کابرایەکی کوردی دەوڵەمەند تاقە کوڕێکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 9 دقیقه  786 مشاهده

کابرایەکی کوردی دەوڵەمەند تاقە کوڕێکی هەبوو لەبەر ئەوەی زۆری خۆش ئەویست نە پێی ئەخوێند، نە فێری هیچ کارێکی کرد. کوڕە لە پاش مردنی باوکی دەستی کرد بە تەخشان و پەخشان کردن، زۆری پێ نەچوو نابووت بوو، پولێکی بە دەستەوە نەما، چار ناچار ماڵ و منداڵی بەجێهێشت و چووە شارێکی وەکو «ئەدرنە». بێجگە لە کۆڵکێشی هیچ ئیشێکی تری پێ نەکرا، چووە گمرک بوو بە کۆڵکێشی گمرک. زۆری نەچوو لەبەر ئەوەی پیاوێکی بنەماڵە بوو خووڕەوشتێکی باشی ئەنواند، کردیان بە حەماڵباشی، لە ماوی یەک دوو ساڵێکدا پارەیەکی باشی کۆکردەوە.

ڕۆژێک تێفکری پارەکە زۆرە ئەگەر بچتەوە بۆ وڵاتی خۆی ئەتوانێ تجارەتی پێوە بکات. پارەکانی هەڵگرت و چووە کەلاوەیەکەوە، هەزار لیرەی کردە توورەکەیەک، هەزار مەجیدی کردە توورەکەیەک، هەزار پێنجویشی کردە توورەکەیەکی ترەوە و زۆر چاک قایمی کرد و خستییە باخەڵییەوە.

کە سەری هەڵبڕی ئەوا ژنێکی جوانکەلە بە دیارییەوە وەستاوە، ژنەکە پرسی: ئەمە چییە باوکم؟ وتی: بە خوا خوشکێ، من خەڵکی ئەو وڵاتی کوردەوارییەم لێم قەوماوە هاتوومەتە ئەم وڵاتە ئەم پارانەم گرد کردۆتەوە، ئەمە دووساڵە ماڵ و منداڵم بەجێهێشتووە، ئێستاکە خوا بەزەیی پیاما هاتۆتەوە ئەوەندەی داومەتێ ئەمەوێ ئیتر بڕۆمەوە بۆ وڵاتی خۆم. ژنەکە وتی: ئۆ بە خوا زۆر دڵم پێت سووتا، کە واتە ڕاوەستە، منیش خێرێکم لەسەرە لە تۆم چاکتر دەست ناکەوێ، ئەوا ئەچم بۆت دێنم.

کابرا دانیشت و ژنەکە لێی دا ڕۆیشت، زۆری پێ نەچوو تەماشای کرد ئەوا ژنەکە پۆلیسێک و یاساوڵێکی مەحکەمەی هێنا و هاتەوە، کابرایان ڕاکێشا و بردیان بۆ دیوانی قازی. قازی لە ژنەکەی پرسی: چییە؟ وتی: قوربان ئەم کابرایە بکەس و سواڵکەر بوو، حەوت ساڵ لەمەو پێش هات منیش شووم پێکرد، ئەمە حەوساڵە بەخێوی ئەکەم و چنگە کڕێی بۆ ئەکەم، دوێنێ شەڕمان بوو سێ بە سێ تەڵاقی دام، شەوێ هاتووە هەزار لیرە و هەزار مەجیدی و هەزار بێچووم هەبوو، هەریەکی لە تورەکەیەکی چیتی مۆردایە دزیویەتی ئێستا ئەمەوێ بۆم بسێنیتەوە!

قازی ڕووی کردە کابرا و وتی: ها تۆ ئەڵێی چی؟ کابرا وکو لە بانێ بەربێتەوە، وتی: قازی بەگ بۆخاتری خوا نە ژنم بووە و نە هیچ و نە پارەشم دزیوە. ژنە وتی: قوربان تەماشای کە ئەمە حەو ساڵە بەخێوی ئەکەم کەچی ئێستا ئەڵێ هەر ژنیشم نەبووە؟ ناونیشانمان ئەوە بێ کیسەکان تەنانەت بە دەزوی سپیش دوورراون!

