مەلا محێدینی خواجەفەنی گێڕایەوە وتی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  618 مشاهده

مەلا محێدینی خواجەفەنی گێڕایەوە وتی: کابرایەک هەبوو «سفوک»ی ناو بوو، لەو ناو جافەدا ویستی ژن بهێنێ، هاتە لام و پرسی پێکردم بۆ ئەوە بچم مارەی بکەم. وتی منیش پێم وت: بچۆ باوکی کچە و خۆت و دوو شاهێد حازر کە ئەوا منیش دێم. ئەڵێ کە چووم و نزیکی دەوارەکە بوومەوە کوڕە هات بە پێشوازمەوە و وتی: مامۆستا هەموو حازرین فەرموو. وتی لە ڕێگەدا پێم وت: ڕۆڵە من هەر شتێک ئەڵێم تۆیش وا بڵێ، بەڵام کە چووینە ژوورەوە سەیرم کرد شاهێدەکان نین وتم: ڕۆڵە هەستە بچۆ دوو شاهێدیش بێنە. ئەویش وتی: ڕۆڵە هەستە بچۆ دوو شاهێد بێنە! وتم: کوڕم مەبەستم ئەوەیە بچی دوو زەلام بێنی. ئەویش وتی: کوڕم مەبەستم ئەوەیە بچی دوو زەلام بێنی، وتی: سەیر ئەکەم من هەر شتێک ئەڵێم ئەویش ئەیڵێتەوە لە پاشا تووڕە بووم وتم: کەرانباوگاو بچۆ دوو پیاوی سەگباب بێنە تا ژنەکەت لێ مارە کەم. ئەویش وتی: کەرانباوگاو بچۆ دوو پیاوی سەگباب بێنە تا ژنەکەت لێ مارە کەم! ئیتر ئیمان لەسەرما نەما، هەستام شەپەزلەیەکم کێشا بە بناگوێیدا، وەڵڵا ئەویش هەستا جوان و پوخت شەپەزلەیەکی کێشا بە بنا گوێی منا.

ئیتر ئیش تێکچوو دەستم دایە یەخەی و دەستم کرد بە لێدانی و وتم سەگی سەگباب بۆچ لێم ئەدەی؟ سەیرم کرد تا من زلەیەکەم لەم ئەدا ئەو دوو زلەی بە بناگوێی منا ئەکێشا و بە تەواوی شەل و کوتی کردم و پەکی خستم، دەستم لە یەخەی کردەوە و خەڵکی هاتن بە سەرمانا، بەڵام من ناوێرم هیچی تر بڵێم، بە دەست دەستم بۆ هەڵئەتەکان، وتم بڕۆ.

کوڕە ئینجا ڕۆیشت و گەیشتە بەر قاپی و وتی: مامۆستا مارەیی هات؟! وتم: هات سەگی سەگباب بڕۆ. کوڕە لێیدا ڕۆیشت ۆ ئەو شەوە چووە لای ژنە! منیش لە بەر هیلاکی قسەم پێ نەئەکرا. بەیانی خەڵکەکە کۆبوونەوە وتیان: ئەرێ ئەم زرمەزلێتان لەچی بوو؟ منیش حاڵەکەم بۆ گێڕانەوە، کە من هەوەڵجار کفرم کرد وتم من هەر شتێک ئەڵێم تۆیش وا بڵێ، چووم سەیرم کرد شاهێدی نییە وتم بچۆ شاهێد بێنە ئیتر هەر شتێکم ئەوت لە لایەن شاهێدەوە ئەویش وەکو بەیتی بلە ئەیوتەوە. سەرلەنوێ خەڵکەکە بەیانی چوون کوڕەکە و ژنەکەو دوو شاهێدیان هێنا، ئەو وەختە ئیتر مارەمان کرد.