لالە سەرحەدی ڕوغزایی ئاشنایەکی سەڕاجی...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 8 دقیقه  1941 مشاهده

لالە «سەرحەد»ی ڕوغزایی ئاشنایەکی سەڕاجی هەبوو زۆری خۆش ئەویست، هەمیشە لە قسەکردنیشا بەربەرەکانی یەکیان ئەکرد. شەوێک میوانی لالە سەرحەد بوو، بەیانی هێشتا لە خەوا بوو، لالە سەرحەد هەڵی کوتایە سەر جێگاکەی، نوکە شەقێکی تێوە ژەند و بانگی کرد: ئا کوڕە ڕاستەوەوە، گۆرانە هێزە نیوەڕۆیە. کابرا بە دەم خەوە وتی: گەماڵە پیرە بە میوانیش ئەگەفی؟! لالەیش وتی: ئابرا تۆ دەنگ! ئیمشەو خەوێکم دیگە کەسێ وانە و فاڵەکەیم بۆ بگێڕێتەوە، با وەتۆی بێژم. سەڕاجیش وتی: تۆ بێژی ئەگەر پچڕپچڕیش بێ بە دەرزی و درەوشە پێکەوە گیروبەندی ئەکەم. ئینجا دەستی کردە خەو گێڕانەوە و وتی:

«سەی سەقا» و «باڵانتەران» گوێیان پێوە وێ، گوێی دوژمن کەڕ وێ و چاوی گشت وردەشاتری و گەڵایی کوێر وێ! لە خەوما گوێلکە مێچکەیەکمان گوم ببوو شوێنم هەڵکردبوو، گەیمە ئەو دەشتی «نێرگسەجاڕە»، ڕوانیم پیاگێکی ڕیش چەرموگی نوورانی لە سەر بەردەکەی «مەحموود گاوانی» لێ هەڵاژیاگە، گاڵۆکێکی وە تەنیشت خۆیا ڕاکێشاگە و بوزگێکی لاوخاسی لە بەردەما وێساگە، چست و چالاک، مەگەر هەر خۆم لە تافی کوڕێنیما وا وریا بوێتم! پرسیم: برا تۆ کێی و ئەو پیرە کێس؟ وتی: لالە ئەوە بینایی چاوانە و منیش «حەمەد ڕەسوولوڵا» لە دڵی خۆما وتم پیاو، وە خوا خاس بوو، ئێستا وە کەرامەت سۆراخی گوێلکەکەم بۆ ئەکا.

چوومە بەرەوە سڵاوێکم کرد، هیچ نەجمیا، بەڵام وە لالووتێکەوە بۆڵەیەکی لێوە هات وەکوو جواوی سڵاوەکەی دابمەوە واوو. تەمام بوو تووڕە ببم و بێژم کاورا سڵاو سڵاوی خوایە تۆ بۆچ خاس جواوم نایەیتەوە، وە گاڵۆکەکەت ئەنازی؟! حەمەد ڕەسوولوڵا خێرا تێگەیشت هاتە بەرەوە و وتی: قوروان ئەوە لالە سەرحەدە، لالە سەرحەد! ئینجا جمیا و چوار مەشقی لێ دانیشت و وتی: لالە وە خێر هاتی، مەڕوانە قسوور، شەو نەخەوتووم، نیازمان بوو بێینە میوانی تۆ، جارێ ئەم دەشتەم لا خۆش وو، وا تۆزێ لێرە حەساینەوە. منیش وتم: قوروان وە خێر بێی فەڕ و بەرەکەتت هاورد.

لەو وەختەدا لام کردەوە پێکوڕەیەک لە چەمەوە ئەهات، بانگم کرد، ئا کاورا بێ لاوەلا - کاورا هەڵەداوان ڕای کرد هات. وتم بتبینم چۆن ڕائەکەی؟ بچۆرە ماڵ ئێمە بێژە وە «خازە» میوانمان تێت، شەکە گێژەکە سەروڕن. گۆشتی شەکی گێژ فرە خۆشە.

پێگوڕە ڕۆی و منیش ڕوانیمە بەروبەرپشتێنی بینایی چاوان کیسە و سەویلم نەدی، سەویلەکەی خۆمم دەراورد فرە خۆشەویستە لە لام، لەو ساڵەوە خازەم هاورد و چووبوومە تانجەرۆ سڵ بکەم، ئەو سەویلەم دۆزیبۆوە، کیسە تووتنیش هەر ئەو کیسە بوو کە لە کراسی منداڵی «قەیتوولی» و خۆیشکەکەی مابووەوە هەرچەند ئەوانیش پیا هەڵئەمیزان، بەڵام خازە گجارێ ئەیشۆرد، تووتنەکەشی گوڕگەل لە کاروانی بەغدایان دا و هەندێ تووتنیان بۆ هاوردم، تووتنەکە فرە خۆش و مەگەر تووتنی بەراوی «قاینەجە» هاوشانی بکردایە.

