بەو دوو خاڵی عەنبەرین و نەقشی لێوی شەککەرین
از کتاب:
دیوانی ئەدەب
اثر:
عبدالله بیگ مصباح دیوان (1859-1916)
1 دقیقه
1163 مشاهده
بەو دوو خاڵی عەنبەرین و نەقشی لێوی شەککەرین
نازەنین! بۆ چاوی مەستی تۆ؛ نە عەقڵم ما، نە دین
عەقرەبی زوڵفی نگونسارت دڵی پێکا، نە نێش
نێشە جارێ ئێش و نێشی، غەیری زوڵفی پڕ لە چین
هێندە مەفتوونم بەدیدارت، بەدیدارت قەسەم
نەشئەیی سەد ساڵە وا نابێ لە بۆ: «مائی مو عین»
چەندە خۆشە کونجی خەڵوەت، مەی لە لا، دڵبەر لەکن
خاسە بت، پڕ بادە ساقی، سادە بێ وەک مەهـ جەبین
خۆزگە بەدوێنێ شەوێ، کە خۆم و خۆی بووین دوو بەدوو
گەهـ لە باخی خونچە کردن بوو؛ دەمێ نەسرین چنین
دەست لە مل، ساعید لە ساعید، لەب لەسەر لەب، ڕوو بەڕوو
کەف لەناو کەف، دەم لەسەر گوڵ، بەی گوشین و پێکەنین
تا دەکەم مەدحی: دەمی؛ دێن و مەلائیک پێم دەڵێن:
ئافەرین بۆ شیعری ڕەنگینت «ئەدەب»، سەد ئافەرین