لە زەمانی پێشوو لەو کوردەوارییە شەڕە گا...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1440 مشاهده

لە زەمانی پێشوو لەو کوردەوارییە شەڕەگا و شەڕەکەڵەشێر و شەڕەسەگ و شتی وا باو بووە، بەو بۆنەوە داستانی کوردی ئەڵێ:

ڕۆژێک پادشایەک لەگەڵ وەزیرەکەی هەر یەکەی گایەکی شەڕانییان ئەبێ، لە سەر گرەوێکی قورس شەڕیان پێ ئەکەن، گای پادشا گای وەزیر ئەبەزێنێ و پادشا گرەوەکە لە وەزیر ئەسێنێ.

کابرایەکی ڕووتەڵەی کوردی جووتیار ئەبێ. ئێوارە کە دێتەوە گایەکی کەوتووی لەڕی تووکڕووتاوەی شاخ چەوتوچەوێڵی لە تەویلەدا ئەبێ، ئەچێ ئەڵێ: گا ڕووت، خوا بتگرێ نە گێرە ئەکەی، نە جووت ئەکەی، نە بارم بۆ هەڵئەگری، هەر خۆت بە مردوو خستووە، کا ئەخۆی و هیچی تر! دوو سێ داری لێ ئەدا. گا لەڕ ئەڵێ: ئاغا بۆچی لێم ئەدەی؟ ئاغاکەی ئەڵێ: کە تۆ ئیشێکم بۆ نەکەی بە کەڵکی چی دێیت؟ ئەمڕۆ گای پادشا و گای وەزیر شەڕیان پێکردن، گای پادشا پارەیەکی زۆری بۆ خاوەنی بردەوە. خۆ تۆ بە کەڵکی هیچ نایەیت! گا ڕووت ئەڵێ: ئاغا هەر ئێستاکە لەگەڵ پادشا گرەو بکە، ئەگەر سبەینێ گای پادشام بەزاند و گرەوەکەم بردەوە خزمەتم بکە، ئەگەر من بەزیم و دۆڕاندت، سەرم ببڕە و گۆشتەکەم بدە بە سەگ!

کابرای جووتیار دەستبەجێ ئەچێتە دیوانی پادشا ئەڵێ: قوربان من گایەکم هەیە شەڕی پێ ئەکەم. پادشا ئەڵێ لەسەر گرەو نەبێ شەڕ بە گای خۆم ناکەم. جووتیار ئەڵێ: منیش ئەمەوێ لە سەر گرەو بێت و لە دووسەد لیرەش کەمتر نەبێ. ئینجا هەردووکیان ڕێ ئەکەون کە یەکی دوو سەد لیرە بدەنە دەست پیاوێک، بەیانی گای هەر کەس سەرکەوت چوارسەد لیرەکەی بدرێتێ.

جووتیار دێتەوە ئەچێتە لای گاڕووت ئەڵێ: دەخیلت بم گاڕووت دووسەد لیرەم قەرز کردووە، دام ناوە بۆ گرەوی شەڕی تۆ، بەیانی ڕووزەرد و ماڵوێرانم نەکەی. گا ئەڵێ: ئاغا ئەمر بکە دوو زەلام هەر یەکێ سەبەتەیەکی زلە بە دەستەوە بگرن و لە پشتمەوە بیهێنن! کابرای جووتیار بە قسەی ئەکا. گاڕووت هەر پەتی لە مل دائەماڵن ئیتر پەلامار ئەدا. گای پادشا لەگەڵ چاوی بە گاڕووت ئەکەوێ بەرەو دوا ئەبێتەوە و هەڵدێ! گاڕووت لە دواوە پێنج شەش قۆچ لە پاشەڵی هەڵئەدا، گای پادشا ببڕای ببڕای ئاوڕ ناداتەوە! ئیتر کابرای جووتیار چوار سەد لیرەکە وەر ئەگرێ و گاڕووت پێش خۆی ئەدا و دێتە ماڵەوە.

ئینجا ئەپرسێ: گاڕووت پێم بڵێ چی بوو کە وا ئەو گا زەلامە نەیتوانی خۆی بۆ تۆ ڕابگرێ؟ گاڕووت وتی: ئەوی ڕاستی بێ ئاغا؛ من و ئەو گایە گوێرەکەی ماڵێک بووین، شەوێک من کام بۆ تێکرابوو، بەڵام هیچیان بۆ ئەو تێ نەکرد، زۆری برسی بوو، لە نیوەشەوا لێم پاڕایەوە وتی: ئیمشەو تێرم بکە شەرت بێ سبەی شەو سەبەتەیەکت کا بدەمێ. منیش وتم ئەگەر سبەی شەو نەتدامێ چی؟ وتی: شەرت ئەکەم چەند شەو دوا بکەوێ هەر شەوێ سەبەتەیەکت قەرزار بم. ئینجا ئەمە شەش حەو ساڵە قەرزارمە. ئەمڕۆ، کە چووین لە دوورەوە منی ناسییەوە، چاویشی بە سەبەتەکان کەوت وایزانی بۆ قەرزەکە چووم و ئەو هەموو قەرزەشی پێ نادرێتەوە، لەبەرم هەڵات ئەگینا ئەگەر بە شەڕ بووایە قەت من زەوتی ئەوم ئەکرد؟ ئەوە لە ترسی قەرزاری ڕایکرد نەوەک لە ترسی زۆر و باهۆی من!