سەویلێ خاسم تێکرد دامە دەس حەمەد ڕەسوولوڵا بۆم بگرێ، تا ئاگری بۆ ئەکەمەوە. هەسێ و بەردەکەم دەراورد، گازێ پووشوی ناو دارم داگیرساند سەویلم لە دەست سەندەوە و پووشوم خستە سەر، قومێکم لێدا تا خاس داگیرسیا، دامە دەم بینایی چاوان، مژێکی لێدا فەرمووی: لالە ئەم تووتنەت لە کوێ بوو، فرە خۆشە بێژە جاخێکم بۆ دابگرن لەتەک خۆما ئەیوەم. وتم وە چاوان.

لەو دەمەدا تەماشامان کرد وا لە دوورەوە بڕە سوارێک دەرکەوتن. کە هاتن من ناسیمن، بینایی چاوان پرسی: لالە ئەمانە کێن؟ وتم: یا بینایی چاوان کوڕگەلی تەرخانین هاتگن بۆ پێشواز. وتی: با بچن وەولاوە فرە بێفەڕن! بە شوێن ئەوانا دەستەیەکی تر هاتن. پرسی: ئەمانە کێن؟ وتم: ئەمانە وردە شاترین. دیسان وتی: ئەمانەش بێفەڕن. کاروانێکی تر هاتن پرسی: ئەمانە کێن، وتم: گەڵاڵێن. وتی: ئەمانە هەر فرە بێفەڕن با چارەیان نەوینم!

ئەوا بینایی چاوان خۆی لەو سەرەوە دانیشتگە. حەمە ڕەسوولوڵا لەو لایەوە منیش لەملایەوە. هەروا قسەمان ئەکرد کەچی تاقمە سوارێکی فەقیانەشۆڕی سەروپێچ داری گشت جوان خاس جوان خاس تۆز ئەکەن و هاتن، بۆرکەوە سوارێک لە پێشیانەوە تەراتێن ئەکا، بای غەزەو وە تۆزی قولیا ناگات! بینایی چاوان فەرمووی: لالە ئەمانە کێن؟ وتم: ئەمانە کوڕگەلی ڕوغزاین، ئەو سوارەش لە پێشیانەوە «قەیتوول»ی خزمەتکارە.

تومەز ئەمانە هەموو کە کاورای پێکوڕە خەوەری بردبوو، گشت هاتوون وە پێشواز. بینایی چاوان فەرمووی: ماشەڵا، ماشەڵا لە خێڵی ڕوغزایی، لە قەیتوولی سورکەوە سوار! ئا پێ بێژە چکی نۆما سورکەوە با خێوی، منیش وتم: قیتە! ئا بتوینم خۆم ئاسایی وەجاخی باوکت ڕوون کەرەوە قەیتوول ئاوزەنگی پیا هاورد، خێر و بێر وێ، نۆما هات وە خۆیا، سەری سوارێ بوو، کلکی سوارێک، قەیتوولیش لە ناوەڕاستیا وەک حەمە ڕەسوولوڵا سواری بوڕاق بووبێ واوو!

لەو سەردەمەدا سەیری قەیتوولم ئەکرد حەمە ڕەسوولوڵا سەری نابووە بناگوێی بینایی چاوان، تێگەیشتم کە گەرەکیە وە بینایی چاوان بێژێ داوای نۆماکەی لە قەیتوول بۆ بکا. وتم: کاکە قسەی خۆت مەدۆڕێنە، قەیتوول نەگریس و تووڕە و کەلەشەقە، لێت تووڕە ئەوێ، میوان نەوی خوایش وێ نایدا. بینایی چاوان فەرمووی: محەمەد ئەم نومایە هەر بۆ قەیتوول خاسە و هەر لەو دێت، من ئێژم وە ڕەییسی عەنزە چارەوێیکی عەروەی فرە خاس بۆ تۆ بنێرێ.

سا ئێمە لەم حەیسەوبەیسەدا بووین تێفکریم وەک قەتارەی قوڵەنگ سەر یەک نیشتوێ هەر پێکوڕەیەک سینییەک، یا سەلەیەک وەسەر سەرەوە نان هات، بەڵام چ نانێک، پڵاو گشت وەک مەلای سەرچەرمگ تەشوی ترشی حەسەن وەگی لە تەکا وە قاورمەی شەکە گێژا دەورادەور دەریاگە، پیاگ ئەشیا بێژێ نان بۆ خوا درووس کریاگە!

