاون؟ خۆ کۆستەیی بووکیان پارچە پارچە کرد. ئەمانیش دەستبەجێ بووکیان پەل پەل کرد! ئەمجا هەردوو دێ دەستیان دایە تفەنگ، هەتا ڕۆژئاوا بوو دە دوانزە کەسیان لە یەکتری کوشت!

ئەمجا شەیتان کە ئەمەی دی دەستی پیرێژنی ماچ کرد و وتی: نەوەک شاگرد! ئیتر پورێ هەتا ماوم خزمەتکارتم!