ژنێک سێ کچی هەبوو، یەکێکیانی دا بە شوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  689 مشاهده

ژنێک سێ کچی هەبوو، یەکێکیانی دا بەشوو، پێی وت: ڕۆڵە، شەو کە ئەچیتە لای مێردەکەت لەو وەختەدا کە خەریکی ئیش کردنە بزێکی پێوە بکە، بزانە ئەڵێ چی! کچە، شەو، کە مێردەکەی چووە لای وەکوو دایکی پێی وتبوو، بزێکی بە مێردەکەیەوە کرد! مێردە زەردەخەنەیەک گرتی و وتی: ئای ئەوە بۆ چی وا ئەکەی؟ سبەینێ دایکەکە لە کچی پرسی: ها، ڕۆڵە چی بوو؟ وتی: دایکە بزەکەم پێوە کرد زەردەخەنە گرتی و وتی بۆ چی وا ئەکەی! دایکی وتی: ڕۆڵە ئەوە کەرێکە خوا پێی داوی، بەختت چاکە تا ماوی سواری بە. کچی ناونجی دا بە شوو، بەو جۆرە ئامۆژگاری ئەویشی کرد شەو کە کچە مێردەکەی هاتە لای بزێکی بە مێردەکەیەوە کرد، کابرا ڕاپسکا و هیچ دەنگی نەکرد، بەیانی دایکی کچە کە لە کچەی پرسی: چیی بوو؟ وتی: دایە کە بزەکەم پێوە ڕاپسکاو و دەنگی نەکرد، وتی ڕۆڵە تۆیش هەر باشی ئەوەندە هەیە هەروەخت ئەو تووڕە بوو، تۆ هیچ دەنگ مەکە.

ئینجا کچی دا بەشوو، بەویش هەروای وت. شەو، کەمێردەکەی چووە لای، لەو وەختەدا بزێکی بە مێردەکەیەوە کرد. مێردەکە کێشایەوەو ئیشەکەی نەکرد. هەستا خۆی کۆکردەوەو بە کچە کەی وت: توخوا بزانم ئەو پەنجەتە کامە بوو با ماچی بکەم؟ کچە پەنجەکەی خۆی پیشان دا، کابرا چەوقۆیەکی دەرهێناو ئەنگوستی بڕیەوە. کچە کەوتە قۆڕە قۆڕ وە هاوار هاوار تا بەیانی، بەیانی دایکی هات لێی پرسی: چی بوو؟ وتی: دایە خوا بتگرێ بۆ ئامۆژگاری، کەمنت ئەوا ئەنگوستێکم لەسەر دانا. دایکی وتی: ڕۆڵە ئەنگوستێک بڕوا بڕوا چاکترە تا خۆت. ئەوا پێت ئەڵێم مێردەکەت مێردە، هەر ببزویتەوە ئەتکوژێ، جا ئەبێ بە هەموو جۆر ملی بۆ ڕاکێشی.