نان دانرا، «خولە»ی ئەلی کەوکوژ وە خۆی و زوڕنایەوە پەیدا بوو، بێ ئەوەی کەس پێ بێژێ پێکی زوڕنای لێ خۆش کرد و فیقاندی وە زوڕنادا، ئەوانەی نانیان هاورد و کەوتنە ژەندن، کاورای دەهۆڵژەنی قلیاسانی وە فڕکانێ دەهۆڵی گەیاند، لە تەقەی دەهۆڵ و زووڕنا لە گشت لایەکەوە کەنیشک و شۆڕەژنی جاف گلێر بوونەوە، بووە ڕەشبەڵەکێک بۆ حەمە پاشایش ئەو زەماوەنە نەکریاوە، جا براکەم بزانە چەند خۆش بوو وە دەنگی دەهۆڵ و زوڕناوە ئەو نانە نۆشی گیان کریا.

حەمە ڕەسوولوڵا فەرمووی «شنینە». نەمزانی چی ئێژێ، بینایی چاوان فەرمووی: دۆی گەرەکە. مەشکە دۆ هات کاسەیان بۆ پڕ کرد، کەوچکی نەگەرەکوو، هەروا کاسەی ناوە سەرەوە ئۆخەیچی کرد، منیش وتم نۆشی گیانت وێ. هەروا لە دەنگی دەهۆڵ زوڕنا مکایڵی و سەدانی گلێر بوونەوە بینایی چاوان پرسی: لالە ئەمانە کێن؟ عەرزم کرد: قوروان میکایەڵین لە تەک ئێمەدا ناکۆکن. فەرمووی: ڕایانکێشن بۆ جەحەنەم. لە دەنگی زیڕەی ئەوان خەوەرم بۆوە...!

کاتێ لالە سەرحەد ئەم خەوەی گێڕایەوە، سەڕاج وتی: لالە تۆ ئێژی ئەم گشت تەحامەیان هاورد خۆ من لە ماڵی تۆ چەشکەی برنجم نەکردگە؟ خازە هەر ئێژێ برنج نەکوتریاگە، چۆن بەو دەمودەستە کوتریا و لێ نریا؟ منیش ئیمشەو خوا وە خێری بنووسێ خەوێکم دیگە لالە سەرحەد وتی: ئابرا بێژە بزانم تۆ چیت دیگە؟ سەڕاج وتی:

لە خەوما من زینێکم بۆ چاوێیە فڵقەکەی تۆ دووری وو، پارەت نەدابوومێ هاتم بە گژتا، تۆیش دەستت لێ دابوومە شیر و سوباشی، حەمە ساڵح بەگی قائیمقامی هەڵەبجە گرتینی و بردینیە دیوان. پرسی: ئەرێ گەماڵە پیرەی بێ کەڵبە گەفیگە ئەم پیاوە زینی بۆ دریوی پارەت بۆچ نەداوەتێ؟ تۆ، وتت: میرم ها لە ماڵما بەخێوی ئەکەم پارەی چی بدەمێ؟ ئەمری کرد هەر دووکمانیان ڕاکێشا، منیان خستە چاڵی پیسایی ئەدەبخانەوە، تۆیان هاویشتە چاڵی هەنگوینەوە لەشمانی تێوە چوو.

لالە سەرحەد هەڵیدایە: وتی: ئا ئاوە گۆڕت وێ، خاس تیا گەوزای! سەڕاج وتی: ئەرێ وەڵا تیا قورس ببووم. لالە سەرحەد بە کەیفی بوو. کەوتە تیتاڵی، وتی: خۆڕایی نییە بانگێشتنم بۆ بینایی چاوان کردگە! سەڕاج وتی: ئەوساکەش تۆ پێکەنیت، میر قینی هەڵسا ئەمری کرد: مەواشیر بدەلیان و بێژە ئەشێ یەکتر بلێسنەوە! من دەستم کرد وە لێسانەوەی تۆ، فرە خۆش وو، تۆیش دەستت کرد وە لێسانەوەی من، قێزت هاتەوە و وە سەریا ڕشایتەوە ئەوەیشیان بە زۆر هەر پێ لستیتەوە!

لالە سەرحەد دەستی کرد بە جنێودان و بە دەمیشیەوە هێڵنجی ئەدا و وتی: دەوێت باوکە، ئەوە خەونە تۆ دیگتە؟ سەڕاجیش وتی: ئەی گەماڵە پیرەی بێ کەڵبە! ئەی خەوەکەی تۆ خەوە دیگتە، قلیانت بۆ خوا لە کیسە تووتنی میزاوی تێکرد و بۆ چارەوە یە فڵقێک کە بە دزێتی چنگتان کەوتووە قسەی خوا و دڵی پێغەمبەرت شکاند؟!