کابرایەکی کورد دوو کوڕی گەنجی هەبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 4 دقیقه  787 مشاهده

کابرایەکی کورد دوو کوڕی گەنجی هەبوو، کوڕەکان چوون دوو خوشکیان خواست، زۆری پێ نەچوو یەکێ لە کوڕەکان ڕەنگ و ڕوویەکی تری هەڵێنایەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ جوانتر ئەبوو، کەچی ئەوی تریان بە پێچەوانەی ئەو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و پەرپوتتر ئەبوو، لە براکەی خۆی پرسی: ئەرێ برا تۆ لە ماڵەوە لەگەڵ ژنەکەت چۆنی؟ وتی: برا، ژنی وا چاک و گوێڕایەڵ هەر نەبووە. وتی: ئەرێ تۆ چۆنی؟ وتی: بە خوا برا کوشتومی، من ئەڵێم سیر و ئەو ئەڵێ پیاز! براکەی وتی: نابێ، هەردووکیان کچی یەک باوک و دایکن، بۆچ ئەبێ ئەو وابێ و ئەم وابێ؟ وتی: ئەگەر بڕوا ناکەی با تاقییان بکەینەوە. وتی: باشە.

کابرا هەستا چووە بازاڕ بارێ شووتی کڕی. بۆ شەوێ براکەی و دوو سێ کەسی تری بانگ کردە ماڵەوە. لە پاش نانخواردن وتی: ئا ژنەکە شووتییەکمان بۆ بێنە بیشکێنین. ژنە چوو شوتییە کۆڵەیەکی هێنا و فڕێی دایە بەردەمی، مێردەکەی! مێردە وتی: ئەمە خراپە شووتییەکی باشمان بۆ بێنە. ژنە بە ناوچەوانێکی گرژ و مۆنەوە هەستا چوو پێنج شەش شووتی خستە سینییەکەوە و هێنای وتی: فەرموو ئەوە شووتییەکانت کە کەر نایانخوا! ئەڵێی خزمەتکار و کارەکەری ڕاگیر کردەوە، پەیتا، پەیتا ئەمری بە سەرا ئەکا! میوانەکانیش ئاگایان لەم گفت و لفتەیە. لە پاش تۆزێ زۆر شەرمەزار بوون و لێیان دا ڕۆیشتن.

سبەینێ براکەی هات و وتی: ئیمشەو میوانی من بن. ئینجا چوو لە بازاڕ تاقە شوتییەکی کڕی و بردییەوە ماڵەوە، ئێوارێ، براکەی و میوانەکانی تری چوون دانیشتن. لە پاش نانخواردن کابرا بە ژنەکەی وت: ئا ژنەکە شوتییەکمان بۆ بێنە بیشکێنین. ژنە چوو نەوی لە شووتی و هێنای داینا پیاوەکە وتی: ئەم شووتییە خراپە بچۆ شوتییەکی تر بێنە. ژنە شووتی هەڵگرتەوە بردی و - هیچ شووتی تریشیان نییە - نەختێ خۆی خەریک کرد و هێنایەوە وتی: پیاوەکە بزانە ئەمە چۆنە؟ دیسان مێردەکەی وتی: بە خوا ئەمەش باش نییە شووتییەکی ترمان بۆ بێنە. ژنە شووتی بردەوە دیسان هێنایەوە وتی: پیاوەکە ئەمە یەکێکی تر بزانە ئەمە چۆنە؟

تا حەوت جار پیاوەکە شووتییەکەی بە ژنەکە ناردەوە، هەرجار کە دەچوو دەهاتەوە بە ڕوویەکی گەلێ خۆشتر لە هەوەڵ جار دەهاتەوە. کەچی شووتیش هەر یەک شووتی بوو! جارێک نەیوت شووتی ترمان نییە. بەیانی چووە لای براکەی و وتی: ها برا! ژنەکانمان چلۆنن؟ وتی: بۆ خاتری خوا چارێکم بکە. وتی: چارت هەر ئەوەیە تەڵاقی بدە من مارەی ئەکەم، ڕەوشتی بۆت چاک ئەکەم و لە پاشا بۆت تەڵاق ئەدەمەوە.

کابرا چوو، ژنەکەی تەڵاق دا، ئەمیش ژنی خۆی تەڵاق دا، هەریەک ژنی ئەوی کەیان مارە کرد. ژنی براکەی تر، کە چاوی بەم مێردەی کەوت سواری بوو! ئەوە ئەو هیچ! ئەمی تریش ئەو ڕۆژە کە هێنای، کەرێک لە حەوشەدا بوو بە ژنەکەی وت: ئا بچۆ دۆڵەکەیە ئاو بۆ ئەو کەرە دانێ. ژنە چوو ئاوەکەی بۆ دانا، کەرەکە دەمی برد بۆ ئاوەکە و کەچی نەیخواردەوە.

کابرا هەر هەڵیکێشایە خەنجەر و خەنجەرێکی گەیاندە لارەفیسکەی کەر و وتی: کەرانباوگاو لای وایە ئەو عالەمە خزمەتکاری ئەوە، هەر ئاوی بۆ دانێن و نەیخواتەوە! خوێن فیچقەی کرد. ژنەکە ئەمەی دی زەنەقی چوو! ئیتر ملی بۆ ئەم مێردەی ڕاکێشا، ئەگەر مێردەکەی بارە گوێزی لێ بنایە خڕەی نەئەهات.

لە پاش بەینێک چووەوە لای براکەی و وتی: برا! ژنەکەم بۆ چاک کردووی وەرە بۆت تەڵاق ئەدەم ژنی خۆت بەرەوە. هەریەکە ژنی خۆیانیان تەڵاق دا و ئینجا لە براکەی پرسی: ئەو ژنەی لای من زۆر لاسار بوو چۆنت چاک کرد؟

ئەویش وتی: کوتەک ئەزانێ قۆناخ لە کوێیە و باسی کەرەکەی بۆ گێڕایەوە.

کابرا کە ژنەکەی مارە کردەوە فیکری کردەوە وتی: بە خوا وا چاکە با منیش هەر لە هەوەڵەوە ڕای بێنم. بە ژنەکەی وت: ئا ژنەکە مەرکانەیە ئاو دابنێ بۆ گوێدرێژ با بیخواتەوە. ژنە چوو مەرکانە ئاوی دانا و کابرا چوو بە لای کەرەکەوە - ژنەش ڕاوەستابوو - سەیری کرد کەرەکە ئاوەکەی ناخواتەوە، هەڵیکێشایە خەنجەر کە لە ورگی کەر بدا. ژنەکە خێرا دەستی برد، دەستی کابرای گرت و وتی: مەکە، لێت ناوەشێتەوە، بە خۆڕایی کەرەکەش مەکوژە، تۆ هەر پیاوەکەی جارانی چاکت ئەناسم! کابرای قوڕبەسەر دەستی ساردبوەوە و چۆوە دۆخەکەی جاران.