ئەمڕۆ، کە بەبادەی مەیەوە هاتی لەسەردا

از کتاب:
دیوانی ئەدەب
اثر:
عبدالله بیگ مصباح دیوان (1859-1916)
 1 دقیقه  1447 مشاهده
ئەمڕۆ، کە بەبادەی مەیەوە هاتی لەسەردا
هێناتەوە بەر؛ جانی سەفەر کەردە لەبەردا
لەو خستنە سەر ڕوو، بەجەفا، دەستەیی گێسوو
وەعدەی وەتەنێکت بەغەریبانی سەفەردا
بەم تەرزە، کە جانپەروەرە نوتقی شەکەرینت
ئەنفاسی مەسیحێکە لە ناو دورجی گوهەردا
ئەو تەلعەتی حۆرانی و لوتفی مەلەک ئاسات
حاشا کە کەسێک دیویە لە تەرکیبی بەشەردا
یەک حەلقە و سەد سیحرە، بەری پەرچەمت ئیمڕۆ
دیسانەوە ئاخۆ چ خەیاڵاتی لەسەردا
زوڵف و سەری کوڵمەت بنوێنە بەمونەججیم
حوکمی چییە عەقرەب، لە موحاذاتی قەمەردا
قەدری چییە خورشید، لەکن پرتەوی حوسنت
جلوەی چ دەکا: قەترە، لە دەریای خەزەردا!
لەو صورەتی زیباتە، کە ڕۆحێکە موجەسسەم
وەک سورەتی دیوارە، ئەوی ڕۆحی لەبەردا
لەو ڕۆژەوە جانا! کە نەزەرت لێمە کلاکرد
چوونی سەر و ماڵم بەخودا هەر لە نەزەردا
سینەم سوپەری ناوەکی دڵدۆزی موژەت بوو
نەمزانی کە ناوێستێ خەدەنگت لە سوپەردا
ئەو ماچی شەوی دی، بەمنت دا بەدوو سەد ناز
وا ئێستە بەکامی ئەدەبتخلصی تەعمی شەکەردا