قازی ئەمری کرد کیسەکانیان لە باخەڵی کابرا دەرهێنا، هەموو ناونیشانی ژنەکە دەرچوو، ئینجا دوو شاهێدیش هان وتیان: اشهد بیللا ئەم کابرایە سواڵکەر بوو، ئەم ژنە هەر لە زووەوە دەوڵەمەند و پارەی بە سوو ئەگەڕێ و خۆی مارە کرد لەم کابرایە، دوێنێ لەسەر دەستی ئێمەدا تەڵاقی ژنەکەی دا، کەچی شەوێ چووە پارەکەشی لێ دزیوە. ئیتر قازی ئەمری کرد پارەیان دا بە دەست ژنەکەوە و کابرایان دەرکردە دەرەوە.

کابرا کە ئەمەی لێ کرا، هات تۆپەڵی قوڕی دا بەسەریا و لە کۆڵانێکا دەستی کرد بە گریان هەتا ئێوارە. ئێوارە ماڵێکی گەورە بەرانبەری بوو، کارەکەرێک هات وتی: کابرا وەرە ئاغاژنم بانگت ئەکا. کابرا وتی: ئینجا نۆرەی ئاغاژنی تۆیە ئیتر چم پێماوە؟ لەگەڵ ئەوەش وتی: هەر بابچم تازە لە چی بترسم؟

هەڵسا لەگەڵ کارەکەرەکە لێیدا ڕۆیشت، کە تەماشای کرد ژنێکی جوانی خانومان لەسەر کورسییەک دانیشتووە، پرسی: باوکم! چیت لێ قەومایە؟ لەم بەر دەرگایە لە بەیانییەوە ئەگری؟ وتی: ئەوەی لە من قەوماوە لە کەس نەقەومێ. ئەوەی بەسەری هاتبوو سەراپا بۆی گێڕایەوە، خانمەکە وتی: ئەو ژنە یەکێکی گەنمڕەنگی دەم و چەناگە کوتراوی کورتە باڵای چاو جوانە؟ کابرا وتی: بەڵێ خۆیەتی. خانم وتی: دانیشە من بەیانی پارەکانت بۆ ئەسێنمەوە، بەڵام بەو شەرتەی کە پارەی خۆتت دەست کەوتەوە ئیتر لێرە نەمێنی. کابرا وتی: شەرت بێ هەتا ئەمرم بەندەی تۆ بم و ئیتر لەو وڵاتەش نەمێنم.

ئیتر چوو لەسەر تەنووری ماڵە گەورەکە لێی کەوت و نان و چێشتیان بۆ هێنا، بەڵام هەنگوینی بە دەم تاڵ بوو هیچی پێ نەخورا، هەر لێکی ئەدایەوە کە ئایا چلۆن ئەم ژنە پارەکەی بۆ ئەسێنێتەوە؟ بەم خولیایەوە خەوی لێکەوت.

بەیانی زوو خانم هەڵسا چارشێوی بە سەرا دا و کابرای بانگ کرد، وتی: ئەو ژنە خۆی وتوویەتی کە حەوساڵە ژنی تۆ بووە؟ وتی: بەڵێ. وتی: ئەمە لە مەحکەمەش نووسراوە؟ وتی: بەڵێ. وتی: کە واتە بچۆ ئەو ژنە کوڕێکی پێنج ساڵی هەیە وا بە باوەش ژنێکی دایانەوە - کە بۆی ڕاگیر کردووە - کوڕەکەت پیشان ئەدەم پەلی بگرە بیبە وە بڵێ ئەیبەم بۆ وڵاتی خۆم و کوڕی خۆمە، ئەگەر ژنەکە چوو شکاتی کرد تۆیش بڵێ بە شەرع ئەولاد هین باوکە، من منداڵی خۆم ئەبەم بۆ وڵاتی خۆم، ژنکەیش زۆر کوڕەکەی خۆش ئەوێ وە نایدا بە تۆ، هەتا لە پارەکەی خۆت هەندێ قازانجیشی لێ نەسێنی کوڕەکەی مەدەرەوە.

