٣٦

دەرچوونی میری بۆتان بۆ ڕاو و نەچیر
از کتاب:
وەرگێڕانی مەم و زین
اثر:
هژار (1921-1991)
 3 دقیقه  807 مشاهده
نێچیرگری دەنگ و باسوخواسان
وا ڕیزی وتاری خۆی دەدا سان
ڕۆژی هەڕەتی بەهار کە خۆشی
دار و دەر و بەرد و هەردی پۆشی
بە گیا و گوڵ و چڵووکی بە کڵووک
ڕازاوە جیهانەپیرە وەک بووک
هەریەک لە نواڵ و کێو و دەشتێ
بووبوونە بڕەوبەری بەهەشتێ
هەر باخچەیە وەک بەهەشتی گەورە
سەرچاوەیی ئاوی ژین لە دەورە
هەر کێوە لەجووری کێوی توورێ
مووسا دەبوو پاپەتی، ببوورێ
هەر چۆمە لەچەشنی هەژدیهایەک
هەر دارێ بە زاری خۆی خودایەک
هەر سوورەگوڵێ گڕێکی بێ تین
هەر چیمەنی شین و شادی بێ شین
چی بولبولە کردبوویە گاڵە
هەرچی مەلە ببووە هاوپیاڵە
گاکێوی و ئاسک و مامز و گۆڕ
کەو، قاز و قورینگ و کۆتر و پۆڕ
گەلگەل دەچڕین لە کێو و شاخان
پۆلپۆل دەفڕینە مێرگ و باخان
ئەو کاتەیە باوی گەشت و ڕاوە
هەرکەس کوڵی دڵ دەنێتە لاوە
فەرمانی سەرۆکی کوردەواری
وابوو کە بەیانی خەڵکی شاری
گش خورت و جوان و پیر و لاوێ
با بێن لەگەڵم بچینە ڕاوێ
زوڕنا و کەڕەنا و دەهۆڵ و دمبەگ
بێنن هەموو، بێن بە چەک چ بێ چەک
نێرینە بمێننەوە لە ماڵان
ماڵ و سەرییان دەدەن بەتاڵان
ئامادە بە چەک ئەوانی بوویان
هەر کون دە بەیان نەبوو هەموویان
کۆبوونەوە گشت لەدەوری شارا
ڕووت و بە شمەک، هەژار و دارا
پێخواس و بەکەوش و میر و ئاشێڕ
سەربەرز و نەوی و بەپێ و شەل و گێڕ
هێندێک چەکەچەک بڕێک بەپڕتاو
بەو بەزم و هەرایە گەینە جێ ڕاو
دابەش بوو شکار لە ماهـ و زەنوێر
جێ لەق بوو ورچ، ڕەوین گۆڕ و شێر
هەوهەو گوڕەگوڕ بەچەشنی هەوران
پێی تۆقی دڵی پڵنگ و بەوران
بەگزادە و پاڵەوان و سەردار
هی گورزگران و سووکەڵەسوار
دەگرن سەری کێو و دەشت و قەدپاڵ
دەکوتن دەجنن بە گورز و گۆپاڵ
دەگرن دەدڕن وەزیر و میران:
ئاسک بە کەمەند و شێر بە شیران
تاژی و توڵە پێش بە پێشی پێڕەو
ڕاوێچکە دەکەن کە هەڵفڕن کەو
دەگرن بەرەگە بە باز و تەرلان
کەروێشکی وەدەر دەنێن لەسەر لان
ژێ دەکشن و تیر بە گەل دەهاوێن
باڵندە دەکەونە دەشت و داوێن
کێ دێ بەزەیی بە بێزمانان
دەمرن، دەمی بەزمە بۆ مەمانان
ئەسپی ڕەسەنی حدوودی گوێبەل
گرتیە خەنە کلک و یاڵ و چوار پەل
با کێشەوە کەن لە گۆشت هەژاران
ساغان بە خوڕا بەرن سواران
ئێوارە کە هات و ڕاوبەتاڵ بوو
دڵخۆش هەموو لایە ڕوو بە ماڵ