ڕۆژێک لە دێیەکی بڵباسەتی مەلاکەیان نەخۆش...
ڕۆژێک لە دێیەکی بڵباسەتی مەلاکەیان نەخۆش بوو، ڕیشسپییەکیان هەبوو زۆر پیاوێکی بەدین و لەخوا ترس بوو، هەموو دەمێ حازری جمعە و جەماعەت بوو، چووە سەربانی مزگەوت لە باتی مەلا دەستی کرد بە بانگدان، تا «اشهد ان لا اله الا اللهعربی»ی لە بەر بوو، لەوە بە دواوە لە بیری چۆوە! هات، هات چووە سەر بانەکەی خۆیان لە کڵاوڕۆشنەکەوە بانگی ژنەکەی خۆی کرد وتی: ئەستێلێ، ئەستێلێ، ژنە وتی: هۆ، هۆ. ئەرێ کچەکە نێوی ئامۆزاکەی خوڵای چی بوو؟ وتی: چلۆن لەبیرت چوەوە؟ حەمەدی کاک ڕێسوان. وتی: ئەرێ وەڵڵا ڕەحمەت لە بابت وە بیرم هاتەوە! فڕکەی کردەوە سەربانی مزگەوتەکە و بانگەکەی بەم جۆرە تەواو کرد و پاشان وتی:
بۆ دایک بابی خوڵای حەمەدی ڕێسوان، ئیمامی مزگەوتان، هەموو تایفە و خزمان، ڕیشسپییانی بن ئاشان، پیاوماقووڵی گوندیمان، شوان و گاوانی دەشتیمان. پیرێژنی بەر کەندوان، پیرەمێردی دەستە دوان، خازە و بازەی ماڵێمان، فاحیتە!