ڕۆژێک لە دێیەکی بڵباسەتی مەلاکەیان نەخۆش...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  967 بینین

ڕۆژێک لە دێیەکی بڵباسەتی مەلاکەیان نەخۆش بوو، ڕیشسپییەکیان هەبوو زۆر پیاوێکی بە دین و لە خوا ترس بوو، هەموو دەمێ حازری جمعە و جەماعەت بوو، چووە سەربانی مزگەوت لە باتی مەلا دەستی کرد بە بانگدان، تا «اشهد ان لا اله الا اللهعەرەبی»ی لە بەر بوو، لەوە بە دواوە لە بیری چۆوە! هات، هات چووە سەر بانەکەی خۆیان لە کڵاوڕۆشنەکەوە بانگی ژنەکەی خۆی کرد وتی: ئەستێلێ، ئەستێلێ، ژنە وتی: هۆ، هۆ. ئەرێ کچکە نێوی ئامۆزاکەی خوڵای چی بوو؟ عوتی: چلۆن لە بیرت چوەوە؟ حەمەدی کاک ڕێسوان. وتی: ئەرێ وەڵڵا ڕەحمەت لە بابەت وە بیرم هاتەوە! فڕکەی کردەوە سەربانی مزگەوتەکە و بانگەکەی بەم جۆرە تەواو کرد و پاشان وتی:

بۆ دایک بابی خوڵای حەمەدی ڕێسوان، ئیمامی مزگەوتان، هەموو تایفە و خزمان، ڕیشسپییانی بن ئاشان، پیاو ماقووڵی گوندیمان، شوان و گاوانی دەشتیمان. پیرێژنی بەر کەنداون، پیرەمێردی دەستە دوان، خازە و بازەی ماڵێمان، فاحیتە!