حەمە بەگی قادر بەگی جاف عەمری خوای...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  717 مشاهده

حەمە بەگی قادر بەگی جاف عەمری خوای کردبوو. پێ خۆیک قوڕیان گرتبۆوە زەلامێک بە خاکە نازەوە ڕاوەستابوو هەرکەس بهاتایە خاکە نازێ قوڕی ئەدا سەریا و هەر ئەغاڕۆشی ئەکرد. کابرایەکی مسگەری سنەیی لە ئاواییەکەدا بوو، بە لای زەلامەکەدا ڕابوورد و ئەویش گورج خاکە نازێ قوڕی دا بە سەر مسگەردا و وتی: دەی مسگەر تۆش ئاغاڕۆ بکە!

ئەویش هیچ خۆی تێک نەدا، دەستی کرد بە شیوەن و مەنجەڵی گەورە گەورەی چێشت لێنرابوو، مسگەر چوو پشکۆیەک ئاگری زلی هێنا، کابرای خزمەتکار کۆڵەنجەی لە بەرا نەبوو و یەخەی کرابوەوە، تیلمە بەنێکیشی لە پشتا بوو، مسگەر پشکۆکەی هاویشتە باخەڵیەوە و هەردوو دەستی گرت و وتی: با پێکەوە شیوەن بکەین!

زەلامەکە، تینی پێگەیشت و وتی: کورە بەرم دە سووتام مسگەر وتی: هەقتە بسووتێی ئاغات ئاغای چاک بوو. وتی: کوڕە مسگەر بەرم دە سووتام وتی: هەر تۆ نەسووتاوی ئێمەش سووتاین! وتی: مسگەر مردگت مرێ بەرم دە گڕم تێ بەر بوو! وتی: ئافەرین بۆ تۆ بەخوا خزمەتکارێکی دڵسۆز و بە وەفای بۆ ئاغاکەت وتی: مسگەر، کەرانباوگاو بەرم دە بە ئاگری ڕاستەقینە سووتام! ئیتر مسگەر دەستی بەرەڵا کرد، بەڵام کابرای قوڕ بەسەر لارقەبرغەی بە تەواوی سووتابوو!