کابرایەک بوو وەستا سادقی ناو بوو حەسیری...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 6 دقیقه  968 مشاهده

کابرایەک بوو وەستا سادقی ناو بوو حەسیری دروست ئەکرد، ئەم وەستا سادقە مێ بازێکی ناقوڵا و جانەوەر بوو، لەگەڵ ئەوەشا زۆر قومارباز و فێڵباز بوو. ڕۆژێک بە کۆڵانا ئەسووڕایەوە تووشی ژنێک هات ئەوەندە جوان بوو باسی بە کەس ناکرێ، ئەگەر مێوژە ڕەشەکەی بخواردایە لە سای گردنیەوە دیار بوو. وەستا سادق کە تەماشای کرد بە جارێ ئاگری تێبەر بوو بۆی.

دوای کەوت، ئەم کۆڵان و ئەو کۆڵان و هەتا کردیە ماڵێکا، پرسیاری کرد، وتیان ئەمە ژنی فڵان کەسی بازرگانە. وەستا دەستبەجێ چووە دووکانی کابرای بازرگان سەلامی لێ کرد و دانیشت، وەکوو کەسێ کە زۆر ئاشنایەتی بووبێ دەستی کرد بە ئەحواڵ پرسینی؛ هەرچەند پێویستیشی نەبوو، دەستە سڕێک و هەندێ کووتاڵی لێ کڕی، هیچ سەودای نەکرد، هەر شتێ بازرگان بیفەرموایە گورج پارەکەی ئەدایە.

لە بەر ئەوەی حەسیری ئەکرد ئەو کەسانەی کە پوشەڵبان ئەفرۆشن و ئەوانەی حەسیریان ئەکڕی هەر شتێکیان پێویست بووایە لە چیت و کووتاڵ، ئەیهێنان بۆ لای بازرگان و شتوومەکی بۆ ئەکڕین. لە ماوەی یەک دوو حەفتەدا ئاشنایەتییەکی تەواوی لەگەڵ بازرگان پەیدا کرد.

ڕۆژێک بازرگان بە ناوی دراوسێ - دووکانیەوە چووە سەر دووکانی وەستا سادق، وەستا خێرا ناردی چا و بەفراو و میوەیان هێنا و ماریفەتێکی زیاد لە ئەندازەی لەگەڵا نواند. بۆ ڕۆژی دوایی بازرگانی بۆ قاوەڵتی بانگ کردە ماڵی خۆیان و ئەویش ئەمی بانگ کردەوە، ئیتر بوون بە دۆستێکی زۆر خۆشەویست. ڕۆژێکی تر دیسان بازرگانی بانگ کردەوە بۆ ماڵەوە و بە ژنەکەی خۆی وت مەسینە و لەگەن بێنێ دەستی بازرگان بشوا و شەرمی لێ نەکا. میرزا هەر چەندە وتی: نابێ، وەستا وتی: ئەوە چی ئەفەرمووی؟ ئێمە تازە یەک ماڵین شەرم و شکو نابێ لە بەینمانا بمێنێ. لە پاش دوو سێ ڕۆژ وەستا سادق چووە ماڵی بازرگان و ئەویش بە ژنەکەی خۆی وت کە ئاو بکا بە دەست وەستادا و نابێ شەرمی لێ بکا و پێی وت ئێمە وەکوو برا وەهاینە.

دەی، دەی وایان لێ هات وەستا سادق، میرزا لە ماڵ بووایە و نەبووایە ئەچوو سەربەست دائەنیشت، چەند ڕۆژێکی پێ چوو کە ئیتر هیچ شەرم و پەردە لە بەینا نەما، ڕۆژێک کەس لەوێ نەبوو، وەستا سادق ڕووی کردە میرزا ژن و وتی: فڵانی ڕاستی بڵێم من دڵم چووە لێت و بۆت سووتاوم و هۆشم نەماوە بۆ خاتری خوا چارێکم بکە. ژنەکە خۆی لە خۆیا ئافرەتێکی داوێن پاک و بە ئەدەب بوو، هەرچەند وتی: وەستا، تۆ برای منی و لەگەڵ مێردەکەم وەکوو برا وانە، ئەمە کاری کردن نییە و خوا قبووڵی نییە، نەچوو بەگوێی وەستادا، ناچار ژنە هەر ئەوەندەی پێ کرا وتی: باشە، شەوێ لە دیوەخانەکەمان خۆت بشارەوە منیش نیوە شەو دێمە لات.

شەو وەکوو جاران وەستا سادق دانیشت و وەختی نووستن هەڵسا ڕۆیشت، چوو لە هۆدەی سەرداڵان - کە دیوەخان چۆڵ بوو، خۆی شاردەوە. ژنەکە زانی کە لەوێدایە لە دڵی خۆیا وتی: ئەگەر ئەچمە لای ئەم سەگبابە نابێ، ئەگەر بە مێردەکەم ئەڵێم کە وەستا سادق وا خائنە و ئێستاش لە دیوەخانەکە خۆی داگرتووە هەر نابێ و ناشیرینە. هەستا بە بۆنەی دەسنوێژەوە چووە حەوشە و بە ڕاکردن هاتەوە لای مێردەکەی و وتی: پیاوەکە ئێستا لە حەوشە بووم گوێم لە دەنگی کۆکە بوو لە هۆدەی سەر داڵانەکە! میرزا خەنجەرەکەی بە ڕووتی گرت بە دەستەوە وتی: دەسا تۆیش فانۆسەکەم بۆ هەڵگرە.

