پاشاکۆرەی ڕەواندز لە جەنگدا بوو، فەرمان...
لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
1 خولەک
2286 بینین
پاشاکۆرەی ڕەواندز لە جەنگدا بوو، فەرمانی دابوو کەس چرا نەسووتێنێ، شەوێک خۆی گۆڕیبوو بۆ تاقیکردنەوە بە ناو شار ئەسووڕایەوە، سەیری کرد وا لە دوورەوە لە بن بەردێکا سووسەی ڕووناکییەک دێت، کە چوو تەماشای کرد ئەوا مۆمێک ئەسووتێ و ژن و پیاوێک لە بەریەوە دانیشتوون گەمە و گاڵتە ئەکەن! پیاوەکەی بانگ کرد، پێی وت: ئایا ئەمناسی؟ وتی: بەڵێ. وتی: ئەی گوێت لەو فەرمانە نەبووە کە وتوومە یاساغە بە شەو چرا داگیرساندن؟ وتی: بەڵێ گوێم لێ بووە، بەڵام ئەمە چوار ساڵە لەگەڵ ئەم کچەدا دڵمان پێکەوەیە، تا ئێستا بۆمان ڕێ نەکەوتووە پێکەوە دابنیشین، ئیمشەو بۆمان ڕێ کەوتووە وا پێکەوە دانیشتووین.
ئێستاش پاشا سوورە، کە هەستا نە گوێ بە پاشاکۆرە ئەدا نە بە پاشا ساغە! پاشاکۆرە کە ئەمەی بیست دەست ئەکا بە پێکەنین و ئەڵێ: بڕۆ هەموو شەو هەر لە خۆشیدا بن...