پاشا کۆرەی ڕەواندز لە جەنگدا بوو، فەرمان...

از کتاب:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
اثر:
علاالدین سجادی (1907-1984)
 1 دقیقه  1628 مشاهده

پاشا کۆرەی ڕەواندز لە جەنگدا بوو، فەرمانی دابوو کەس چرا نەسووتێنێ، شەوێک خۆی گۆڕیبوو بۆ تاقیکردنەوە بە ناو شار ئەسووڕایەوە، سەیری کرد وا لە دوورەوە لە بن بەردێکا سووسەی ڕووناکییەک دێت، کە چوو تەماشای کرد ئەوا مۆمێک ئەسووتێ و ژن و پیاوێک لە بەریەوە دانیشتوون گەمە و گاڵتە ئەکەن! پیاوەکەی بانگ کرد، پێی وت: ئایا ئەمناسی؟ وتی: بەڵێ. وتی: ئەی گوێت لەو فەرمانە نەبووە کە وتوومە یاساغە بە شەو چرا داگیرساندن؟ وتی: بەڵێ گوێم لێ بووە، بەڵام ئەمە چوار ساڵە لەگەڵ ئەم کچەدا دڵمان پێکەوەیە، تا ئێستا بۆمان ڕێنەکەوتووە پێکەوە دابنیشین، ئیمشەو بۆمان ڕێکەوتووە وا پێکەوە دانیشتووین.

ئێستاش پاشا سوورە، کە هەستا نە گوێ بە پاشا کۆرە ئەدا نە بە پاشا ساغە! پاشا کۆرە کە ئەمەی بیست دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەڵێ: بڕۆ هەموو شەو هەر لە خۆشیدا بن...