کابرایەکی کورد جووتێ گا و کەرێکی هەبوو،...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  983 مشاهده

کابرایەکی کورد جووتێ گا و کەرێکی هەبوو، هەموو ڕۆژێ گاکانی ئەبرد بۆ جووت، ڕۆژێک یەکێ لە گاجووتەکان چووە لای کەرەکە و وتی: لە ڕێی خوادا تەگبیرێکم بۆ بکە، خۆ من ئەوەندە جووتیان پێ کردم پسام. کەرەکە وتی: ئێوارە، کە کایان بۆ هێنای و کزنیان دایتێ مەیخۆ، ئینجا خاوەنەکەمان وا ئەزانێ نەخۆشی ئیتر جووتت پێ ناکا. لە سەر تەگبیری کەرەکە گاجووت ئێوارە نە کای خوارد و نە کزن. کابرای خاوەنی وتی: ئەگەر جووتەکەم پەکی بکەوێ ماڵوێران ئەبم، چاک وایە سبەی کەرەکە بەرم لە گەڵ گاجووتەکەی تر جووتی پێ بکەم هەتا گاگە چاک ئەبێتەوە!

ئینجا کەری دایە بەر و بردی. ئێوارە کە لە جووت هاتنەوە کەرەکە وتی: ئەمە من چیم کرد بە خۆم؟! ئەگەر چارێک نەدۆزمەوە تیاچووم! هەستا چووە لای گاجووتەکە وتی: فڵانی! لە بەر قاری تۆ دەردی خۆمم لە بیر چۆتەوە. پرسی: بۆچی؟ وتی: ئاغاکەمان ئیمڕۆ لەگەڵ گاسێنێک قسەی ئەکرد ئەیوت: گایەکەم نەخۆشە ئەگەر چاک نەبۆوە سبەینێ وەرە لێم بکڕە سەری ببڕە! گاجووتی هەژار کە ئەمەی بیست ئێوارە دەستی کرد بە کا و ئالیک خواردن. بەمجۆرە کەری قومارباز خۆی لە جووت ڕزگار کرد و سەری گای خستەوە ژێر نێڵ!