لە سەرگوزەشتی کوردانەیە: ئەڵێ: کابرایەکی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 5 دقیقه  927 مشاهده

لە سەرگوزەشتی کوردانەیە: ئەڵێ: کابرایەکی جۆڵا ژنێکی جوانی هەبوو، ژنەکە ئەیویست حاشای لێ بکا، بەڵام مێردەکەی تەڵاقی نەئەدا. بە ڕێکەوەت حاکمی ئەو شارە خەوێکی دیبوو، جاڕچی جاڕی دا کە پادشا خەوی دیوە و نایشیگێڕێتەوە، هەر کەس بێت و بڵێ ئەو خەوەت دیوە و تەعبیری بۆ لێ بداتەوە خەڵاتێکی زۆری ئەکا. ژنی جۆڵا ئەمەی بە هەل زانی وتی: خەبەری لێ ئەدەم کە لە خەو ئەزانێ لە پاشان نایشی زانێ، پادشا ئەیکوژێ و من ڕزگارم ئەبێ لە دەستی. هەستا چووە لای پادشا وتی: قوربان مێردەکەی من ئەگەر کەسێ لە وڵاتێکی تریش خەون ببینێ لێرە ئەو ئەزانێ و تەعبیریشی زۆر چاک لێک ئەداتەوە. بەڵام دەخیل کارێکی وا مەکە بزانێ من خەبەرم لێ داوە ئەگینا دەمکوژێ!

پادشا دەستبەجێ ناردی جۆڵایان کێش کرد وتی: جۆڵا خەوم دیوە پێم بڵێ چیم دیوە و تەعبیریشی چییە؟! جۆڵا وتی: قوربان ئەمە ئیشی عالم و مەشایەخە. من جۆڵام، جۆڵا ئەم جۆرە شتانە لە کوێ ئەزانێ؟ جۆڵا هەر چەندە داد و بێدادی کرد کەڵکی نەبوو، ئاخری پادشا ئەمری کرد ڕایانخست بە دار ئەوەندەیان لێدا هەتا لە زمان کەوت، ئەمجا هاواری کرد: پادشاهم شەوێک مۆڵەتم بدە ئەگەر عەرزم نەکردی بمکوژە. پادشا بەڕەڵڵای کرد، کە سبەینێ بێت و پێی بڵێ... جۆڵا چووە شاخی «کەرەفتوو» لە بەردەمی ئەشکەوتەکەدا دانیشت و دەستی کرد بە گریان بۆ حاڵی خۆی. وەختی عەسر ئەژدەهایەک لە ئەشکەوتەکە سەری هێنایە دەرێ وتی: ئەوە بۆ چی ئەگری؟ جۆڵا کارەساتی خۆی بۆ گێڕایەوە. ئەژدەها وتی: جۆڵا ئەگەر پێت بڵێم ئەو خەڵات و بەراتەکە وەری ئەگری نیوەی ئەدەی بە من؟ جۆڵا وتی: بە قوربانت بم هەزار جار. ئەژدەها وتی: دە هەستە بچۆ بە پادشا بڵێ «لە خەوتا لە جیاتی باران مەیموون ئەباری و حەوشەی ماڵەکەت پڕ ببوو لە مەیموون!» ئەویش ئەڵێ وابوو، ئینجا مەعناکەی ئەوەیە کە ئیمساڵ خێر و بەرەکەت زۆر ئەبێ و خەزێنەت پڕ ئەبێ لە پارە.

جۆڵا چووە لای پادشا و بەم جۆرە پێی وت، پادشا ئەمری کرد گەنج و جەواهرێکی زۆریان دا بە جۆڵا. جۆڵاش هەموو خەزێنەکەی بردەوە بۆ ماڵەوە و لە دڵی خۆیدا لێکی دایەوە: من بۆ چی لەم خەڵاتە بەشی ئەژدەها بدەم؟! خۆ، مار دوژمنە وا چاکە بچم بیکوژم! تیروکەوانێکی هەڵگرت و چووە بەردەمی ئەشکەوت. مارەکە سەری هێنایە دەرەوە، جۆڵا تیری خستە کەوان بیهاوێژێ، مار کشایە دواوە نەکوژرا. جۆڵا هاتەوە دەوڵەمەند ببوو، مەسەلی کوردییە ئەڵێ: «کاسەی پڕ ئاشتی ماڵە!» ژنەکەی ئیتر ملی بۆ ڕاکێشا.