کابرا وتی: سا، دەی بم وە قوروانت. ژنەکە کارەکەرەکەی خۆی لەگەڵ نارد منداڵەکەی بەلای دایانەکەوە پیشان دا، کابرا چوو پەلی منداڵی ڕاکێشا، دایان وتی: ئەوە چییە؟ وتی: ئەڕۆمەوە بۆ وڵاتی خۆم و کوڕەکەم ئەبەمەوە لە گەڵ خۆما!

دوو سێ منداڵی تر ڕایان کرد خەبەریان دا بە دایکی کوڕە، ژنە ئاگری تێ چوو، بە غار دوای کابرا کەوت وتی: سەگباب ئەو کوڕ بۆ کوێ ئەبەی؟ وتی: قەحبە، کوڕی خۆمە وئەیبەمەوە بۆ وڵاتی خۆم، ئەمەی وت و شەپازلەیەکی بە بناگوێی کوڕا کێشا، کوڕە دەستی کرد بە گریان. ژنە بە تەواوی ئاگری تێ چوو ڕای کرد بۆ لای قازی و شکاتی کرد، فەڕاشێک هات و کابرای بانگ کرد. قازی وتی: کورە کابرا تۆ منداڵی ئەو ئافرەتە بۆ کوێ ئەبەی؟، وتی: قوربان من ئەو کابرایەم کە دوێنێ ئەم ژنە وتی ژنی بووم وە تەڵاقم داوە و پارەکەی لێ سەندمەوە، ئێستاکە من ئەڕۆم سەرمایەی حەوساڵم ئەم کوڕەیە، وە بە شەرعیش ئەولاد هی باوکە هی دایک نییە، ئەیبەم بۆ وڵاتی خۆم! قازی فەرمووی: دایکم شەرعەن ئەولاد هی باوکە خۆ لێی زەوت ناکەی؟!

ژنە دەستێکی کەوتە ئەملا و دەستێکی کەوتە ئەولا! کابرا لەگەڵ لە مەحکەمە هاتە دەرەوە چەپۆکێکی بە سەر کوڕەدا دا، دایکەکەی وەخت بوو گیانی دەرچێ، ئاخری چار ناچار هات کەوتە پاڕانەوە، کابرا وتی: ئافرەت تۆ شێت بووی کوڕەکەم بەسەد هەزار لیرە نادەم. ژنە داوێنی بادا، وتی: بیکە لە ڕاهی خوادا هەزار لیرەت قازانج ئەدەمێ کوڕەکەم بدەرەوە. کابرا هەموو پارەکانی خۆی لە گەڵ هەزار لیرە قازانج وەرگرت و کوڕەکەی دایەوە دایکی.

کابرا لە دڵی خۆیا لێکی دایەوە وتی: کاروان ڕۆیشتووە ئێستاکە هاوڕێم دەست ناکەوێ کە لە گەڵی بڕۆم، ئەم پارەیەش خەڵکی زانیویانە کە پێمە، ئەترسم لێم بدزن. ئینجا وا چاکە بچم پارەکەم لای قازی بە ئەمانەت دانێم، هەروەخت کاروان هات، ئەچم وەری ئەگرمەوە وە ئەڕۆم. چووە لای قازی وتی: قۆربان ئەم پارەیەم بە ئەمانەت لای خۆت بۆ دانێ هەتاوەکوو هاوڕێم دەست ئەکوێ و ئەڕۆمەوە. قازی وەری گرتوو - سندووقێک کە لە بەردەمیا بوو - خستیە ناویەوە. لەپاش سێ چوار ڕۆژ کاروان هات، کابرا چووە لای قازی وتی: قوربان ئەمانەتەکەم بدەرەوە ئەوا کاروان هاتووە لەگەڵی ئەڕۆمەوە. قازی وتی: ئەمانەتی چی؟ وتی: پارەکانم. قازی وتی: قەحبەباب پارەی چی؟ یاڵا دەرەوە! کابرا هەناسەیەکی هەڵکێشاو دەستی کرد بە گریان و چووەوە بەر ماڵەکە دیسان لێی دانیشت، کارەکەرەکە هات و وتی: وەرە خانم بانگت ئەکا. ڕۆیشت، خانم وتی: دیسان چییە؟ وتی: قوربان داد، لە دەست گورگ ڕزگارت کردم ئێستا کەوتمە دەست سوار، پارەکەم بە ئەمانەت لە لای قازی دانابوو ئەوا قازی دەستی پیا گرتووە نام داتەوە. خانم وتی: بڕۆ بەیانی بۆت ئەسێنمەوە، بەڵام بەو شەرتەی لەم شارە بەند نەبی. کابرا وتی: قوربان ئەگەر ئەم جارە دەستم لە یەخەی ئەم شارە بۆوە شەرت بێ جارێکی کە شەوی تیا ڕۆژ نەکەمەوە. چوو لەسەر تەنوورەکە لێی کەوت و هەر لێکی ئەدایەوە ئاخۆ بۆم بسێنێتەوە یان نە؟

