ئێمەش ئەولادی ئادەمین

از کتاب:
دیوانی ئەسیری
اثر:
اسیری (1895-1962)
 2 دقیقه  645 مشاهده
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
ئەم غەم و دەرد و حەسرەتە تا کەی؟
داغی ناو جەرگی لەت لەتە تا کەی؟
ئەم وەڕس بوون و میحنەتە تا کەی؟
نێڵەیی خەڵک و باری میننەتە(١) تا کەی؟
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
ئەوەی هۆشی هەبێ لەماتەم و حوزنە
نییە بۆ کوردی بێ نەوا جەژنە
بۆچی نایێتەدی قەرارەکەی لوجنە؟
گەورەو و بچکە بۆ ئەوە توشنە
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
پیاومان عالیم و مەرد و بێ پەروا
تاکە نیشتمانمان لە ئاب و هەوا!
میوەیی باغی بۆ جیهان ئەڕوا
فائیدەی چی؟ بەقوڕگی خەڵک ئەڕوا!
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
تێبگە ڕۆڵە چۆن بوو پێشوونان
حوکمی میدیا و عەدلی نەوشیروان
قووەتی ئەردەلان و، بەخششی بابان
ئێستە بۆ ملکەچین و سەرگەردان؟!
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
کەسێ هەیە وا لە گەل بەجێ مابێ
وەکو ئێمە لە پاش و دووا مابێ؟!
بێ وەزیر و ئەمیر و، بێ شابێ
هەیە ئایەت کە کورد بەهیچ نابێ؟
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆچی بەرین؟!
***
موددەعیی خادمی بڵندی بەشەر
کردیان گشت بەخاکی ئێمە گوزەر
تێگەیین حاڵی کورد و، باس و خەبەر
ڕەحمێ ناکەن لە میللەتی بێ سەر
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟!
***
سەیری کوردێ بکەی لەسەر تا پای
هەر لە تەپڵە، هەتا وەکو کاڵای
کردەیی خۆیە سنعەتی باوای
ئەی ئەسیریتخلص حەقە بکەی داوای
ئێمەش ئەولادی ئادەمین بەشەرین
لە مودیر و ئیدارە بۆ چی بەرین؟