هەتیوێکی کەچەڵەی ڕووتەڵە هەبوو ناوی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  960 مشاهده

هەتیوێکی کەچەڵەی ڕووتەڵە هەبوو ناوی «سێتە» و گاوانی «کانی مانگا» بوو، هەموو ڕۆژێک نانێکی بە خێری شەیتان ئەدا بە هەژارێک. ڕۆژێک شەیتان لە سەر کانییەکەی «کانی شەیتان» هاتە لای، وتی: هەموو دنیا دوژمنی منن، تۆ بۆ چی خێرم بۆ ئەکەی؟ گاوان وتی: چونکە خەڵکی هەموو دوژمنی تۆن، منیش لە ڕقی خەڵک تۆم خۆش ئەوێ! شەیتانیش دەستی کرد بە باخەڵیا بلوێرێکی دەرهێنا و دای بە گاوان و ئیتر دوعاخوازی لێ کرد و ڕۆیشت. گاوان وتی: با نەختێ بلوێر لێدەم. لە گەڵ فیقەی بلوێر بە جارێ گاگەل کۆبوونەوە دەستیان کرد بە هەڵپەڕین! مانگای پیرێژنێک سەرچۆپی ئەکێشا، کەوت و قاچێکی شکا! ئێوارە پیرێژن، کە مانگای بە قاچی شکاو بۆ هاتەوە، دەستبەجێ بە ڕاکردن چوو بۆ لای حاکم شکاتی کرد. حاکم سێتەی بانگ کرد و وتی: کوڕە بۆچی قاچی مانگای ئەو پیرێژنەت شکاندووە؟ وتی: قوربان من بلوێرم لێ ئەدا گاگەلەکە هەموو هەڵئەپەڕین، مانگای پیرێژن لەسەر خۆشیی سەرچۆپیدا کەوت و قاچی شکا! حاکم وتی: کوڕە هەتیوە کەچەڵەی نەگبەتە چلۆن مانگا هەڵئەپەڕێ؟ وتی: قوربان بە بلوێری من هەڵئەپەڕێ! وتی: ئا بزانم چلۆن بلوێرێک لێ ئەدەی؟ سێتە بلوێری لە پشتی کردەوە، لە گەڵ دەستی کرد بە بلوێر لێدان حاکم هەڵسا دەستی کرد بە هەڵپەڕین! وتی: پیرێژن ناتکەوێ، - پیرێژن ناتکەوێ! پیرێژنیش دوو دەستە سڕی گرت بە دەستەوە و دەستی کردە سێ پێیی و وتی: قوربان بیشم کەوێ هەر نامەوێ، بیشم کەوێ هەر نامەوێ!