ئەو شەوە ڕۆژ بۆوە، خانم دەستێ جلی نایابی لەبەر کرد و خۆی ڕازاندەوە سندوقێکی نایە بن دەستی، چووە لای قازی وتی: عەرزی قازی بکەن ئیشم پێی هەیە تەنها خۆم و خۆی. قازی مەحکەمەی چۆڵ کرد. ژنەکە بە کابرای وت لە پاش وەرە بڵێ قازییە فەنی ئەمانەتەکەم بدەرەوە، لەوە پێش تریش ئامۆژگاری کارەکەرەکەی کردبوو کە بە تۆزێک لە پاش پیاوەکەوە بێت و بڵێت خانم ئاغام هاتەوە. ئینجا چووە ژوورەوە وتی:

قازییە فەنی من ژنی فڵان توجارم، مێردەکەم بۆ تجارەت چووەتە هندستان وەکوو بیستوومە مردووە، ئەوا ئەم سندووقە - کە پڕیەتی لە جەواهرو و شتوومەکی نایاب - هێناومە لای جەنابت بێ ئەگەر ڕاست بوو مێردەکەم مردبوو هەمووی بۆ تۆ بەڵام لە میرات نووسینەکە دا چاوت لێم بێ، ئەگەر نەشمردبوو ئەوا نیوەی بۆ تۆ و نیوەم بدەرەوە.

قازی فەرمووی: بە سەر چاو. کتوپڕ لەم وەختەدا کابرا هاتە ژوورەوە وتی: قازییە فەنی خوا ڕاوەستاوت کا ئەمانەتەکەم! قازی تێ فکری، ئەگەر نەیدەمەوە ژنەکە متمانەم پێ ناکا وتی: وەرە ڕۆڵە ئەوەتە لەو سندووقە دا بۆ خۆت دەری بێنە، با من دەستم لێ نەکەوێ! کلیلەکەی دایە. وتی: بیبژێرە بزا تەواوە، هەرچەند من دەستیشم لێ نەکەوتووە، بەڵام شەرعەن وا چاکە!

کابرا سندووقی کردەوە، پارەی خۆی هەڵگرت و نایە باخەڵی، لەو کاتەدا کارەکەرەکە هاتە ژوورەوەو وتی: ئاغا ژن موژدە ئاغام هاتەوە! ژنەکە سندوقی نایە باخەڵی وە دەستی کرد بە سەما کردن، کابرای خاوەن پارە و کارەکەریش کەوتنە چۆپی کێشان قازیش مێزەرەکەی دانا و دەستی کرد بە سووڕدان!

خانم وتی: قازییە فنی من سەما ئەکەم کە مێردەکەم نەمردووە، کارەکەرەکە هەڵئەپەڕێ ئاغای بە بێ مزەڕەتی هاتووەتەوە، ئەم کابرایە چۆپی ئەکێشە پارەی خۆی دەست کەوتووەتەوە، تۆ بۆ چی وا ئەکەی؟

وتی: بەخوا خانم منیش لە مەکری تۆ!