٦٠

سکاڵایەک لەگەڵ بنووسەکەیدا
از کتاب:
وەرگێڕانی مەم و زین
اثر:
هژار (1921-1991)
 4 دقیقه  909 مشاهده
ئەی سواری لە ڕاستی پیادە
دڵداری پەڕی دەلووس و سادە
خۆبێژی هەژار و سەردبەرخۆ
جادووگەر و گەپدەر و بەداهۆ
هۆزانی بەگفتی سەرزمانی
شێواوی لە شیوی ڕێنەزانی
تاشیوسەری ڕووڕەشی زمانشڕ
واڵادڵ و دەمپڕی جڕووڕ
وەک تۆ چەنەوەر بێ هەر بنووسێ
زاری شل و کول دەبێ و دەخووسێ
بەس نامە بە ناوی بسک و خاڵان
ڕووڕەش بکە بەردە وان خەیاڵان
نووسینی فرەی مناڵ چ دێنێ
خۆی دەیدڕێ وازی لێ دەهێنێ
جوانن خەتی ورد و ناسک و کەم
نەک بگرێ بەری هەیڤ مژ و تەم
خەت کاتێ کە زبر و زۆر و بۆرە
شۆراوە خەتی جوانی شۆرە
خەت جوانە تەنک لە لێوی لاوان
نەک بەرگنی پەستەک و کولاوان
دڵخۆشکەرە گەندەموو لەڕووی یار
نەک ڕیشی وەکوو گوریس و هەوسار
ئی وا هەیە دڵ دەخاتە گەشکە
هەن دەیکەنە کوێنەکۆن و ڕەشکە
دەمتیژ و پەل و زماندرێژی
یەکجار چەنەباز و چەڵتەبێژی
چێشتێ کە هەمیشە بێتە ڕێزێ
خۆشیش بێ مرۆڤی لێ دەبێزێ
گەوهەر چییە بێنرخ کە نابن
زۆر نابن و زۆر کەم و نەیابن
تۆ، کێ کری نووکی تۆ ببینێ
تووکی هەیە بۆت نە ئافەرینێ
بەدڕەوت و بەکەوت و چەوتولاری
بەدکاری نەیاری نالەباری
شێت و سەرەڕۆ و هەڵە و گلۆکی
شەرمت نییە بێفەدی و چنۆکی
هێندەی سەری تۆم پەڕاند و تاشی
هەر تووشی گوناهـ دەبم لە پاشی
با بەس بێ گزە و جنێوفرۆشی
ڕەنگێ بدە با هەڵان بپۆشی
دەس بەردە لە کاری هیچ و پووچت
بەس بار کە لە من گوناهـ و سووچت
لەم چەپگەڕییەت ببە پەشیمان
بەشکوو بڕەوێ بەختڕەشیمان
***
لەپڕێکی بنووسی وا زەبەردەست
بۆ کێشە لەگەڵ مە کەمبەری بەست
کێشای لە زمانی شیری دوودەم
ڕۆستەم بووە سواری ڕەخشی پەنجەم
گەی قامکی تۆسنم ملی دا
شل بوو لە سلی و تلی تلیدا
وەک هەژدەرێ هاتە سەر وەرامم
خانی! بەسە دڵ لە تۆ بەزامم
خۆت گێل و نەزان و گوێنەبیسی
تۆ هەرچی وتت ئەوم نوویسی
بیری تۆ کە ڕند و بەهرەدارە
گفتی تۆ کە چەوت و نالەبارە
نەمخستە سەری شتێک لەمەڕ خۆم
من بەستەزمان لە بەردەسی تۆم
قامیشێ کڵۆڵ، لە قامیشاوا
دەژیام شل و مل لە شینک و ئاوا
گوێداری مەلی چەلەنگ و خۆشدەنگ
دڵداری گەلێ چڵی شل و شەنگ
لەو جێگە بە زۆر دەرتپەڕاندم
بەرگ و شمەکت لەبەر دڕاندم
لەوساوە بڕام لە ژین و مانم
ئاوارە کرام لە نیشتمانم
تیخی تۆ سەر و بنی بڕیم
تاڵاو و ڕەشاو کرا بژیوم
پێچاتە سەرم هەوای ئەوینێ
سووتام وەکوو مەم بە دەردی زینێ
چارەم ڕەشە دڵ بە ژان و تاسەم
برش و ڕەشی دووکەڵی هەناسەم
گەو، بەند و قەفم بە تینی ئاخان
کونکون بوو هەموو لە دەرد و داخان
حەو کون لە لەشم کرا سەر و ژێر
دەرچووم لە بنووس و بوومە بلوێر
تۆ هاتی دەمێ بە دەم دەماندت
چی بەندی دڵم هەبوو پساندت
گیرا بەمە کۆڕی بەزم و ئاهەنگ
ڕێکخستن و فوو لە تۆ لە من دەنگ
گا دەمکەیە سازی پادشاهان
گا ڕەشکەری ڕووپەری گوناهان
چیتم یەکی دیلی بەردەسی تۆم
لاڵ و کپ و دەنگ بڵاوکەری تۆم
نووسەر نەبێ کەی دەمم گەڕاوە
نەیژەن نەبێ دمبەگم دڕاوە
بلوێر و بنووس نە سەربەخۆنە
هەر کارێ لە چارەنووسی کۆنە
سووچی چییە تیر برینی بێشێ
دەستێک هەیە ژێ و کەوان دەکێشێ
ئەی خوایە ئەتۆ دەزانی خانی
تیرێکە لە تۆ کشا کەوانی
گەر دڵڕەشە یان زمانی لووسە
چیرۆکی وەکوو نەی و بنووسە
دەست و دڵی نەک بە دەستی خۆیە
هی تۆیە کە ڕاستە یان درۆیە
کاتێکی کە داتدەنا زمانی
لێت فێر نەبوایە چی دەزانی
تۆی بەم هەڵەکارییەت سپاردم
سووچم چییە خۆزگە نەتدەناردم
سەرپشکییەکەم هەیە بە لای خۆ
گیرە سەرەتای ئەویش لەلای تۆ
هێندەی چ بنووس بووە و چ بلوێر
گیراوە لە پەنجەتا سەرە و ژێر
بێسەر دەگەڕا سەر و زمانی
ڕێی سوود و زیانی خۆی نەزانی
بلوێر بوو چلۆنی لێت بدایە
ئاوازی دەداوە لەم هەوایە
هەرچەندە پەڕی سپیم سیایە
هەویای بەتەنێم ئەتۆی خودایە
ڕووپەڕ گەلێ ڕووڕەشن لە چەنگم
ژێرباری گرانی شەرم و نەنگم
بەدخووم و لەڕاستە خۆم چکووسم
سی ساڵە گوناهی خۆم دەنووسم
گەر هاتنە سەر زەوی مە ڕێک بوو
مێژوو لە هەزار و شەست و یێک بوو
ئێستا بە تەمەن چل و چوارم
پێشەنگی بەرەی گوناهکارم
مەست بووم و نەزانی پیلی بەستم
بۆ چاکە؛ هەژاری بابەدەستم
وەک دات لە ئەوین بەرێ توانام
لە بڕانەوەشا بگەی بە هانام