حەمە بەگی ڕەسووڵ بەگی موغاغ گێڕایەوە...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 3 دقیقه  1757 مشاهده

حەمە بەگی ڕەسووڵ بەگی «موغاغ» گێڕایەوە وتی: کابرایەکی شێنکێ «قوچاغل»ی ناو بوو، کە پێیان ئەوت قوچە، پیاوی «مەخول» هەمەوەن بوو. هەرچەند بهاتایە بۆ سولەیمانی لە ماڵی ئێمە میوان ئەبوو، ئێمەش منداڵ بووین بە شەو ئەچووین بۆ لای باسی جەردەیی بۆ ئەگێڕاینەوە. شەوێک وتی:

جارێک لەگەڵ ساڵحی ئەحمەد نازێ و دوو سواری کە چووین بۆ بەری کۆیە. کاروانێکمان ڕووت کردەوە، سێ ئێسترمان بە بارە برنجەوە هێنا، ئەو شەوە هەتا ڕۆژ بەبێ وچان هاتین، گەیشتینە ناوچەی «شێخ بزەینی». زۆرمان برسی بوو، ئاواییێکی دە دوانزە ماڵیمان لێ دەرکەوت. یەکێ لە هاوڕێکانمان وتی: با بچین لەم ماڵانە نانێک بخۆین... ساڵح وتی: وا دیارە ئەم ماڵانە فەقیرن ئەچینە دێیەکی تر. کابرا وتی: بابە! خۆ ئێمە تاڵانیان ناکەین یەکێ دوو نان ئەخۆین و ئەڕۆین بە کوزی دایکیانەوە! بەم قسەیە نەختێ پێکەنین.

چووین تا نزیک ئاوایی، لەوێ زەلامێک ئەسووڕایەوە، لێمان پرسی: برا پیاو ماقووڵی ئەم دێیە کێیە؟ وتی: من و کاکەم. لێمان پرسی: تۆ چی ئەکەی لێرە؟ وتی: تەپاڵە ئەچنمەوە! وتمان ئەی کاکەت لە ماڵە بچین ببین بە میوانی؟ وتی: نەوەڵا شوانی گوێرەکەیە وا لەو کەژە! ئیتر لووس و باریک بە سکی برسی بە جێمان هێشت...

دێیەکی تری نزیک هەبوو هاتینە ئەوێ، زەلامێک لە قەراخ ئاوایی وەستابوو، لێمان پرسی: ئەم دێیە هی کێیە؟ وتی: هی منە. وتمان: ئەی تۆ چی ئەکەیت لێرە؟ وتی: فڵانی، مسکێنەکان سەگی زۆریان هەیە چاوەڕێم یەکێک بێت ڕەوانەم بکات! کە وامان زانی ناچار ئەوێشمان بەجێهێشت!

دێیەکی تر دیار بوو کە سەیرمان کرد وا شایی و ڕەشبەڵەکە و بووە بە هەرا. وتمان دیارە لێرە شڵپەیە، چووین خۆمان کرد بە ماڵێکی گەورەدا، بە ڕاستی زۆر بەتفاق بوون. ژنێکی تەڕپیری کەمەرە لە پشت، پۆیلەدار، مێخەکبەن لە مل، سێ چوار دانی لە پێشەوە کەوتبوو، لە شاییەکەدا تەماشامان کرد لە جیاتی دەهۆڵ و زوڕنا دوو کوڕی هەرزەکاری دەنگخۆش گۆرانییان ئەوت، خەڵکەکەیش ژن و پیاو هەڵئەپەڕین، بەڵام گۆرانییەکەیان هەر ئەوە بوو ئەیانوت:

لە بۆی مێخەک و بۆی سمڵ
ئەبزوێنێ مردوو لە گڵ
کەمەرە و لوولە و پۆیلەکەی
ملوێنکی زێڕە وا لە مل!

لەسەریەک لەسەریەک ئەیانوتەوە. ساڵح لە ژنەکەی پرسی: ئەوە چییە! ئەم کوڕانە هەر ئەمە ئەزانن وا شتی تر ناڵێن؟ ژنە تەڕپیرە وتی: بە قوربانت بم چووزانم؟ ئەوە ئەو هەتیوە حیزانە ئەم گۆرانییە هەر بە ملوانکەکەی منا هەڵئەدەن و مەبەستیان من و مێخەک و سمڵەکەی منە.