لە دوای یەک دوو مانگێ کە پادشا دیسان خەوی دی و ناردی جۆڵایان هێنا و فەرمووی: ئیمشەویش خەوێکی سەیرم دیوە پێم بڵێ! جۆڵا وتی: قوربان بە خوا نایزانم. پادشا وتی: من ئەمانە نازانم ئەتکوژم. بە کورتی نەختێکی تریان چەرمەسەری دا دیسان مۆڵەتی خواست و چووەوە بەردەمی ئەشکەوت و زۆر گریا و پاڕایەوە. مارەکە سەری هێنایە دەرەوە پرسی: جۆڵا چ باسە؟ وتی: دەخیل ئەژدەها من کردم تۆ مەیکە، حاڵێکی وا هەیە ئەمجارەش فریام کەوە. ئەژدەها وتی: تۆ پیاوێکی خراپی، وەکوو لە خەڵاتەکە بەشم نادەی ئەتەوێ بشم کوژی! جۆڵا وتی: ناماقووڵیم کرد بمبەخشە. ئەژدەها وتی: بچۆ بڵێ پادشاهم لە خەوتا دووربینت بە دەستەوە بوو تەماشای دنیات پێ ئەکرد، تەعبیریشی ئەوەیە کە چەند وڵاتێکی تر ئەگری و ئەیخەیتە سەر وڵاتی خۆت. جۆڵا هات بەم چەشنە بۆ پادشای گێڕایەوە، ئەم جارە دوو ئەوەندەی جاری پێشوو خەڵاتی وەرگرت. دیسان لە دڵی خۆیا وتی: بۆ چی بەشی ئەژدەها بدەم؟ بە خوا نایدەم!

لە دوای یەک دوو مانگی تر، هەمدیسان پادشا ناردی بە شوێن جۆڵادا وتی: جۆڵا خەوێکی تریشم دیوە. جۆڵا دیسان مۆڵەتی خواست و چووەوە بەردەمی ئەشکەوت، هەندێکی چاک قۆڕاندی. ئەژدەها سەری دەرهێنا وتی: دەی جۆڵا ئەمجا چیت ئەوێ؟ جۆڵا ئەحواڵی خۆی بۆ گێڕایەوە. ئەژدەها وتی: بچۆ بڵێ پادشاهم لە خەوتا سواری کەر ببووی گوروێسێکت بە دەستەوە بوو. ئەویش ئەڵێ: وایە. بڵێ: حکوومەتەکەت زۆر بە هێز ئەبێ و گەلێ دەوڵەمەندتر ئەبی. جۆڵا چووە لای پادشا و کارەساتی پێ وت. ئەمجارە لە هەر دوو جارەکە زیاتر بەخششی وەرگرت. جۆڵا لێکی دایەوە وتی: من زۆر بێ وەفام، وا چاکە خەڵاتی ئەمجارەم هەموو بەرم بۆ ئەژدەها.

ئەو هەموو جەواهر و ئاڵتوونەی دا بە کۆڵیا و چووە بەردەمی ئەشکەوت. مارەکە لێی پرسی: جۆڵا چییە؟ جۆڵا وتی: بە قوربانت بم ئەمجارە هەر چیم وەرگرتووە هەموویم بۆ تۆ هێناوە. ئەژدەها وتی: جۆڵا! من مارم، مار گەنج و جەواهری بۆ چییە! جۆڵا! هەر چیت کردووە لێت ناگرم و لەم پیاوەتییەشت مەمنوون نابم، چونکە ئەوە هەمووی کارەساتی ڕۆژگارە؛ ئەوەڵ جار زەمان وا بوو کە چاکەت لەگەڵ هەر کەسێ بکردایە پاداشتی بە خراپە ئەدایتەوە، دووهەم جار زەمان وا بوو ئەگەر لە بەرامبەر چاکەدا چاکی نەبوایە خراپەش نەدەبوو، ئێستاش زەمان چاک بووە، ئەگەر چاکە لەگەڵ هەر کەسێ بکرێ کۆشش ئەکا بۆ ئەوەی دوو چەندانە تۆڵەی بداتەوە!