ڕۆژێک کابرایەکی کورد لە هەیوان دانیشتبوو...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 2 دقیقه  1072 مشاهده

ڕۆژێک کابرایەکی کورد لە هەیوان دانیشتبوو گۆشتی مریشکی سوورەوەکراو و هێلکەی کوڵاو و کولێرە بە ڕۆنی ئەخوارد. کابرایەکی سواڵکەر لەو وەختەدا هاتە حەوشە بانگی کرد: برسیمە ئەوە چی ئەخۆن لە ڕێی خوادا بەشم بدەن. کابرای خاوەن ماڵ گورج ڕانێکی مریشک و هێلکەیەک و کولێرەیەکی دایە دەست ژنەکەی وتی: بۆی بەرە. ژنەکە بۆی برد و دایە و گەڕایەوە. کە مێردەکەی تەماشای ژنەکەی کرد ئەوا فرمێسک بە چاویا دێتە خوارەوە ئەڵێ: یا ڕەببی ئەلحەمدولیللا. کابرا پرسی: کچێ بۆ چی ئەگری؟ وتی: بەخوا ئەو سواڵکەرە وەختی خۆی مێردی من بوو زۆر دەوڵەمەند بوو، ئێستا کە دیم سواڵ ئەکا بەزەییم پیا هاتەوە و هەقی بەسەرمەوەیە بۆیە ئەگریم. لێی پرسی: ئەی بۆ چی ئەلحەمدولیللا ت کرد؟ وتی: ئەمەش حەکایەتێکی لەسەرە. کابرا وتی: تۆ خوا ئەگەر پێم نەڵێی؟

ژنەکە وتی: مێردەکە، جارێک ئەم سواڵکەرە - کە مێردم بوو - وەکوو ئەمڕۆی تۆ دانیشتبوو نانی ئەخوارد، سواڵکەرێ هات هاواری کرد: برسیمە ئەوە چی ئەخۆی بەشم بدە. مێردەکەم نەیدایە، فەقیرەکەش نەڕۆیشت هەر داوای ئەکرد، ئاخری هەڵسا پەلێکی فەقیرەکەی گرت بە پاڵەپەستۆ کردییە دەرەوە و دەرگای داخست و هاتەوە دەستی کردەوە بە نان خواردن. فەقیرەکە بە ڕاکردن چووە سەر بانەکە و بازی دایە خوارەوە و دیسان هاواری کرد: چی ئەخۆی بەشم بدە زۆرم برسییە. منیش تکام لێ کرد خێری ئەگا بەشی بدا. کابرا وەکوو هیچی نەدایە دارێکی هەڵگرت، سێ داریشی لێدا و دووبارە کردییەوە دەرەوە.

ئینجا منیش ئەوەی ئەو ڕۆژەی ئەوم بیر کەوتەوە لە گەڵ ئەمەی ئێستای تۆدا کەوا تۆ ئەوەندە دڵت چاکە و بەشی ئەوت دا، شوکر لە سەر ئەوە ئەکەم کە تۆ ئەوەندە ڕژد نیت. کابرای مێردی وتی: ئەم سواڵکەرە فڵانی کوڕی فڵانە، کە ماڵی لە فڵانە جێ بوو؟ وتی: بەڵێ. وتی: دەسا ژنەکە ئەو سواڵکەرە کە تۆ گێڕاتەوە من بووم کە هاتم پاڕامەوە هیچی نەدامێ و دەری کردم و لەبەر برسێتی چوومە سەربان خۆم خستە خوارەوە و دیسان هیچی نەدامێ و سێ داریشی لێدام!