ژنەکە فانۆسی هەڵگرت و چوون. میرزا بانگی کرد: کێیە ئەوە؟ وەستا سادق زانی کەوا هاتوونەتە سەری و وتی: پانزە، حەڤدە، هەژدە! میرزا دەنگی ناسی وتی: وەستا سادق ئەوە چی ئەکەی؟ وەستا وتی: بەخوا میرزا ئیمڕۆ سەیرم کرد ئەم هۆدە حەسیری نەبوو، منیش هاتم ئێستاکە وتم فرسەتە با ئاگایان لێ نەبێ ئەچم ئەیپێوم و حەسیرێکی جوانی بۆ دروست ئەکەم! میرزا وتی: بابە ئەوە چی ئەڵێیت؟ پێی ناوێ. وەستا وتی: قابیل نییە بەخوا ئەیکەم و لێیدا ڕۆیشت.

سبەینێ هاتەوە سەر ژنەکە و وتی: بۆ چی ئیمشەو مێرزا زانی من بووم؟ ژنە وتی: نازانم، توخوا وەستا سادق واز لەو فیکرە بێنە گوناحە، تۆ برای منی. وتی: خانم بەخوا چار نییە دڵم لێت چووە و ئەبێ گەمەم لەگەڵ بکەیت! وتی: کەوایە ئیمشەو بچۆرە تەویلەکە.

شەو دیسان وەستا سادق هات، وەختی نووستن هەڵسا و خۆی هاویشتە تەویلەکەوە. ژنەکە دیسان فیکری کردەوە و نەیوێرا بە مێردەکەی بڵێ کە حاڵەکەی وایە: وەختی نووستن وتی: مێردەکە بەخوا چوومە خوارەوە پیاوێک لە تەویلەکە ئەکۆکێ! دیسان میرزا خەنجەرەکەی هەڵگرت و ژنەکە فانۆسی گرت بە دەستەوە هاتنە بەر تەویلە، بانگی کرد: زەلام کێیە لەو تەویلەیە؟ وەستا سادق بە دەنگێکی هێواش وتی: وس، وس ئێوە بڕۆن بنوون هەقتان نەبێ! میرزا وتی: وەستا ئەوە چی ئەکەی لەوێ؟ وتی: میرزا ئیمڕۆ دوو سێ هەمەوەن دانیشتبوون ئەیانوت کەس ماینی چاکی نییە میرزا نەبێ، ئیمشەو با بچین ماینەکەی بدزین. ئەوا منیش هاتووم لێرە نۆبەت ئەگرم، با بێن ئەو وەختە یان ئەوان من ئەکوژن، یان من ئەوان ئەکوژم! میرزا ناچار بوو دانیشت لە تەویلەکەدا تا ڕۆژ بۆوە هیچ نەبوو. وتی: میرزا من پێم وتبوون کە کەس ناتوانێ دزی لە ماڵی میرزا بکا.

وەختی نیوەڕۆ چۆوە بۆ لای ژنە و دیسان سەری خستەوە سەری، ژنە وتی: پیاوی چاک بە واز بێنە خوا ڕەوای هەقی نییە. وەستا وتی: نابێ. ژنە وتی: کە واتە بڵێم چی؛ ئیمشەو من لەبەر قاپیی هۆدەکەی خۆمان لە گوێ ئاگردانەکە ئەنووم، مێردەکەم لە لای سەرەوە ئەنوێ، شەو وەختی نووستن وەرە لام. وەستا وتی: باشە! شەو ژنەکە خۆی چوو لە لای سەرەوە نووست و مێردەکەی لە گوێ ئاگردانەکەدا نواند! نیوەشەو وەستا هات و چووە سەر جێگەکە دەستی برد بۆ ناو لنگی میرزا و میرزا بەخەبەر هات و دەستی گرت و وتی: ئەمە چییە؟ وەستا سادق وتی: ئەلحەمدولیلا ئەلحەمدولیلا یا ڕەببی شوکر! میرزا وتی: ئەمە چییە؟ وەستا وتی: فڵانی دەنگ مەکە؛ ئیمڕۆ لە گەڵ حەمەی نادر و مارفی ئەخۆلا باسی جەنابتان کرا. ئەوان وتیان بەخوا میرزا قۆڕە، منیش وتم بەخوا قۆڕ نییە، تەنانەت سێ بە سێ تەڵاقیشم لەسەر خوارد. ئێستا کە دڵم زۆر لە غایەلەدا بوو نەوەک تاڵاقم کەوتبێ، هاتم پێم نا بە جەرگی خۆما و ئەوا تاقیم کردەوە، باش بوو شوکر تۆ قۆڕ نیت و منیش تەڵاقەکەم نەکەوتووە! ئەم قسەیەی کرد و ڕۆیشت.

سبەینێ چۆوە لای ژنە و وتی: فڵانی هەر چی بوو هەتا ئێستا ڕابوارد. ئیتر لە ئیعتباری ئێستاکەوە تۆ خۆشکی من و منیش لەسەر دەستی تۆدا تۆبە بێ چونکە ئەزانم تۆ ئافرەتێکی داوێن پاک و شیر پاکیت.